ڕۆژنیوز - ئاشتی ئەحمەد
پەرلەمانتارێکی گۆڕان دەڵێت: شارۆچکەی #چەمچەماڵ# شادەمار و دڵی بوژاندنەوەی ئابوری هەرێمی کوردستانە و دەتوانرێت لە چەمچەماڵەوە نەک تەنها کارەبای هەرێمی کوردستان، بەڵکو کارەبای هەموو عێراقیش دابین بکرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە مەکۆی #بزووتنەوەی گۆڕان# لە چەمچەماڵ سیمینارێک بۆ #عەلی حەمە ساڵح# ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەژێر ناونیشانی غازی چەمچەماڵ و سزادانی خەڵکی کوردستان سازکرا.
لە سەرەتای سیمینارەکەدا عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان وتی: چەمچەماڵ ستراتیژیترین شوێنە و لەم سنورە سێ کێڵگەی سەرەکی غاز هەیە، ئەوانیش کۆرومۆر و چەمچەماڵ و میرە، دەتوانرێت بەشێکی گەورەی پێداویستییەکانی غازی تورکیا و ئەوروپاش دابین بکات، هاوکات وێستگەیەکی گەورەی وەبەرهێنانی کارەبا، کە کارەبای کوردستان و هەموو عێراقیش دابین بکات، هەروەها دەتوانرێت سودی لێوەربگیرێت بۆ دەیان کارگەی پرۆکیماوی.
پەرلەمانتارەکەی گۆڕان وتیشی: وەرەقەی فشار و ستراتیژی نەوت نییە، بەڵکو غازی سروشتییە کە تورکیاش زۆر پێویستی پێیەتی، نزیکەی لە سەدا 4 یەدەگی گازی سروشتی جیهان لە چەمچەماڵ هەیە، بەڵام بە سیاسەتێکی شکستخواردوو، بە پلانی حزبی و نێودەوڵەتی، نەک ڕێگری دەکرێت لە بەرهەمهێنانی ئەم غازە سروشتییە، بەڵکو ئەم ناوچەیە کە پێی دەوترێت ناوچەی یەکێتی یاخود یەکێتی و گۆڕان، دەخرێتە ژێر قەرزێکەوە نەتوانێت لە ئایندەشدا سود لەم غازە وەربگرێت و دەستەمۆ و ژێردەست دەبێت.
دەربارەی چۆنێتی گرێبەستی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیای دانا غازدا، عەلی حەمەساڵح باسی لەوەکرد: لە ساڵی 2007 گرێبەست لەگەڵ داناغاز واژۆ کراوە، کە داناغازیش چوار هاوبەشی دیکەی هەیە، یەک ساڵ داناغاز وەبەرهێنانی کرد، کە ئەگەر ئه و ساڵە وەبەرهێنانی نەکردایە ئەم کەمە کارەبایەش نەدەبوو، هەرچەندە بە گوێرەی ڕێکەوتنەکە دەبوایە شاری غازیی لە چەمچەماڵ دروستبکرایە بە جۆرێک نەک لە کوردستان، بەڵکو لە ناوچەکەیشدا هاوشێوەی نەبوایە، کە خۆی لە پرۆژی یاریگا و نیشتەجێبوون و چەندین کارگەی پترۆکیماوی دەبینییەوە، بەڵام ئاشتی هەورامی هەموو ئەوانەی ڕەتکردەوە، کە دانیشتوانی ئەم ناچەیە تێیدا زۆر سودمەند دەبوون.
ئەوەشی وت: پارتی و تورکیا نەیانهێشت ئەم ڕێکەوتننامەیە سەربگرێت، چونکە پارتی پێیوابوو کارتی فشاری ئابوری لە دەستی ئەودا دەردەچێت، چونکە غازە سروشتییەکە لە ناوچەی ئەودا نییە و ناکرێت کارەبای هەموو کوردستان و غازی هەموو ماڵان لێرەوە دابین بکرێت لەگەڵ دروستکردنی دەیان کارگەی پترۆکیمیاوی لە ناوچەکەدا، به و هۆیەشەوە نە شاری غازیی لە چەمچەماڵ دروستکرا و نە کێشەی کارەباش چارەسەر کرا، بەڵکو بەهۆی سکاڵاکانییەوە، کۆمپانیای داناغاز پارەیەکی زۆر زۆری بردەوە، تا ئێستا نزیکەی دوو ملیار و سەد ملیۆن دۆلاری بردۆتەوە پاش چەند ڕۆژێکی دیکەش لە مانگی ئەیلۆلدا داوای 26 ملیار و نیو دۆلار دەکات، کە دەبێت خۆمان و نەوەکانی داهاتوو باجی ئه و سیاسەتە شکستخواردووە بدەین.[1]
28-08-2017