#حکومەتی هەرێم# بەنیازە کاروبارەکانی کەرتی ئاوو ئاوەڕۆ بە کۆمپانیا بسپێرێت، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی #سلێمانی#ش ڕایدەگەیەنێت: تاوەکو کۆتایی ساڵی 2018، سێ کۆمپانیای ئاووئاوەڕۆی حکومی دادەمەزرێت و (100%)ی داهاتی هەر پارێزگایەکیش بۆ کۆمپانیاکە دەگەڕێتەوە.
سەربەست عوسمان بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سلێمانی بە SNNی ڕاگەیاند: بەفەرمانی ئەنجومەنی وەزیران، سێ کۆمپانیای ئاووئاوەڕۆ لە (#هەولێر#، سلێمانی و #دهۆک#) دروستدەکرێت، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوئاوەڕۆوە سەرپەرشتی دەکرێن.
وتیشی: بڕیارە مانگی تەموز یان ئابی 2018، کۆمپانیاکە ناونرابێت و ئەنجومەنی کارگێڕیشی دیاریکرابێت، فەرمانگەکانی ئاووئاوەڕۆی شارەکانیش کە دەکەونە سنوری کۆمپانیاکەوە، ڕێکخرابن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەدوای دروستکردنی ئەو سێ کۆمپانیایەوە، چیتر فەرمانگەکانی ئاووئاوەڕۆی شارەکان ناگەڕێنەوە بۆ هەولێر، بەڵکو ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا دەکەن.
سەربەست عوسمان ڕاشگەیاند: لەئێٍستادا تەنها 40%ی داهات دەگەڕێتەوە بۆ فەرمانگەکانی ئاووئاوەڕۆ، بەڵام لەدوای دەستبەکاربوونی کۆمپانیاکان، 100%ی داهات بۆ کۆمپانیایانە دەبێت و هەر پارێزگایەک داهاتی خۆی بۆ خۆی دەگەڕێتەوە.
سەبارەت بەکۆمپانیای ئاووئاوەڕۆی سلێمانی، سەربەست عوسمان وتی: کۆمپانیاکە سنوری پارێزگای سلێمانی، ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین و هەڵەبجە دەگرێتەوەو لەئێستادا چەند کۆبوونەوەیەک بۆ دروستکردنی کۆمپانیاکان کراوەو چەندین پێشنیازیش خراوەتەوەو ئاماکاری زۆر خێرای بۆ کراوە.
وتیشی: کۆمپانیاکە ئەنجومەنێکی کارگێڕی دەبێت، کە لەسەرۆک و (10) ئەندام پێکدێت، ئەوانیش لەبەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی شارەکان و ئەوکەسانی خزمەتی سلێمانیان کردووە یان لەکەرتی تایبەتدا کاردەکەن، هەڵدەبژێردرێن. [1]