دواڕۆژ، ڕەڤەند گوهەرزی
دوای دوو مانگ لە ڕفاندنی کچێکی #ئێزدی# تەمەن 25 ساڵ لە کومەڵگای گرعزێر لە ڕۆژئاوای قەزای #شەنگال#، لە ترسی زوڵم و دەست درێژی چەکدارانی #داعش# لە شاری #موسڵ# کوتایی بە ژیانی خۆی دێنێت.
دوای ئەو ڕووداوە، کەسێکی عەرەبی شاری موسڵ و دانیشتووی گەڕەکی وادی عەگاب، تەرمی ئەو کچە ئێزدیە لە شوێنێک دەشارێتەوە و دواتر زانیاری دەگەیەنێتە کەسوکارەکەی بۆ ئەوەی تەرمی کچەکەیان وەربگرن.
حسێن کورو قائیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش بە دواڕۆژی ڕایگەیاند، زێرێ خدر ئیسماعیل، ناوی کچێکی تەمەنی 25 ساڵ بووە کە لە 3ی مانگی هەشتی 2014 لە کومەڵگای گرعزێر لە ڕۆژئاوای قەزای شەنگال لەگەڵ خێزان و کەسوکاری لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێندرا.
وتیشی: لە بەر ترس و زوڵم و دەست درێژی چەکدارانی داعش بۆ سەر ئەو کچە دوای دوو مانگ لە ڕفاندنی لە شاری موسڵ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و لەو کاتەدا تەرمەکەی لەلایەن کەسێکی بە ڕەچەڵەک عەرەب لە گەڕەکی وادی عەگاب لە موسڵ لە شوێنێک شاردرایەوە.
ئاماژە بەوەشدا، دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر ڕووداوەکەدا و ڕزگارکردنی شاری موسڵ، زانیاریمان بە دەستگەیشت کە تەرمی ئەو کچە لە لەلایەن کەسێک لە گەڕەکی وادی عەگاب شاردراوەتەوە و لە ڕۆژی پێنجشەممە 14ی ئەیلولی 2017 بە هاوکاری دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش تەرمەکەی لە شاری موسڵ گوازرایەوە بۆ شاری دهۆک و دواتر ڕەوانەی پزیشکی دادوەریکرا.
لە ڕۆژی هەینی لە ڕێورەسمێکی تایبەتی کوردانی ئێزدی لە شەنگال تەرمی زێرێ خدر ئسماعیل بە خاک دەسپێردرێت.
قائیدی ئەوەشی خستەڕوو: لە خێزانی ئەو کچە توانیومانە 18 کەس لە دەستی چەکدارانی داعش ڕزگار بکەین و چەند کەسێکیش تا ئێستا ماون و ڕزگارنەکراون.
بەوتەی ناوبراو تا ئێستا نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش 3137 کەس ڕزگارکراون نزیکەی 3200 کەسیش لە دەستی داعشدا ماون.[1]