بەپێی گرێبەستێکی #وەزارەتی کارەبا# لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ ناوچە تازە ئازادکراوەکان، #حکومەتی هەرێمی کوردستان# بەڕێژەی 50% دەبێتە هاوبەش لەقازانجی ئه و کارەبایەی دەدرێتە پارێزگای #موسڵ# و ناوچە تازە ئازادکراوەکانی عێراق.
#محەمەد ئەمین هەورامی#، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی ناوەڕۆکی گرێبەستەکەی وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ هەناردەکردنی کارەبا بۆ ناوچە تازە ئازادکراوەکان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند بەپێی گرێبەستێکی وەزارەتی کارەبا لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ ناوچە تازە ئازادکراوەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 50% دەبێتە هاوبەش لە قازانجی ئه و کارەبایەی دەدرێتە پارێزگای موسڵ و ناوچە تازە ئازادکراوەکانی عێراق.
وتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبا، ئاشکراشیکرد، بەپێی گرێبەستەکە حکومەت بڕێک پارە له و بڕە کارەبایەی دەفرۆشرێتە حکومەتی عێراقی، لە وەبەرهێنەرەکان وەردەگرێت، بەهۆکاری بەکارهێنانی هێڵ و وێستگە ناوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی کارەبا لە هەرێم بۆ دەرەوە.
وتیشی بەپێی گرێبەستەکەمان حکومەتی ناوەندی سوتەمەنی بۆ کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان دابیندەکات و هیچ شتێک ناکەوێتە ئەستۆی وەزارەتی کارەبا.
روونیشیکردەوە، بە پێی گرێبەستی پێشووتری حکومەت و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی کارەبا، دەبوایە وەزارەت قەرەبوو بە کۆمپانیاکان بدات، لە حاڵەتێکدا ئەگەر حکومەت توانای دابینکردنی سوتەمەنی یان وەرگرتنی کارەبای لە وێستگەکان نەبێت، بۆیە وەزارەتی کارەبا لە پێدانی ئه و قەرەبووە ڕزگاری بووە دوای ئەوەی سوتەمەنی لە لایەن حکومەتی عێراقی دابینکرا.
بە پێی وتەی ئه و بەرپرسەی وەزارەتی کارەبا، لە حاڵەتێکدا ئەگەر حکومەتی هەرێم، توانای دابینکردنی سوتەمەنی هەبێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای زیاتر بۆ هەرێم، ئەوا ئه و گرێبەستەی کە واژۆکراوە بۆ هەناردەکردنی کارەبا، بۆ پارێزگای موسڵ و ناوچە تازه ئازادکراوەکان هەڵدەوەشێتەوە.
بەپێی گرێبەستێک که لە مانگی ڕابردوودا لە نێوان وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و حکومەتی عێراقی واژۆکرا، هەرسێ وێستگەی کارەبای (خورمەڵە، ماس و بازیان) لە هەرێمی کوردستان، دوای دابینکردنی سوتەمەنی لەلایەن حکومەتی عێراقی بۆ هەردوو کۆمپانیای کار و قەیوان ڕۆژانە بڕی 500 مێگاوات کارەبا بۆ پارێزگای موسڵ و ناوچە تازە ئازاکراوەکان دابیندەکەن.[1]
ماڵپەڕی دواڕۆژ: 21-07-2017