گوندی خوێڵێن لە شارۆچکەی #چەمچەماڵ#ی شاری #سلێمانی#، نزیکەی 40 کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەکەوە و ئاوێکی سوێری تێدایە و بە وتەیدانیشتوانی گوندەکە نزیکەی 200 ساڵە خوێی-ی لێ بەرهەرم دەهێندرێت.
دەربارەی چۆنێتی بەرهەهێنانی خوێ-یەکه، ڕەحیم حاجی ڕەشید، کە بەڕەحیم #خوێڵێن#ی ناسراوە بە ڕۆژنیوزی وت:سەرچاوەی خوێیەکە کانیاوێکە، کە ئاوەکەی سوێرە و نزیکە چوار مەتر و 50 سم قوڵە و 600 بۆ 700 مەتر لەسەرووی گوندەکەوە دووره.
ڕەحیم، وتیشی: ئاوی کانیاوەکە بەسۆندە ڕاکێشراوە بۆ بۆ ناو گوندەکە و دەکرێتە ناو گۆلەکان (حەوز)ەوە، لە وەرزی هاوینەوە تا مانگی 10 بۆ 11 کاری تێدا دەکەین، کە ئاوەکە دەبێت بە هەڵم خوێ لەناو گۆلەکاندا بەجێ دەمێنێت.
سەبارە بە بڕی خوێکە و کاتی دروستبوونی، ناوبراو، وتی:بەگوێرەی گەورە و بچوکی گۆلەکان و پلەی گەرمی خوێکە بەرهەم دێت، چونکە گۆل هەیە بەهەفتەیەک دەبێتە خوێ، هەیشە بە 15ڕۆژ دەبێتە خوێ، هەروەهاش بەپێی گەوره و بچوکی گۆلەکان بڕی بەرهەمەکە دەگۆڕدرێت گۆلی واهەیە 15 تۆن بەرهەمی دەبێت، هەیشە یەک تۆن بەرهەمی دەبێت.
لەبارەی دورستکردنی گۆلەکانیشەوە، ڕەحیم حاجی ڕەشید، وتی: لەڕابردوودا خەڵک خۆی دروستیکردووە، بەڵام دوای دامەزراندنی حکومەتی عێراق لەساڵی 1921دا، ئیتر ئێرە بووەتە موڵکی حکومەت و فەرمانگەی تایبەتی بەم کارە لێرەداناوە، تەنانەت بەشێک لەم گۆلانە پێیی دەوترێت گۆلی میری و له و کاتەدا حکومەت دروستیکردووە، ئێستاش بووە بە موڵکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ساڵانە به زیادکردنی ئاشکرا دەدرێت بەکرێ.
وتیشی: ئێمە گروپێکین پێکهاتووین لە حەوت کەس بەبڕی 28 ملیۆن دینار گرتومانە بەکرێ، لێرە نزیکەی 80 بۆ 82 گۆل هەیە و ساڵانەش هەزار بۆ هەزار و 500 تۆن خوێ بەرهەم دێنین.
هەرچەندە، گوندەکە خاوەنی سامانێکی زۆری خوێیە، بەڵام وەک ئەو گوندنشینە باسیکرد، گوندەکەیان لە خزمەتگوزاریی بێبەشکراوە و وتی: لە گوندەکەمان خوێندنگا، بنکەی تەندروستی و ئاوی خواردنەوەشمان نییە، جونکە ئاوی گوندەکەمان بۆ خواردنەوە شیاو نییە، ئەمە سەرەڕای خراپی ڕێگاوبانە.
سەبارەت بە ساغکردنەوەی خوێیەکەش، ڕەحیم حاجی ڕەشید، وتی: له سنوری سلێمانی و #قەرەداغ# و تەنانەت خەڵکی لە #کەلار# و گەرمیانیشەوە دێت بۆ کڕینی، چونکە لەڕووی کوالێتییەوە خوێکە لەهەموو خوێکانی دیکە باشترە و تۆنی بە 250 هەزار دینار دەفرۆشین.
هەروەها، مەدحەد حسێن، کە یەکێکە لە کەسانەی پشکی هەیە لەخوێیەکەدا هۆکاری کۆنکرێت نەکردنی گۆلەکان-ی بۆ ڕۆژنیوز ڕوونکردەوە و وتی: ئەگەر کۆنکرێت بن باشترە، بەڵام ئه و جۆرە چیمەنتۆیەی لێرە هەیە بۆ دروستکردنی گۆلەکان نابێت، لەبەرئەوەبەرگەی سوێری خوێکەکە ناگرێت و دەڕزێت.[1]