ڕۆژنیوز- عەلی قادر
شوێنەوارە مێژووییەکانی شارۆچکەی #قەڵادزێ#ی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین پشتگوێ خراون و مەترسیس لەناوچوونیان هەیە.
قەڵادزێ لەگەڵ هەبوونی ناوچەیەکی زۆری شوێنەواری، بەڵام بەهۆی نەبوونی دامەزراوەیەکی تایبەت بە شوێنەواری لەدەڤەرەکە مەترسی لەناوچوونی ئەوناوچە شوێنەوارییانە هەیە کە لەلایەن بەشێک لە هاوڵاتیانەوە هێرش دەکرێتە سەر ئەو ناوچانە.
#عەلی دینکە#، بەرپرسی #ڕێکخراوی دینکە بۆ پاراستنی ناوچە شوێنەوارییەکانی پشدەر# کە ڕێکخراوێکی ناحکومییە و ماوەی زیاتر لە ساڵێکە دامەزراوە، بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز ئاماژەی بە ژمارەی شوێنەوارە مێژووییەکانی سنوورەکە کرد و وتی: 213 ناوچەی شوێنەواریی لە دەڤەری پشدەر هەیە.
عەلی دینکە، وتیشی: لەو ژمارەیە 26 قەڵا و 43 ئەشکەوت و گردۆڵکە و یان تەپۆلکە و گۆڕستان و پەرستگا- یە و تاکو ئێستا 55 ناوچەی شوێنەوار بەتەواوەتی لەناوچوون.
ناوبراو، وتیشی:ناوچە شوێنەوارییەکانی سنوورەکە مەترسیی جدییان لەسەرە بەهۆی ئەوەی، کە دامەزراوەیەکی تایبەت بەپاراستنی شوێنەوار نییە لە دەڤەرەکەمان و یاسایەکی تایبەتیش نییە بۆ سزادانی ئەو کەسانەی مەترسیی بۆ ئەو شوێنەوارانە دروست دەکەن.
بەشێک لەو ناوچە شوێنەوارییانە لە لایەن شوێنەوارەوە تۆمار کراون و کاری کنە و پشکنینیان لەلایەن تیمە بیانییەکان بۆ ئەنجام دراوە و بەشێکیشیان هەتا ئێستا تۆمار نەکراون، کە بە پێی لێکۆڵینەوەکان کۆنترین قەڵات، قەڵاتی سەیدە حمەدانە، کە مێژووەکەی بۆزیاتر لە 9 هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە.
هەروەها وتی :بەداخەوە لەم ژمارە قەڵایەدا، پێنجیان بەتەواوەتی لەنێو براون بە هۆی دروست کردنی خانو و باخ و پڕۆژەی شەخسی، لەوانە قەڵاتی #قادراوا# و #بنگرد# و #گردەسپیان# و دەشتێ، بەڵام بەداخەوە حکومەت هیچ هەڵوێستێکی لەبەرامبەر ئەم کەسانە نەبووە، بەهۆی نەبوونی هیچ بنکەیەکی شوێنەوار، مەترسی گەورە هەیە لەسەر ناوچە شوێنەوارییەکانی ئەو دەڤەرە.
لەبارەی ڕێگرییەکان و پاراستنی ناوچە شوێنەوارییەکان و هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان، عەلی وتیشی :ئێمە وەک و ڕێکخراوی دینکە، چەندین جار لایەنی پەیوەندیدارمان لە لەناوچوون و مەترسییەکان بۆ سەر ئەو ناوچانە ئاگادار کردوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە ئێمە ڕیکخراوێکی ناحکومین، گوێمان لێناگیرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە وەکو ڕێکخراوی دینکە بەردەوام لەهەوڵدابووین بۆهۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە ڕیگای کۆڕ و سیمینار و بڵاوکراوە و سەردانیکردنی دامودەزگا حکومییەکان و خوێندنگاکانی گوندەکان، بەڵام هێشتاش مەترسی بۆسەر ئەم ناوچانە هەیە.
لەکۆتایی قسەکانیدا وتی:داواکارم لە حکومەت کە هاوکاری ڕێکخراوەکەمان بکات بۆ پاراستنی ناوچە شوێنەوارییەکان و کردنەوەی بنکەیەکی شوێنەواری لە دەڤەرەکەمان و دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە سزادانی ئەو کەسانەی کە هێرش دەکەنە سەر ناوچە شوێنەوارییەکان.[1]