جێگری پارێزگاری #هەولێر# ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی نزیکەی هەشت مانگی ئەمساڵدا 450 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەولێر و دەڵێت لە ئێستاوە لەهوتێلەکان شوێن نەماوە، ئەویش بەهۆی هاتنی گەشتیارێکی زۆر لە شارەکانی خوارووی عێراق.
ئەمڕۆ دووشەممە 22 ئاب، یەکە ئیداریەکانی سنوری پارێزگای هەولێر بە مەبەستی خۆئامادەکردن بۆ ڕۆژانی جەژن کۆبوونەوە و دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تاهیر عەبدوڵا، جێکری پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە جەژنی ڕەمەزانی ڕابردوو 105 هەزار گەشتیار هاتبوونە شوێن گەشتیاریەکانی هەولێر و بەپێی هاتنی گەشتیاران لە ئێستادا پێدەچێت، ئەم جەژنە زیاتر ڕێژەکە بەرز بێتەوە و لە ئێستاوە لە هۆتێلەکان جێگە نەماوە.
جێگری پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، لە 1ی کانونی دووەم تا 21ی ئابی 2017، 400 و پەنجا هەزار گەشتیار ڕوویان لە هەولێر کردووە و پێشبینی دەکەن ڕێژەکە لە ڕۆژانی جەژن بەرز تربێتەوە.
هاوکات #نەبەز عەبدولحەمید#، قایمقامی هەولێر ڕایگەیاند، بۆ ڕۆژانی جەژن دەبێت سەرجەم چێشتخانە و هۆتێلەکان بکرێنەوە و نانەواو سەموونخانەکان لە ڕۆژانی جەژن کاردەکەن، چونکە گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە هەولێر دەکەن.
وتیشی لەگەڵ گەشتوگوزاری هەولێر ڕێککەوتوون سەرجەم شوێنە گەشتیارییەکان پاکدەکرێنەوە چونکە ڕۆژانی جەژن تایبەتمەندی خۆی هەیە.
قایمقامی هەولێر ئاشکراشیکرد، هەر هۆتێل و چێشخانە و نانەوایەک کە شوێنەکەی بازرگانییە لە ڕۆژانی جەژن دایبخات تووشی سزای یاسایی دەبێتەوە.[1]
ماڵپەری دواڕۆژ: 22-08-2017