فەتحی یەکێکە لەو شاعیرانەی کە لە ڕێی هۆنراوە و بەرهەمەکانییەوە خزمەتی زۆری بەکاروانی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی کوردستان کردووە.
ئەگەرچی ئەم شاعیرە خاوەنی دەیان پارچە هۆنراوەی بەرز و جوانە و لە مەیدانی وەڕگێرانیشدا شوێن پەنجەی دیارە، کەچی وەک پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە و لەسەری نەنووسراوە و تیشک نەخراوەتە سەر ژیان و بەرهەمەکانی و لەپەراوێزدا ماوەتەوە.
بەڵام ئەوە لە بایەخ و گەورەیی ئەم شاعیرە کەم ناکاتەوە و هۆنراوە و بەرهەمەکانی وەک زێڕی شاراوەن و هەرکاتێک دەردەکەون ئەدرەوشێنەوە.
شێخ فاتیح کوڕی شێخ فەتاح کوڕی شێخ ئیسماعیلی دۆڵان ناوی تەواوی ئەم شاعیرەیە و لە جیهانی ئەدەبدا بە (فەتحی) ناسراوە.
ساڵی 1918 لە گوندی دۆڵانی خوارووی سەر بەناوچەی قەرەداغ لەدایک بووە و لەئامێزی خێزانێکی ڕووناکبیر و ئایینپەروەردا پەروەردە بووە.باپیریشی کەسایەتییەکی بەدیمەنی سەردەمی خۆی بووە و شاعیر بووە و دیوانی هەیە و نازناوی (سەودایی) بووە.
فەتحی لە گوندی دۆڵان و شاری #سلێمانی# وانە ئایینییەکانی خوێندووە و دوا پلەی لەو بوارەدا بەدەستهێناوە.
فەتحی لە سەرەتای ژیانی لاوییەوە خولیای دنیای ئەدەب بەگشتی و هۆنراوە بەتایبەتیی بووە و خاوەنی دەیان پارچە هۆنراوەی بەرز و جوانە کە لەدوو توێی دیوانەکەیدا خراونەتە ڕوو.هۆنراوەەکانی فەتحی هۆنراوەی ئایینی و نیشتمانی و خۆشەویستین. بۆ بۆنە ئایینی و نیشتمانی و تایبەتەکان و بۆ مەرگی کەسانی بنەماڵە و خانەوادەکەی و کەسایەتییەکان هۆنراوەی لاوانەوەی نووسیوە.
بێ لەهۆنراوە فەتحی کاری وەرگێڕانیشی کردووە، بەحوکمی ئەوەی زمانەکانی فارسی و عەرەبی بەباشی زانیوە، لەو دوو زمانەوە بەگشتی و زمانی فارسی بەتایبەتیی چەندین پەرتووکی وەرگێڕاوە، لە دیارترینیان وەرگێڕانی چوار بەشی شانامەی فیردەوسییە.بەگشتی نۆ پەرتووکی وەرگێڕاوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجیشە، فەتحی شێوەزاری هەورامی بەباشی زانیوە و هەندێک بەرهەمی لەوشێوە زارەوە بۆ کرمانجی خواروو (#سۆران#ی) یاخود بەپێچەوانەوە وەرگێڕاوە.
بەداخەوە ئەم شاعیرە پایەبەرزەی کوردستان لە #06-09-1962# بۆ یەکجاری ماڵاوایی لە دنیای هۆنراوەو ئەدەب کرد و لە گۆڕستانی شێخ فەتاحی شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا و چووە ڕیزی نەمرانی نیشتمانەوە.
دروودی ڕێز و وەفا و ئەمەکداری بۆ گیانی پاک و پیرۆزی فەتحیی شاعیر و ڕووناکبیر.
منیش نەم ماوە نە دین نە ئیمان
جێگام مەیخانە و لای پیری موغان
لەیلەتولقەدرم زیندوو کردەوە
کەچی بەشەراب ڕۆژوەکەم شکان[1]