هەموو چاوەکان لەسەر کۆنترۆڵکردنەوەی قەزای #تەلعەفەر# بوون، بۆ دەرکەوتنی چارەنووسی ئەو سەتان کوردە #ئێزدی#یە ڕفێنراوانەی کە پێشتر دەگوترا لە تەلعەفەرن، بەڵام ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی تەلعەفەر کۆتایی هات و تا ئێستا تەنیا چارەنووسی حەوت کوردی ئێزدی دیار بووە. چالاکڤانێکی ئێزدی دەڵێت دەترسین ئێزدییەکانیان گواستبێتەوە تورکیا، بەڵام بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوان دەڵێت زۆربەیان بە قاچاخ براون بۆ دێرەزوور.
شەش کەس لە ماڵی قاسم خدر هەتا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە، ئەو لەژێر چادرێکی کەمپی شاریا دانیشتبوو، چاودێری هەواڵەکانی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی تەلعەفەری دەکرد. ئەو گوتی هەشت ئەندامی خێزانەکەم کەوتنە دەستی #داعش#، تەنیا دووانیان ڕزگاریان بووە.
قاسمی تەمەن 50 ساڵ، خەڵکی گوندی حەردانە گوتی ئومێدێکی زۆرمان بە کۆنترۆڵکردنەوەی تەلعەفەر هەبوو، کە چارەنووسی منداڵەکانم بزانم، چونکە زانیاریمان هەبوو هەتا سێ مانگ لەمەوبەریش لە تەلعەفەر بوون، بەڵام ئەوە خەریکە تەلعەفەر تەواو دەبێ، هێشتا چارەنووسیان دیار نییە. نازانین ئەوان بۆ کوێ براون.
زۆربەی ئەو کوردە ئێزدیانەی لە سێی ئابی 2014 لەلایەن داعشەوە لە #شنگال# و دەوروبەری ڕفێندران، سەرەتا بردرانە تەلەعەفەر، بەشێکی زۆۆریان لەوێ هێشترانەوە، ئەوانی دیکەش بەسەر چەکدارانی داعش لە #مووسڵ# و ڕەققە و دێرەزوور و ناوچەکانی دیکە دابەشکران.
لە هەفتەی ڕابردووەوە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی قەزاکە دەستی پێکردووە، ڕۆژی 27ی ئەم مانگە سەنتەری قەزاکە کۆنترۆڵکرایەوە، ناحیەی عیازیە لە باکووری قەزاکە تاکە شوێنە بە دەست چەکدارانی داعشەوە مابێ، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا حەوت کوردی ئێزدی ڕزگارکراون.
پاشا مەحمود چالاکڤانی کوردی ئیزدی و بەرپرسی گروپێکی بەدوداچوونە بۆ منداڵە بێسەروشوێنەکانی کوردی ئێزدی بە (رووداو)ی گوت هەتا پێش مانگێگ زانیاریمان هەبوو کە ژمارەیەکی زۆری کوردی ئێزدی لەنێو تەلعەفەردا ماون، بەڵام ئێستا هیوامان زۆر کەمبووە، دەترسین لە ڕێگای عەرەبەکانی ڕەبیعەوە، بە قاچاخ برابن بۆ سووریا. پاشا مەحموود گومانێکی دیکەی بۆ دروستبووە و دەڵێت گومانمان هەیە گواسترابنەوە تورکیا.
ئەمین خەڵات لە نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی کوردی ئێزدی بە (رووداو)ی گوت پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کونتڕۆڵکرنەوەی تەلعەفەر زانیاریمان هەبوو نزیکەی 500 کوردی ئێزدی لەوێن، کە زۆربەیان ژن و منداڵبوون، پێشبینیمان هەبوو زۆربەیان ڕزگار دەکرێن، بەڵام هەتا ئێستا تەنیا حەوت کەس ڕزگاربوون.
کەسر ئەلمیحراب و قزلقوی دوو شوێنی ناسراوی تلەعفەبون کە زۆرترین کڕین و فرۆشتنی کوردی ئێزدی تێدا کراوە، ئەو دوو شوێنە و زۆر شوێنی دیکەش ڕزگار کراون. ئەمین خەڵات دەڵێت هەر چاوەڕێ بووین لە کەسر ئەلمیحراب و قزلقوی چارەنووسیان دەربکەوێت، بەڵام یەک ئێزدیش لەو دوو شوێنە نەدۆزراوەتەوە گوتیشی چەند ناوچەیەکی شاخاوی سەخت لەوێ هەن، لەو باوەڕەداین بە هاوکاری عەرەبی ڕەبیعە بە قاچاخ گواسترابنەوە بۆ دێرەزوور. ئێستا هەموو ئومێدێکمان لەسەر ڕزگارکردنی ناحیەی عیازیە هەڵچنیوە، بەڵکو هەندێکیان لەوێ ڕزگاربکرێن.[1]
28-08-2017