بەهۆی کارکردن لە پرۆژەی دوو سایدکردنی ڕێگای نێوان دەربەندی #ڕانیە# و شارۆچکەی #ژاراوە# لە سنووری ئیدارەی ڕاپەرین، ناوچەی شوێنەواری داتاشراوی دەربەندی #ڕەمکان#، مەترسی لەناوچوونی لەسەرە و ئەگەر داتاشراوەکە نەگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە.
داتاشراوی دەربەندی ڕەمکان بریتییە لە تابڵۆیەکی داتاشراو لە زنجیرە شاخی دەربەندی ڕانیە، کە بەخەتی بزماری هەڵکەندراوە هەزاران ساڵ لەمەوبەر.
سەبارەت بەم شوێنەوارە هەڵکۆڵدراوە ئاوات سەید ئەحمەد، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە مێژوو، کە توێژینەوەیەکی لەسەر ئەم داتاشراوە ئەنجامداوە، بە (باسنیوز) ڕاگەیاند داتاشراوی دەربەندی ڕەمکان بەشێوەیەکی هونەری و ئەندازەیی بەرز و جوان نەخشێندراوە، کە بریتییە لە کەتیبەیەک لە بەرزی چل پێ، بە خەتی بزماری هەڵکەندراوە، درێژیەکەی مەترێک و 80 سم، پانییەکەشی 80 سم و قوڵی داتاشراوەکەش 12 سم، ئەم داتاشراوە بەهۆکاری سروشتی و جوگرافی بەشێکی لەناوچووە، بەڵام ئەگەر بە وردی لێی بڕوانی بۆت دەردەکەوێت کە وێنەی مرۆڤی لەسەر هەڵکەندراوە و ئێستا قاچەکانی ئەم مرۆڤە بە ڕوونی دیارن.
ئەم شوێنەوارە لە دەزگای شوێنەواری عێراقی لە ساڵی 1960 تۆمار کراوە و چۆتە ڕیزی شوێنەوارەکانی عێراق، وەک ئەو مێژووناسە، ئەوەشی خستە ڕوو زۆر گەریدەی بە نێو بانگی جیهانی لێکۆلینەوەیان لەسەر ئەم ناوچە شوێنەوارییە کردووە و هاوشێوەی ئەو داتاشراوەش لە ناوچە شاخاوییەکانی دیکەی کوردستان، وەک دەربەندی گاور، هۆرێن شێخان و سەرپولی زەهاو، داتاشراوی دیەکەش هەن کە مێژوەکەیان دەگەرێتەوە بۆ 2300 ساڵ پێش زاین.
ئاوات سەید ئەحمەدی مێژووناس، ئەوەشی ڕوون کردەوە کە هۆکاری هەڵکەندنی ئەو شوێنەوارە، لەلایەن نەتەوە کۆنەکانی کوردستان دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەوان ویستویانە لە یادەوەریەکانی مێژوودا سەرکەوتنەکانیان تۆمار بکرێن، بۆ ئەمەش باشترین کار ئەوە بوو یادەوەرییەکانیان، بە هەڵکەندنی داتاشراوەکان لە سەر شاخ و کێوەکان بهێڵنەوە، گوتیشی: بەڵام یەکێک لە داتاشراوەکان بەهۆی کارکردن لە پڕۆژەیەک لە دەڤەری ڕاپەرین لە نێو دەچێت.
جەختی لەوەش کردەوە کە پرۆژەی دوو سایدکردن و فراوانکردنی ڕێگای دەربەندی ڕانیە بۆ شارۆچکەی ژاراوە، هەرچەنەد دەبوایە لە ساڵی 2014 جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی کار کردن تێیدا دواکەوت، بۆ #01-07-2017# دەبێت لە ماوەی 360 ڕۆژ پرۆژەکە کۆتایی پێ بێت.
بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگاوبانی ڕاپەرین، دەڵێت: نوسراومان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری ڕاپەرین کردووە، بۆ ئەوەی چارەسەرێکی ئەو ناوچەیە شوێنەوارییە بکەین، چونکە دەکەوێتە بەر پڕۆژەکە و ئێستا ئێمە لە نزیک پڕۆژەکە کار ناکەین، چونکە ئەگەر شاخەکە بتەقێنینەوە بە تەواوی زیان بەم داتاشراوەیە دەکەوێت، ئێستا ئێمە چاوەڕوانین تا ڕێگا چارەیەکی بۆ دەدۆزرێتەوە.
بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی ڕاپەڕین، ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە ئەم پڕۆژەیە خۆی لە فراوانکردن و دوو سایدکردنی ڕێگای نێوان دەربەندی ڕانیە و شارۆچکەی ژاراوە دەبینێتەوە و لە نزیک شاخی دەربەندیش پردێکی کۆنکرێتی بە درێژایی 300 مەتر دروست دەکرێت، بۆ ئەوەی مەترسی داروخانی شاخی دەربەند نەمینێ و بودجەی پرۆژەکەش 12 ملیار دینارە.
بە تەواوکردنی ئەم ڕێگایە گرفتی هاتوچۆ و ڕووداوی هاتوچۆ لە دەڤەری ڕاپەرین کەم دەبێتەوە، چونکە ساڵانە لەم ڕێگایە دەیان ڕووداوی هاتووچۆی ڕوودەدەن و خەڵکی دەبنە قوربانی.
بارزان بایز، بەڕێوەبەری شوێنەواری ڕاپەڕین، لەبارەی مەترسی لەناوچوونی شوێنەوارەکان، دەڵێت پەیوەندی باشمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگاوبان هەیە و هەوڵی تەواو دەدەین بۆ پاراستنی ئەم شوینەوارە هەڵکوڵراوەی دەربەند، تا ئەو کاتەی بە ڕاوێژکردن لەگەڵ پسپۆڕانی بواری شوێنەوار، بڕیاری زانستییانەی پاراستنی هەڵکۆڵدراوەکە دەدەین، کاری تەقاندنەوەی شاخەکە ئەنجام نادرێت.[1]