چەند ڕۆژێکە بەرهەمێکی زۆری تەماتەی ئەمساڵی جووتیارانی #پێنجوێن# پێگەیشتووە، بەڵام بەهۆی هێنانی تەماتەی #ئێران#ییەوە، تەماتەی پێنجوێن پارە ناکات و قایمقامی پێنجوێنیش، دەڵێت چاوەڕێین وەزیری کشتوکاڵ بێتە سەر خەت و چارەسەری گرفتەکان بکات.
زانا ڕەحمان، قایمقامی شارۆچکەی پێنجوێن، ئەمڕۆ سێشەممە #05-08-2017# بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ئەمساڵ بەو هۆیەی کە بۆ ماوەیەک بەرهەمی جووتیارانی ناوچەکەمان، بەتایبەتی تەماتە دواکەوت، لەئێستاش کە بەرهەمێکی زۆری جووتیاران پێگەیشتووە، بەڵام بەداخەوە بەشێک لە بازرگانان لەئێرانەوە دەچن تەماتە دەهێننە #هەرێمی کوردستان# و باجێکی ڕەمزی دەدەن، ئەمەش بەبڕوای ئێمە تەنیا بۆ شکاندنی ڕزقی جووتیارانی پێنجوێنە.
قایمقامی پێنجوێن، ئەوەشی خستە ڕوو کە ساڵی ڕابردوو بۆ ماوەی مانگێک و لە 1/8 بۆ 31/8/2016) هاوردەکردنی هەموو جۆرە بەرهەمێک، کە لەوڵاتی ئێرانەوە دەهێنرایە #مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ# قەدەغە کرا، بەڵام ئەمساڵ لەدوای ئەم بەروارەوە، لەئێستا کە مانگی ئەیلولە، تووشی کێشە بوون.
جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەوەندە تەماتەمان هەیە دەتوانین بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان، ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری #عیراق#یشی بنێرین، لەم ڕووەشەوە هیچ کێشەمان نییە، بەڵام ئەمەی ئێستا دەیبنین تەنیا قۆرغکارییە و بازاڕی جووتیارانی پێنجوێنی پێ دەشکێنن.
زانا ڕەحمان، بۆ (باسنیوز)، گوتیشی: لە ڕێگەی دوو پەرلەمانتاری نوێنەری پێنجوێنەوە وەزیری کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستانمان ئاگادار کردۆتەوە، پێویستە ڕێگا چارەیەک بۆ ئەوە بدۆزرێتەوە یان ڕێگە لەهاوردەکردنی بگیرێت، یان باجێکی زۆر زیاتر بخرێتە سەر بەرهەمی هاوردەی ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی تەماتە، بۆ ئەوەش چاوەرێین کە وەزیری کشتوکاڵ بەفەرمی بێتە سەرخت و چارەسەری کێشەکان بکات.[1]
05-09-2017