رۆژی هەینی ڕێکەوتی 25ی مانگی ئاگۆستی 2017 لە بناری هەڵگورد بە هۆی دەمەقاڵێی نێوان چوار برای خەڵکی “#گوندەژۆر#”ی دەڤەری #باڵەکایەتی# و پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان ئێران، دوو برای خەڵکی گوندەژۆر گیانیان لەدەستدا و دووی دیکەشیان بریندار بوون. دواتر خەڵکی دەڤەرەکە هەڵیانکوتایە سەر سەنگەر و شوێنی نیشتەجێبوونی هێزی پێشمەرگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و هێزەکانی پێشمەرگەش بۆ ئەوەی بەر بە تێکهەڵچوون لەگەڵ خەڵک بگرن، بەخێرایی شوێنەکانی خۆیان چوڵ کرد و لە ئەنجامدا بنکە و سەنگەرەکانی پێشمەرگەی هەموو لایەنەکان سوتێنرا.
ئێمە لەو بارەوە سەرنجی هەمووان بۆ ئەو خاڵانەی خوارەوە ڕادەکێشین:
1. بە هیچ شێوەیەک ئەو پێشمەرگانە نەدەبوو تەقەیان کردبا تا وەها کارەساتێک نەخوڵقابا. ئێمە کردەوەی ئەو کەسانەی وا بە هەر پاساوێک تەقەیان لە خەڵک کردووە بە کارێکی خراپ و نەشیاو دەزانین و مەحکومی دەکەین، ئەو ڕەفتارە لەگەڵ پڕەنسیپی پێشمەرگەی کۆمەڵە بە تەواوی نامۆیە.
2. ڕادەستکردنی تاوانباران بۆ هێزە یاساییەکانی هەرێمی کوردستان کارێکی پێویست بوو و ئاماژەیە بۆ ئەوە کە ئەو حیزبە لەو ڕووداوە نەخوازراوە و لە کردەوەی کەسەکانی لەوێ ناڕازی بووە. پێمانوایە پێوێستە لێکوڵینەوەی تەواو لەو ڕووداوە بکرێ.
3. حیزبەکان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەموو کاتێک پشتیوانی خەباتی ڕەوای خەڵکی باشورن و لە هەر کوێ تێکەڵاوی خەڵکی باشور بوون، پێوەندییان لەگەڵ خەڵک باش بووە و لەو پێناوەدا قوربانیان داوە و هاوخەباتی ڕاستەقینە بوون. بە تایبەتی کۆمەڵە لەو بوارەدا گەلێک کرداری بۆ بەرگری لە خەڵکی باشور و جۆشدانی خەباتی ئەو دوو بەشەی کوردستان لە مێژوودا بۆخۆی تۆمار کردوە.
4. ئەو ڕووداوە نەخوازراوە نابێ ببێتە بیانوو بۆ بەرتەسک کردنەوەی کار و هەڵسوڕانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات. کارێک کە بە داخەوە بەشێک لە مێدیا و دەستگەلێک هەوڵیان بۆ داو، نەک هەر نەیانویست ئاو بەو ئاورەدا بکەن، بەڵکوو بوونە هەڵخڕێنەری ئیحساسات و کەم بایەخکردنی خەباتی ڕۆژهەڵات. ئێمە ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە مەحکوم دەکەین و لامانوایە کەلێن دەخاتە نێوان ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان. بە تایبەتی ئێستا کە پرسی ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی باشوری کوردستان لە ئارادایە ئەو هەڵوێستانە تەنیا دوژمنانی پێ شاد دەبێت.
5. ئێمە لە هەڵچوون و توڕەیی خەڵکی دەڤەرەی باڵەکایەتی بە هۆی کوژرانی نابەحەقی ئەو دوو برا تێدەگەین و، خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین و سەرەخۆشی گەرم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاریان دەکەین و دڵنیایان دەکەینەوە کە ڕەنجی ئەوان لە شۆڕشی باشوردا بەرز دەنرخێنین و بە هەموو شێوەیەک بۆ ساڕیژبوونەوەی ئەو برینە هەوڵ دەدەین.
6. لە هەمانکاتدا هێرشکردنە سەر سەنگەر و بنکەی پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات و سوتاندنیان بە ناڕەوا و بە کارێک دەزانین کە دڵی دوژمنانی گەل خۆش دەکات. لە هەموو لایەنێکی بەرپرس داواکارین کە لەسەر ئەو ناحەقیە وەدەنگ بێن و ئەم هەلە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی تۆوی هاوخەباتی نێوان باشور و ڕۆژهەڵات بڵاوبکەنەوە و فەرهەنگی مەدەنییانەی سەردەم و نەتەوەیی بۆ چارەسەری کێشە خولقاوەکان پەرەپێبدەن نەک ڕق بچێنن.
#کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان# لەو هەلومەرجە هەستیارەی وا کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێ، بە پێویستی دەزانێ کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هاوئاهەنگییەکی زۆرتر لە نیوان خۆیان پێکبێنن و، ئەوە بە ئەرکێکی فەوری دەبینێ. هەروەها داوا لە هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین کە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە هاوکار و ڕێگاخۆشکەر بن.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
26-08-2017