وەڵامێکی دڵسۆزانە بۆ پرسیاری: کۆمەڵ له چی نیگەرانە؟
دوێنێ جەنابی #مەسعوود بارزانی# له کۆبوونەوەیێکیدا لەگەڵ سەندیکاکان سەرسوڕمانی خۆی له نیگەرانیی #کۆمەڵی ئیسلامی# پێشاندا!
بە باشم زانی چەند خاڵێکی کورت و پوخت له بارەی هۆکارەکانی نیگەرانیی کۆمەڵی ئیسلامییەوە، لەم بارودۆخەی هەرێم، بنووسم:
یەکەم:
سەرەتا ڕایدەگەیێنین کە ئێمە هیچ کێشەیێکمان لەگەڵ کەس و لایەنێکی دیاری کراودا نیه و گرفت و کێشەی ئێمە لەگەڵ شێوازی خراپی بەڕێوەبردنی ئەم هەرێمەیە لە درێژەی چارەگە سەدەی ڕابردوودا.
دووەم:
هۆکارە سەرەکییەکانی نیگەرانیی ئێمەش لەم بارودۆخە ئەمانەن:
1- بەدامەزراوەنەکردنی کاروبارەکان و دەستوەردانی حیزب و کەس لە کۆی ئیدارەی وڵات و شکاندنی شکۆی پەرلەمان و پەکخستنی و...هتد.
2- بێهێز و پێزکردنی دەستەڵاتی دادوەریی و پێشێل کردنی یاسا، له ئەنجامی دەست تێخستنی حیزب و کەسەوە، بەمەبەستی دابین کردنی بەرژەوەندییە ناشەرعییەکانیان، وەک: کپ کردن و خەفەکردنی دەنگی ئازاو ئازادو، بڵاو کردنەوەی ترس و تۆقاندن و...هتد.
3- به پێوەر نەگرتنی مرۆڤ بوون و هاوڵاتیی بوون بۆ مامەڵە لەگەڵ خەڵکدا و فەرق و جیایی پێکردنیان، به هۆی ئینتیمای حیزبی و سیاسی و فیکری و عەشیرەت و دەڤەر و....هتدەوە.
4- تەشەنە کردنی ستەم و قۆرخکاری و گەندەڵی و سەرەنجام سەرهەڵدانی چینێکی کەمینەی مشەخۆری ملیاردێر و ساماندار، لەسەر حیسابی خەڵک و جەماوەرێکی زۆرینەی نەدارو چەوساوە و هەناسە سارد.
سێیەم:
ئێمە له کۆمەڵی ئیسلامییدا له بەرەکەتی پابەندیمان به شەریعەتەوە، هەرگیز ڕێمان بە خۆمان نەداوە کە به هاندەری کینه و بوغز بەرانبەر بەم و بەو، یان چاولێکەریی ئەملاولا، هەڵوێست وەربگرین و بەپێویستی دەزانین جگە له بەزەیی و پەرۆش و دڵسۆزیی بۆ هەموو لایێک هیچ پاڵنەرێکی دیکەمان نەبێ چوونکە: الدین: النصیحە ڕواە مسلم، واتە: دینداری دڵسۆزی و پەرۆشە بۆ هەموولایێک.
لەکۆتاییدا دەڵێم:
ئەوەی هۆکاری نیگەرانی و بێزاریی ئێمه و خەڵکێکی زۆری ئەم هەرێمەیە ئەوەیە کە بە کورتی ئاماژەم پێداو، هەموو لایێکیش دڵنیا دەکەینەوە کە ئەگەر بڕیاربەدەستانی ئەم هەرێمە چاوێکی جیددی به خۆیاندا بگێڕنەوه و کێشه و قەیرانە دروست کراوەکان چارەسەر بکەن، باهیچ کەس گوێ بە دووری و نیزیکی و نیگەرانی و ڕازییبوونی ئێمە نەدات.
بەڵام ئەگەر خوا نەکردە بارودۆخ وەک هەیە بەردەوام بێ، زۆر مەترسی ئەوەم هەیە یەکجاری لێمان تێک بچێ، چوونکە ستەم و بێدادییێکی زۆر هەیه و به هۆی ستەمیشەوە، وڵات سەرەنجامی تاریک دەبێ، خوا فەرموویەتی: (....ۆما کُنَّا مُهْلِکِی الْقُری إِلاَّ ۆأَهْلُها ظالِمُونَ) القصص 59 واتە: ئاوەدانییەکانمان نەفەوتاندووە، مەگەر خەڵکەکەیان ستەمکار بووبن.[1]
#عەلی باپیر#
#22-08-2017#