بەهۆی قەیرانی داراییەوە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، #وەزارەتی پەروەردە# داشکاندنی بۆ نرخی خوێندن کردووە لە قوتابخانە ناحکومییەکاندا، ئەمەش وایکردووە ژمارەی قوتابییەکانی قوتابخانە تایبەتەکان زیاتر ببن و قوتابخانەی تایبەتی زیاتریش بکرێنەوە.
لۆنا پەترۆس، خۆی مامۆستایە لە یەکێک لە قوتابخانە حکومییەکان و منداڵەکانیشی لە قوتابخانەی ناحکومی دەخوێنن. لۆنا دەڵێ نرخی خوێندن لە سەرەتاوە بە دوو ملیۆن دەستی پێکرد، پێرار بە ڕێژەی 20% و، پاریش 10% داشکاندنیان بۆ کردین.
سەرەڕای فەرمانەکەی وەزارەتی پەروەردە بۆ داشکاندنی کرێی خوێندن لە قوتابخانە ناحکومییەکان، هێشتا بەشێک لە کەسوکاری قوتابیان گللەیی لە گرانی نرخی ئەو قوتابخانانە دەکەن. قوتابخانە ناحکومییەکانیش دەڵێن توانای داشکاندنی زیاتریان نییە.
فەرەح یوسف، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی ناحکومییە و دەڵێ ئێمە لە دووساڵی ڕابردوودا، بە نووسراوی فەرمی ئاگادارکراینەوە بۆ ئەوەی بەڕێژەی 20% داشکاندن بکەین. ساڵی پاریش 10%، لەوماوەیەدا هیچ گۆڕانکاریێک لە نرخەکانی خوێندن نەکراوە و، گۆڕانکاری لە نرخ، لە ئەستۆی وەزارەتی پەروەردەیە.
وەزارەتی پەروەردە ساڵانە لەگەڵ پێدانی مۆڵەت بە هەر قوتابخانەیەکی ناحکومی، نرخی خوێندنیش دیاریدەکات. سزاشی بۆ ئەو قوتابخانانە داناوە، کە سەربەخۆ نرخ دیاریدەکەن. وەزارەتی پەروەردە داوا لە کەسوکاری قوتابیان دەکات لە هەبوونی هەر سەرپێچیەکی لەو جۆرە، ئاگادار بکرێتەوە.
شاسوار کەمال، بەڕێوەبەری قوتابخانە و پەیمانگا ناحکومییەکان دەڵێ کرێی خوێندن و پەرتوکی سەرجەم باخچەی ساوایان و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان لەکاتی پێدانی مۆڵەتدا لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە دادەندرێت، بۆیە هیچ کەسێک ناتوانێت دەستکاری نرخەکان بکات و، نرخ بەرزکاتەوە، هەر کەسێک دەستکاری نرخەکان بکات سزادەدرێت.
بەهۆی کەمکردنەوەی کرێی خوێندن، تادێت ژمارەی قوتابخانە ناحکومییەکانیش زیاتر دەبن، بەجۆرێک 279 قوتابخانە و پەیمانگەی ناحکومی لە وەرزی خوێندنی ساڵی 2015-2016دا هەبوون، بۆ وەرزی خوێندنی ئەمساڵیش 60 قوتابخانەی دیکە مۆڵەتیان وەرگرتووە.[1]
13-09-2017