دواڕۆژ، سامان قوبادی
بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنانی #سلێمانی# باس لەو دەکات، بەپێی ئەو ڕێنماییانەی لە هەولێرەوە پێیان گەیشتووە، تاوەکو زەوی نەکرێت بە ناوی وەبەرهێنانەوە مۆڵەتی پێنادرێت، شارەوانیش ئامادە نییە زەویمان پێ بدات، ئەمەش هۆکاری کەمی مۆڵەت و پڕۆژەیە لە سلێمانی، سەرۆکی شارەوانی سلێمانیش دەڵێت، چەند ساڵە خەڵک پێمان دەڵێت، دەوڵەمەند دەوڵەمەندتر دەکەین، بەهۆی ئەو زەویانەی دراوە بە وەبەرهێنان قەرزێکی زۆرمان لەسەر کەڵەکە بووە، هاوکات بەرپرسی لقی سلێمانی بەڵێندەران ئاماژە بەوەدەکات، نەدانی زەوی و مۆڵەتی پڕۆژەی وەبەرهێنان بۆ ساغکردنەوەی ئەو خانوو شوقانەیە کەلەماوەی ڕابردوودا دروستکراون.
$هۆکاری کەمی مۆڵەتی پڕۆژە:$
فەرمان غەریب بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنانی سلێمانی بۆ دوارۆژ دەڵێت: دەستەی وەبەرهێنان لە هەولێر دەڵێن تا زەوییەکە نەکرێت بەناوی وەبەرهێنانەوە دۆسیەی پڕۆژەکە مەنێرن بۆ مۆڵەتپێدا، وتیشی: هیچ فەرمانگەیەک لە سلێمانی ئامادە نییە زەوی بکات بەناوی وەبەرهێنانەوە، بۆنموونە شارەوانی و گەشتوگوزار ڕازی نین، ئەمەش هۆکاری کەمی مۆڵەتی پڕۆژەی وەبەرهێنانە لەم شارەدا، لەمساڵیشدا تەنیا یەک مۆڵەتی پڕۆژەمان هەبووە.
$شارەوانی: بەهۆی ئەو زەویانەوە قەرزێکی زۆرمان لەسەر:$
هاوکات، بۆ ئەو مەبەستە یوسف یاسین سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بۆ دواڕۆژ باس لەوەدەکات: لە چەند ساڵی ڕابردوودا گەورەترین گلەی خەڵک ئەوە بوو کە دەوڵەمەند دەوڵەمەندتر دەکەین، ئەوکەسانەی وەبەرهێنەرن بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن شارەوانی سلێمانی لەئێستادا قەرزاری ئەو زەویانەیە کە لە ساڵانی ڕابردوودا دراوە بە وەبەرهێنەران و پڕۆژەی لەسەر جێبەجێکراوە.
سەرۆکی شارەوانی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو: لەژێر فشارێکی زۆرداین و قەرزێکی زۆرمان لەسەر کەڵەکە بووە، چونکە زەوییەکان هی خەڵکە و دەبێت قەرەبوو بکرێنەوە، نزیکەی 7 هەزار پارچە زەوی کە دراوە بە وەبەرهێنان قەرزاری خەڵکین، بەڵام ئەگەر پڕۆژەیەک خزمەتی ئەم شارە بکات زەوی پێدەدەین.
$بۆ ساغکردنەوەی شووقە و خانووە:$
لەلایەکی ترەوە سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، نەدانی مۆڵەت کاریگەریی لەسەر کەمی پڕۆژە و کاری بەڵێندەرایەتی هەیە، شێخ ناجی عیزەدین سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان بۆ دواڕۆژ وتیشی: هۆکاری پێنەدانی مۆڵەت و زەوی بە پڕۆژەی وەبەرهێنان بۆ ئەوەیە ئەو پڕۆژە نیشتەجێیانەی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا مۆڵەتیان پێ دراوە و تەواوکراون خانوو شوقەکانییان بفرۆشرێت.
ناوبراو باسی لەوەشکرد: نەدانی مۆڵەت کارگەریی هەبووە لەسەر کاری بەڵێندەرایەتی لە سلێمانی بەهۆی ئەوەی پڕۆژەی نوێ زۆرکەمە یان هەر نییە.[1]
15-09-2017