لە گوندی #گەرەوان#ی سەروو سەر بە شاری #ڕواندز#، لە سنووری پارێزگای هەولێر، ساڵانە سەدان تەن #ترێ# بەرهەم دەهێنرێت و هەناردەی بازاڕەکانی کوردستان دەکرێت، جوتیار و دانیشتووانی ئه و گوندەش، نیگەرانن لە خراپیی ڕێگای ڕەز و باخەکانیان و داوای چاککردنیان دەکەن.
بەپێی بەداواداچوون (باس)، ترێ و زۆریی جۆرەکانی، سەرچاوەی داهاتی ژمارەیەکی زۆری جووتیاران و دانیشتووانی گوندی گەرەوانی سەر بە شارۆچکەی ڕواندزە، ئەوەش وای کردووە بایەخێکی زۆر بە ڕەز و باخەکانیان بدەن و ساڵانە بەرهەمێکی زۆری ترێ بخەنە بازاڕەکانەوە، بەلام خراپیی ڕیگەوبانەکانیش کیشەیەکی گەورەیە.
لەتیف یاسین، خاوەن ژمارەیەک لە ڕەزی ترێ لە گوندی گەرەوانی سەروو، دەڵێت: ”گوندەکەمان زیاتر لە 100 ماڵ دەبێت، بەڵام ژمارەیەک لە دانیشتوانەکەی گوندەکەیان جێ هێشتووە و نیشتەجێی سەنتەری قەزای ڕواندز و شار و شارۆچکەکانی دیکەن، سەرەڕای ئەوەش زۆربەی خەڵکی گوندەکەمان خاوەن باخچە و ڕەزی ترێ و بەربوومی کشتوکاڵین، من خۆم پێنج ڕەزی ترێم هەیە“.
گوتیشی: ”ساڵانە نزیکەی 700 سەد تەن ترێ هاوردەی بازاڕەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستان دەکرێت و ژیان و بژێویی زۆربەی دانیشتوانەکەی لەسەر ئەم کارەیە، دیارە بەهۆی جۆری ترێیەکە کە هاوشێوەی لە کوردستاندا کەمە، خواستی زۆری لەسەرە.
ئه و جووتیارە گوتیشی: ”جگە لەوەی خاوەن ژمارەیەک ڕەز و باخی ترێم، وەک شۆفێرێکیش کاری گواستنەوەی بەربوومەکە دەکەم بۆ بازاڕەکان و فرۆشتنی، بەڵام لە خراپیی ڕێگاکە نیگەرانین، بەتایبەتی شوێنێک کە لە سەد مەترێک تێپەڕ ناکات، بە هۆی بەرزی و خراپیی ئاستەنگ لەبەردەم ئۆتۆمبێلەکانمان دروست دەکات و هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک ناتوانێت هاتوچۆی پێدا بکات، ئەمەش زۆرجار دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە بە پشتی وڵاغ یان ڕێگایەکی دیکە بەربوومەکە بگوازینەوە سەر شەقام“.
ئەسعەد لەتیف، جووتیاریکی دیکەی گوندەکە دەڵێ: ”زۆربەی جاران کڕیاران لە شار و شاۆچکەکان ڕوو لە گوندەکەمان دەکەن، هی وا هەیە پێشەکی بەربوومەکە دەکڕێت و دواتر کرێکاری لێ دەگرێت و دەیگوازێتەوە بۆ بازەڕەکان بۆ ساغکردنەوەی، بەڵام هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک ناتوانێت بگاتە لامان“.
ناسیح خالید، شارەزای ئابووری، بە (باس)ی گوت: ”کوردستان لە ڕووی زووی کشتوکاڵی و ڕەز و باخەوە دەوڵەمەندە و ئەگەر پلانێکی توکمە هەبێت و گرنگیی پێ بدرێت، لەبری هێنانی بەربوومی کشتوکاڵیی وڵاتانی دراوسێ، دەتوانین بەرهەمی ناوەخۆمان هەم بەشی ئێمە بکات، هەم هەناردەش بکرێت.
ئاماژەشی بەوە دا، ئەگەر باس لە دەڤەری ڕواندز و سۆران بەگشتی بکەین، بەهۆی بوونی چەندین سەرچاوەی ئاودێری و زەوی و زاری کشتوکاڵی، سەرەڕای کەمیی خزمەتگوزارییەکان، ساڵانە بەربوومێکی بەرچاوی لێ بەرهەم دەهێنرێت و هەناردەی بازاڕەکان دەکرێت، بەتایبەتیش بەرهەمی ترێ، کە تایبەتمەندییەکەی ئەوەیە ڕەزی ترێ لە چیا و دیمەکارەکانە و پێویست بە ئاودێری ناکات، کە هەزاران تەن لە گوند و دێهاتەکانی دەڤەرەکە بەرهەم دەهێنرێت.
لەلایەن خۆیەوە، کوێستان ئەحمەد، قائیمقامی ڕواندز، بە (باس)ی ڕاگەیاند: ”بەپێی ئه و توانا و ئیمکانیاتەی لەبەردەستماندا هەیە، درێغیمان نەکردووە لە بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتە خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییانی سنوورەکەمان، بەتایبەتیش ئێستا کە قەیرانی ئابوورییە و ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان کەمێک ئاستەمە، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی ناتوانین بەڵێنی 100% بە هاووڵاتییان بدەین، تا ئه و کاتانەی بەکردار پڕۆژەیەکانیان بۆ جێبەجێ دەکەین، بەڵام هاووڵاتییانی گوندی گەرەوانی سەروو لەوە ئاگادار دەکەینەوە، کە هەوڵی چاککردنی ڕێگاکەیان دەدەین“.[1]
19-08-2017