دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی شەش هەزار کەس تووشی نەخۆشی دەروونی بوون و بەرپرسێکی #وەزارەتی تەندروستی#ش ڕایدەگەیەنێت، کارمەندی ڕاهێنانی دەروونی بۆ چارەسەری نەخۆشیەکە وەک پێویست نیە و دەشڵێت، ژمارەی تووشبوان ڕووی لە زیادبوون کردووە.
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2016دا ئەو کەسانەی نەخۆشی دەروونیان هەبووە بریتیبووە لە پێنج هەزار و 750 کەس.
د. خاڵس قادر، وتەبێژ و بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی تەندروستی ئەمڕۆ سێشەممە 22ی ئابی2017 بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لە هەرێمی کوردستان لە سێ پارێزگا نەخۆشخانەی چارەسەری دەروونی هەیە، لەو نەخۆشخانانە ڕۆژانە چارەسەریان بۆ دەکرێت و لە ڕووی دەرمان و پێداویستیەکانی پزیشکی بە شێوەیەکی باش پێشکەش بەو نەخۆشانە دەکرێت.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی ڕاشیگەیاند، نەخۆشی دەروونی چەند جۆرێکی هەیە لەوانە (دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و شیزۆفینیا) و چەند جۆرێکی تر کە ئەمانە پێویستیان بە دەرمان نیە، بەڵکو زیاتر پێویستیان بە ڕاهێنانی دەروونی هەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان دکتۆری ڕاهێنانی دەروونی زۆر کەمە و لە ئاستی تووشبوانی نەخۆشیەکە نیە.
لەبارەی دواین ژمارەی ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی دەروونی بوون د. خالس قادر، ئاماژەی بەوەشکرد، نەخۆشی دەروونی بوونی هەیە، ئەمساڵ تائێستا ئامارێکی ڕون نیە، بەڵام بەپێی قسەی پزیشکانی تایبەتمەندی نەخۆشیەکە ڕێژەکە بە شێوەیەکی گشتی بەرەو زیادبوون چووە.
لای خۆیەوە، زیا بوترس سلێوا، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، وەزارەتی تەندروستی نەیتوانیوە نەخۆشخانەی گونجاو و شایستە بۆ تووشبوانی نەخۆشی دەروونی دروستبکات، چونکە ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشیەکە بوون بەردەوام پێویستیان بە چارەسەر و چاودێری پزیشکی و دەروونی هەیە تاوەکو چارەسەربکرێن و بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگا.
سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ وتیشی، ئەو نەخۆشخانانەی کە دروستیش کراون هیچ مەرجێکی تەندروستی تێدانیە و بیناکەیان زۆر کۆنە و ڕووبەرەکەی بچووکە و شوێنەکانیان پیسە و بۆ چارەسەرکردن گونجاونیە، هەروەها لە ڕووی کات بەسەربردنیشەوە شوێنێک نیە پشووی تێدابدەن ئەمەش وا دەکات زیاتر باری دەروونیان تێکبجێت.[1]
22-08-2017