دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
بەمەبەستی #حەج#کردن خاوەنی کۆمپانیایەک پارەی زیاتر لە 160 هاوڵاتی #هەولێر# وەردەگرێت و خۆی وندەکات، وتەبێژی #وەزارەتی ئەوقاف#یش دەڵێت شەش کۆمپانیا خراونەتە لیستی ڕەشەوە، بەڵام له و ڕووداوە بەرپرسیارنین.
کۆمپانیایەک لە هەولێر، کە خاوەنەکەی بەرەگەز عەرەبە و مۆڵەتی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم وەرگرتووە، بەمەبەستی گەشتی حەج پارە لە 160 هاوڵاتی دانیشتووی هەولێر وەردەگرێت، بەڵام دواتر خۆی وندەکات و نەپارەکە دەگەڕێنێتەوه و نە گەشتەکەشیان پێدەکات.
لەوبارەیەوە شێخ ئیبراهیم بەرزنجی، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند ئێمە لە وەزارەتی ئەوقاف مامەڵە لەگەڵ زیاتر لە 200 کۆمپانیای تایبەت بە حەج و #عومرە# لە شارەکانی هەولێر و #دهۆک# و #سلێمانی# دەکەین، ئه و کۆمپانیایانە ڕێگەپێدراون و دەبێت بەپێی مەرج و ڕێنماییەکانی ئەوقاف کاربکەن، ئەمساڵ 117 کۆمپانیا بەشێوەی تیروپشک ناویان دەرچووە بۆ گواستنەوەی حاجیانی هەرێم.
وتیشیبەپێی مەرجەکانمان دەبێت هەر کۆمپانیایەک ئەستۆپاکی لە بەڕێوەبەرایەتی باج بێت، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوون، شەش کۆمپانیامان خستۆتە لیسی ڕەشەوە، بۆیە مامەڵەمان لەگەڵ نەکردوون، بەڵام ئه و کۆمپانیایەی کە فێڵی لە هاوڵاتیان کردووە مۆڵەتی لە وەزارەتی ناوخۆ وەرگرتووه و ئێمە هیچ مامەڵەیەکمان لەگەڵ نەکردووە، بۆیە ئێمە هیچ بەرپرسیاریێتیەک هەڵناگرین.
بۆ وەرگرتنی ڕێکارە یاساییەکان لەگەڵ خاوەنی کۆمپانیاکە، دواڕۆژ پەیوەندی بە بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوون لێدوان بدەن.
ئەمساڵ چوار هەزار و 820 هاوڵاتی حەجیان کردووه و هەر یەکەیان بڕی سێ هەزارو 600 دۆلاری لێوەرگیراوە، هاوکات 680 کەس بەشێوەی بازرگانی گەشتی حەجیان ئەنجامداوە کە هەریەکێکیان بڕی شەش هەزار دۆلاری لێوەرگیراوە.[1]
30-08-2017