دواڕۆژ، سامان قوبادی
ڕۆژانە زیاتر لە 1200 تەن خۆڵ و #خاشاک# لەناو شاری #سلێمانی# کۆدەکرێتەوە و لەبەرامبەر پاککردنەوەشیدا ساڵانە 24 ملیار دینار خەرجدەکرێت.
لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزارییەکان لە سەرۆکی شارەوانی سلێمانی باس لەوەدەکات، سزای سەرجەم ئەو کەسانە دەدەن کە لە ڕۆژانی جەژندا بەشێوەیەکی ناشارستانی و نایاسایی ئاژەڵیان سەربڕیوە، بۆ ئەو مەبەستە دەستیان بەسەر 67 ئۆتۆمبێلدا گرتووە، ناوبراو ئاماژە بەوەشدەکات، بەتەواو بوونی پڕۆژەی ڕیسایکلینی سلێمانی سەرجەم کێشەکان چارەسەر دەبێت.
سزای سەرپێچیکاران دەدرێت
سەبارەت بە سەربڕینی ئاژەڵ لە چەند ناوچەیەکی سلێمانی بەشێوەیەکی ناشارستانی، ڕزگار ئەحمەد لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزارییەکان لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بۆ دواڕۆژ باس لەوەدەکات: بەتایبەت لە جەژنی قورباندا کە ئاژەڵێکی زۆری تێدا سەربڕدراوە، پێشوەخت لەڕێگەی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت و تەندروستی و شارەوانی ڕێنمایی دراوە بە هاوڵاتیان، بەڵام بەشێوەیەکی ناشارستانی و نایاسی لەچەند شوێنێک ئاژەڵ سەربڕدراوە، لەهەمانکاتدا هەڵساوین بە پاککردنەوەی ئەو ناوچانە، لێکۆڵینەوەشمان لەگەڵدا کردوون و 67 ئۆتۆمبێلی قەساب دەستی بەسەرداگیراوە کە ئاژەڵیان سەربڕیوە و پاشماوەکانیان فڕێداوە، غەرامەکانیش لە 200 هەزارەوە دەستپێدەکات بۆ 600 هەزار دینار.
ڕۆژانە 1200 تەن خۆڵ و خاشاک لە سلێمانی کۆدەکرێتەوە:
ڕزگار ئەحمەد لەبارەی بڕی ئەو خۆڵ و خاشاکەی ڕۆژانە لەسلێمانی فڕێدەدرێت و کۆدەکرێتەوە، دەڵێت لە ڕۆژانی ئاساییدا زیاتر لە 1200 تەن خۆڵ و خاشاک لە سلێمانی کۆدەکرێتەوە و دەگوازرێتەوە بۆ ناوچەی تانجەرۆ، ئەم کارەش لەلایەن 4 کۆمپانیا و شارەوانی سلێمانی لەڕێگەی 1650 ژینگە پارێز و 550 ئامێری جۆراو جۆرەوە ئەنجامدەدرێت، بەڵام لە بۆنە تایبەتەکاندا خۆڵ و خاشاک زۆر زیاد دەکات.
پڕۆژەی ڕیسایکلین
لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزارییەکان لە شارەوانی سلێمانی لە بارەی پڕۆژەی ڕیسایکلینی سلێمانییەوە هۆکاری دواخستنی گەڕاندەوە بۆ قەیرانی دارایی و دابیننەکردنی بودجەی پڕۆژەکە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار لەگەڵ جێبەجێنەکردنی خزمەتگوزارییەکان لەلایەن فەرمانگە پەیوەندیدارەکانەوە بۆ ئەو ناوچەیە وتیشیتائێستا لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە مۆڵەت نەدراوە بە کۆمپانیای جێبەجێکار، بۆیە خاوەنی پڕۆژەکە کەرەستە و ئامێرەکانی گواستوەتەوە، ئەگەر پڕۆژەکە تەواو بکرێت ئاوی تانجەرۆ و دەربەندیخان خاوێن دەبێتەوە و خاشاکی تێکەڵ نابێت، هەروەها بەشێکی زۆری زەوی تانجەرۆ وەکو ئێستا داگیر نەدەکرا، جگە لەوە لە75%ی پاشماوەکان دەکرێن بە کەرەستەی خاو بۆ کارگەکان و لەبری سوتەمەنیش بەکاردەهێنرێت.
لەبارەی سوتاندنی خاشاک و دروستبوونی دوکەڵ بەسەر شاری سلێمانیدا، ڕزگار ئەحمەد وتیشی چەند ساڵێکە ئەو پاشماوانە ناسوتێنین، بەڵکو خەڵکانێک هەن لەبەر بژێوی دەچنە ئەو ناوچەیە بۆ تواندنەوەی چەند مادەیەک ئاگر دەکەنەوە و دەبێتەهۆی سوتاندنی ئەو خاشاکە و دروستبوونی دوکەڵ، هەندێکجار بەهۆی گازی میسانەوە ئاگری لێدەکەوێتەوە، ئەگەر پرۆژەی ڕیسایکلین تەواو بکرایە ئێستا هیچ کێشەیەکمان نەدەبوو.
بەبڕی 24 ملیار دینار سلێمانی پاکدەکرێتەوە
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، ساڵانە زیاتر لە 250 ملیۆن دینار غەرامەی ئەو شوێنانە دەکرێت کە سەرپێچی دەکەن، هاوکات ساڵانە 24 ملیار دینار بۆ پاککردنەوە و گواستنەوەی خاشاکی سلێمانی خەرجدەکرێت.[1]
10-09-2017