بەپێی ئه و زانیارییانەی دەست (باس) کەوتوون، لە سنووری ئیدارەی #گەرمیان#دا زیاتر لە 60 بەنزینخانەی نایاسایی هەیە و ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای #سلێمانی#یش ڕای دەگەیەنێت، ئه و بەنزینخانانە کاتی خۆی بەرپرسان لەپشتیانەوە بوون.
یادگار فەتاح، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان، بە (باس)ی ڕاگەیاند: ئەو بەنزینخانانە نایاسایین، کە مۆڵەتی فەرمییان نییە و پێیان دەگوترێت بەنزینخانەی مۆبایل و تا ئێستا دوو جار نووسراومان بۆ یەکە ئیدارییەکانی سنوورەکە کردووە و داوامان کردووە ڕێک بخرێنەوە، بەڵام وەڵام نەدراوینەتەوە.
گوتیشی: سەرجەم شۆفێران ئاگادار دەکەینەوە کە ئێمە تەنیا پشکنین بۆ ئه و بەنزینخانانە دەکەین کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە و بە هیچ شێوەیەک پشکنین بۆ کوالێتی و چۆنێتیی بەنزینی بەنزینخانە نایاساییەکان ناکەین.
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا: لەبەرامبەر ئه و بەنزینخانە نایاساییانەدا 15 بەنزینخانەی یاسایی لە سنوورەکەدا هەن، کە بەشێوەیەکی بەردەوام پشکنین بۆ بەنزینەکانیان دەکەین، ئەوانیش بریتیین لە بەنزینخانەی (کەیوان، بەردەسوور، شێروانە، کەلار سموود، برایان) لە قەزای کەلار و (هاوچەرخ، ئاسۆ) لە شارەدێی ڕزگاری و (میر، بابان، خورشید) لە قەزای کفری و (ساڵەح ئاغا) لە خانەقین و (کۆکس) لە مرواری و (پێباز) لە باوەنوور و (مەیدان) لە شارەدێی مەیدان و (سەرقەڵا) لە شارەدێی سەرقەڵا.
غالب محەمەد، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازیی و وزە و سەرچاوە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بە (باس)ی گوت: لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەنزین بە 4 شێوە دەفرۆشرێت، کە ئەوانیش بریتیین لە بەنزینی بەنزینخانە حکوومییەکان و بەنزینخانە ئەهلییەکان و بەنزینخانەی مۆبایل و بەنزینی سەرشەقامەکان، ئەوەی پەیوەندیی بە بەنزینخانەی مۆبایلەوە هەیە، تا ساڵی 2011 مۆڵەتی کاتییان هەبووە و کاتی خۆی بە پشتیوانیی بەرپرسان دانراون.
گوتیشی: هەرچەندە ئه و بەنزینخانانە مۆڵەتی فەرمییان نییە، بەڵام لە واقیعدا کار دەکەن، بۆیە پێویستە ڕێک بخرێنەوە و مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، بەوەی تانکییەکانیان بخەنە ژێر زەوی و مەرجەکانی سەلامەتی دابین بکەن و باجیان لێ وەربگیرێت و ساڵانە مۆڵەتەکانیان نوێ بکرێتەوە و پابەند بکرێن بە ڕێنماییەکانەوە.
محەمەد گوتیشی: هەندێک له و بەنزینخانانە شوێنەکانیشیان نایاسایین و لەنێو گەراجی ئۆتۆمبێلدا دانراون، کە ئەگەر ئاگر بگرێت سەدان ئۆتۆمبێل به و هۆیەوە دەسووتێن، هەیانە 3 جار نووسراوم کردووە بۆ ئەوەی دابخرێت، بەڵام جێبەجێ نەکراوە، کەس نازانێ بەنزینیان چۆنە و ئەوەش وا دەکات بەنزینی خراپ بێتە سنووری گەرمیانەوە.
لە لایەکی ترەوە شەهاب حاجی ئەحمەد، قایمقامی قەزای کەلار، بە (باس)ی ڕاگەیاند: ئه و بەنزینخانە نایاساییانە کاتی خۆی بە بڕیاری یەکە ئیدارییەکان کراونەتەوە، ئێمە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لەسەر بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕێگەمان بە کردنەوەی هیچ بەنزینخانەیەک نەداوە.
هەروەها گوتی: بەنزینخانەکانی مۆبایل بەهۆی زۆریی ژمارەکانیانەوە، ناتوانرێت پشکنینیان بۆ بکرێت، بەڵام هەر شۆفێرێک گلەیی لە هەر بەنزینخانەیەک هەبێت مۆڵەتی هەبێت یان نا ئێمە ئیجرائاتی لەگەڵدا دەکەین، چ بە داخستن بێت یان بە غەرامەکردن و تا ئێستاش دەیان بەنزینخانەمان داخستووە.
ئاماژەی بەوەش دا: ئێمە ناتوانین مۆڵەت بدەینە ئه و بەنزینخانە نایاساییانە، چونکە شوێنەکانیان شیاو نین. [1]