#هەرێمی کوردستان# و هەرێمی مالۆپۆڵسکای پۆڵەندا ڕێککەوتننامەیەکی دۆستانەیان لە بواری ئابووریدا واژۆکرد.
لەچوارچێوەی 27 مین کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی کە ئێستا لە هەرێمی مالۆپۆڵسکا لە پۆلەندا بەڕێوەدەچێت، ڕۆژی #07-09-2017# د. #عەلی سندی#، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەنوێنەرایەتیی #سەرۆکی هەرێمی کوردستان# و بە یاوەری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا لەگەڵ یاچیک کروپا، سەرۆکی هەرێمی مالۆپۆڵسکا کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، شاندی کوردستان و شاندی مالۆپۆڵسکا چەند تەوەرێکیان تاوتوێکردوون، گرنگترینیان پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی مالۆپۆڵسکا و هەرێمی کوردستان لەبواری جۆراوجۆردا، بەتایبەتی کەرتی ئابووری و لەم بوارەوە هەردوو هەرێم ڕێککەوتننامەیەکی دۆستانەیان واژۆکردووە.
هەروەها سەرۆکی هەرێمی مالۆپۆڵسکا جەختی کردووەتەوە کە هەرێمەکەیان بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ هەرێمی کوردستان.
لەبەرامبەردا د. عەلی سندی بە تێروتەسەلی باسی گشتپرسیی باشووری کوردستانی بۆ سەربەخۆیی کردووە و ئاماژەی بە هۆکارەکانی ئەنجامدانی پرۆسەکە داوە، دووپاتیشی کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان وەک چارەسەرێک دەڕوانێتە گشتپرسی و سەربەخۆیی بۆ دۆخی ناوچەکە و، وەک هەنگاوێک بۆ فەراهەمکردنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە دەیبینێت.
لەبەرامبەردا سەرۆکی هەرێمی مالۆپۆڵسکا ڕایگەیاندووە کە هەموو نەتەوەیەک مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی هەیە.[1]
10-09-2017