هونەرمەند #مستەفا ئەحمەد#، کە بەنواندنی لەشاکارە جاویدانیەکانی “لانەوازان” و “چەخماخساز” و چەندین کاری هونەریی بەناوبانگە، پاش 60 ساڵ لەکاری نواندن هەست بەنائومێدی دەکات و دەڵێت “واز لەکاری نواندن دەهێنم”.
ئا: مەزهەر کەریم
هونەرمەند مستەفا ئەحمەد، ئەکتەری ناسراوی کورد بەئاوێنەی ڕاگەیاند لەساڵانی شەست و حەفتاکانی ڕابردودا بەدڵ و بەگیان کاری هونەر دەکرا، بەڵام ئێستا ئەوکارانە لەئاست داواکاری خەڵکیدا نین، هۆکارەکەشی بۆ کەمتەرخەمی حکومەت دەگەڕێنێتەوە، ئه و وتی “کۆمەڵێک بۆ خۆبەخێوکردن درێژە بەکارە هونەریەکان دەدەن، بێ ئەوەی هیچ لەهونەر بزانن ئەمەش کاردانەوەی خراپی لەسەر هونەری کوردی دەبێت لەساڵانی ئایندەدا، کەسیش نیە قسەی لەسەربکات”.
وتیشی “ئەوانەی کاری نواندن و سینەماکاریی دەکەن دەبێت لەدڵەوە خۆشەویستیان بۆ ئه و کارە هەبێت و ئیشی بۆ بکەن، هەرچی کاری نواندنی کرد ئەکتەر نیە، کە وەک کورد دەڵێت هەرچی سمێڵی سو ڕبو هەمزەئاغا نیە، ڕاستە هەندێک کەس کاری هونەری دەکەن بەڵام ئایا بیریان لێکردۆتەوە ئه و کارانە بۆ کێ دەکەن؟ کاردانەوەکانی چی دەبێت؟ ئایا ئه و بەرهەمەیە لەدڵ و ناخی جەماوەردا بمێنێتەوە؟ بیگومان من دەڵێم نەخێر، بۆماوەی چەند کاتژمێرێک نەبێت لەدڵی جەماوەردا نامێنێتەوە”.
ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان وەک تیپی شانۆی پێشڕەوی کوردی لەسەردەمێکی زۆر ناخۆشدا دەستیانکردوە بەکاری هونەری و توانیویانە چەندین بەرهەمی جوان پێشکەش بکەن، کە ئه و بەرهەمانە ئەرکی وەزارتی ڕۆشنیرییە لەفەوتان بیانپارێزێت و وەک دەستکەوتێک سەیر بکرێت، ئه و وتی “ئێمە بەشانازیەوە توانیمان خزمەت بەهونەری کوردی بکەین، کە ئەوکات تواناکان سنورداربون، ترسێکی زۆرمان هەبو لەڕژێمی بەعس، بەڵام سەرەڕای ترسێکی زۆر توانیمان کلتورو مێژوی خۆمان بپارێزین”.
وتیشی “ساڵ بەساڵ هونەری کوردی لەپاشەکشەدایە و لەساڵی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردودا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکمدا پێکەوە توانیمان باشترین کاری سینەمایی ئامادەبکەین کە کاردانەوەی لەوڵاتانی دەرەوە هەبو بەدەر لەناوخۆی هەرێمی کوردستان، پێشوازیەکی زۆر گەرمی لێکرا بەڵام ئێستا نەک هەر کاری سینەماغی نەماوە، بەڵکو دەرگای سینەماکانیش داخران کە وڵاتان بەهۆی سینەماوە مێژوی وڵاتێک دەگۆڕن و گۆڕانکاری گەورە دروست دەبێت و داهاتێکی باش بۆ ئه و وڵاتە دیاری دەکات”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە هونەرمەندان لەخەفەتدا سەری خۆیان هەڵگرت و مردن، ئه و وتی “چونکە لەم وڵاتەدا گۆشت دراوە بەنانەواو هەویریشیان خستۆتە بەردەستی گۆشت فرۆش، ئه و بارودۆخەی بەسەر هونەرمەنداندا هاتوە بەهۆی نەبونی و خزمەت نەکردنی هونەرمەندان، نیوەی لەخەفەتدا مردن و سەری خۆیان هەڵگرت و ڕۆشتن بۆ دەرەوەی وڵات چی بکەن کە لێرە هیچیان بۆ نەکرێت”. [1]
2017-09-13