بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
هاونیشتیمانیانی خۆشەویست..
واجارێکی تر، لەڕێی کۆبونەوەیەکی نائاسایی و نایاسایی پەرلەمانەوە، لە بری ئاسایی کردنەوەی، هێندەی تر دۆخی پەرلەمانی کوردستان نائاسایی کرایەوە.
لەم کۆبونەوەیەدا لە چەندین ڕوەوە پێشێلکاری لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ئەنجام درا، هەر لە ئاراستە نەکردنی داواکاریی دانیشتنی نائاسایی بۆ سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان، ئامادە نەکردنی بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمان لە لایەن دەستەی سەرۆکایەتیەوە بە پێی ماددەی (20/ 1)ی و مادەی (54/ یەکەم/ 1-2)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، پێشێل کردنی ڕێوشوێنی گفتوگۆکردنی ئەندامان لەناو هۆڵی پەرلەمان بەپێی مادەکانی (55- 58- 74)ی پەیڕەو، نەگرتنەبەری ڕێوشوێنی پێشکەش کردنی پڕۆژەی بڕیار و ئەنجامدانی خوێندنەوەی یەکەم بۆی و ئاراستە کردنی بۆ لیژنەی پەیوەندیدار و ئامادە کردنی ڕاپۆرتی لیژنە و ڕێوشوێنەکانی گفتوگۆ کردنی پڕۆژەی بڕیار و ڕاپۆرتی لیژنە لەسەری لە لایەن پەرلەمان و پەسەند کردنی بەپێی مادەکانی (71 و 72).
بۆیە کۆبونەوەیەکی وا نایاسایی دەرەنجامەکانیشی پوچەڵن.
هەمو ئەم پێشێلکاریە پەیڕەوییانە لەکاتێکدایە کە ئێمە لەم خولەی پەرلەمانی کوردستان ئامانجمان بو کە سەردەمی کاری ناقانونی لە کاری پەرلەمانی کۆتایی پێبهێنین و بچوکترین هەڵەی پەیرەوی لە کارەکانمان ڕاست بکەینەوە.
ئەم کۆبونەوەی پەرلەمان گەڕانەوەیەکی مەترسیدار بو بۆ سەردەمی کاری نایاسایی لە کاری پەرلەمانی کوردستان.
هەڵبەت هەڵپروزکاندنی مافی چارەی خۆنوسونی گەلی کوردستان و سەربەخۆیی، ئەم مافە سەرەتاییەی خەڵکی کوردستان، لە کۆبونەوەیەکی وا نائاسایی و نایاساییدا هەم کەمنرخ و بایەخ کردنی ئەم بابەتە چارەنوسسازەیە و هەمیش هێندەی تر شکاندنی شکۆی پەرلەمانی کوردستانە وەک مەرجەعی باڵای شەرعی و هەڵبژێردراوی خەڵکی کوردستان.
ئەنجام دانی ڕیفراندۆم، پێویستە بە یاسا ڕێکبخرێت،، هەر وەک یاساکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێم و ئەنجومەنی پارێزگاکان و یاسای ئامادەکردنی پڕۆژەی دەستوری هەرێم بۆ ڕاپرسی.
لە هەمان کاتدا سپاردنی بڕیاردان لەم پرسە چارەنوسسازە بە لایەنی نادیار و ناڕەسمی و هەڵنەبژێردراو، تەنازول کردنە لە دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی کوردستان و مەرجەعیەتی کە ئەمەش کارێکی نایاساییە.
به هیوای ئەوەی ئەم ڕەوتە نایاساییە لەناو پەرلەمانی کوردستان لێرەدا بوەستێت و سەرباری ئاسایی کردنەوەی دۆخی پەرلەمان، هەموان کار بکەین بۆ چەسپاندنی پرینسیپەکانی دیموکراسی و یاساسەروەری و ئەنجامدانی هەڵبژاردنە گشتیەکان لە کاتی خۆیدا و هێنانەکایەی خۆشگوزەرانی و حوکمی دامەزراوەیی لە کوردستان.
#فەخرەدین قادر#
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان
د. #یوسف محەمەد# سادق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
15-09-2017