ژنێکی گەنج لە شارۆچکەی #کەلار#-ی ناوەندی ئیدارەی گەرمیان دوای سوتانی گیانی لەدەستدا.
ڕۆژی 2/ئەم مانگە، کە دەکاتە دووەم ڕۆژی جەژنی قوربان لە گەڕەکی گازینۆی شارۆچکەی کەلار-ی ناوەندی ئیدارەی گەرمیان ژنێک بەناوی (ئارەزوو حسێن) لەدایکبووی ساڵی 1987 سوتا و دوێنێ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شاری سلێمانی گیانی لەدەستدا.
لە ڕۆژی سوتانی ئەو ژنە گەنجەدا، بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ڕاگەیەندراویکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاند:بە وتەی کەسوکاری ناوبراو، ئەو ژنە خۆی خۆی سوتاندووە دوای چارەسەری پێویست بەهۆی زۆری ڕێژەی سوتانەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراو لەبەشی توندو تیژی ژنان پەڕاوی بۆکراوەتەوەو لێکۆڵینەوەلەڕووداوەکە دەستی پێکردووە.
لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی تروسکە، کە ماڵپەڕێکی تایبەت بە ژنانە بڵاویکردووەتەوە بە قسەی خێزانەکەی ئارەزوو خۆی سوتاندووە و هۆکارەکەشی دەگەڕێننەوە بۆ تێکچونی باری دەروونیی کچەکەیان.
هەروەها، کەسێکی نزیکی خێزانەکەی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ماڵپەڕەکەی وتووە:ناو براو کچێکی بە توانا و بوێر بووە، بەڵام زۆرترین جار سوکایەتی پێکراوە لە لایەن خێزانەکەیەوە و بە هۆی زۆری فشار و توندو تیژی خێزانەکەیەوە هەوڵی هەڵهاتنی لە ماڵ داوە هەر بۆیە چەند ڕۆژێک بەر ئێستا ماڵی بەجێهێشتوە.
ئەو کەسە وتوشیەتی:ئارەزوو هەوڵیداوە لە ڕێگەی قاچاخچییەکەوە بڕواتە دەرەوەی وڵات، دواجار قاچاخچییەکە فێڵی لێکردوە و پارەکەی بردوە و نەیگەیاندووەتە دەرەوەی وڵات، بۆیە ناوبراو پەیوەندی بە دایکی-یەوە کردووە و بە هاوکاری دایکی گەڕاوەتەوە ماڵەوە، بەڵام دوای دوو ڕۆژ خێزانەکەی دەڵێن خۆی سوتاندووە، کە ئەمە پڕوپاگەندەیە و دەستی خۆیانی تێدایە.
ڕۆژنیوز بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر و ڕوونکردنەوەی بابەتەکە پەیوەندی کرد بە لەمیعە محەمەد، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی نەهێشتنی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە گەرمیان، ناوبراو، ئاگاداری گیانلەدەستدانی ئارەزوو نەبوو، هیچ زانیارییەکیشی لەسەر کەیسەکە ئاشکرا نەکرد و وتی:پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە.
هەروەها، ڕۆژنیوز چەند جارێک پەیوەندی بە ڕائید عەلی جەمال قدوری، وتەبێژی بەڕیوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی گەرمیان-ەوە کرد، بەڵام ناوبراو وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.
بەپێی ئامارێکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، تەنیا لەماوەی مانگیکدا، لە 2/تەموز هەتا 2/ئاب-ی ئەمساڵ، پێنج ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون، تەرمی ژنێک دۆزراوەتەوە، ژنێک بریندارکراوە و ژنێک-یش خۆی سوتاندووە.
ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی ئاماری مانگی پێشووتری دەستەکە، واتا لە 2/حوزەیران هەتا 2/تەموز، سێ حاڵەتی کوشتنی ژنان و یەک حاڵەتی خۆ کوشتنی ژن(خۆخنکاندن)تۆمارکراوە، ئەگەریش بەراوردی هەردوو ئامارەکە بکەین دەردەکەوێت تدوتیژییەکانی دژ بە ژنان زیادیکردووە.
بەپێی ئەو هەواڵانەش، کە ڕۆژانە لە میدیاکان-دا بڵاودەبنەوە، ژمارەی کوشتنی ژنان زیاترە لەوەی، کە لە ئامارەکانی دەستەکەدا هاتووە.[1]
04-09-2017