کوێخا ساڵحی گەرمکی تەق تەق.
ناوی تەواوی (حەمە ساڵح حەمەدەمین ئیسماعیل شێخانی)ە نەوەی قادری شێخانی ئیلنجاغی گەورەیە.
لەساڵی (1928) لە بنەماڵەیەکی ناودار و خانەدان لە گوندی (گەرمکی تەق تەق) هاتۆتە دنیاوە.
هەر لە سەرەتای گەنجایەتی لەسەر نەریتی باب و باپیرانی خاوەن دیوەخان بووە و بەردەوام دەرگای ماڵەکەی کراوە و ئاوەڵا بووە بۆ هەژاران و لێقەوماوان و میوان و ڕێبوارانی ناوچەکە هەرکەسێ ڕووی تێ کردبێ نائومێدی نەکردووە و یارمەتی داوە پیاوێکی تابڵێی نیشتمان پەروەر و کورد پەروەر بووە لە ساڵی (1963) لەشۆڕشی مەزنی ئەیلوول تاوەکو ساڵی (1975) چەکی پێشمەرگایەتی کردۆتە شان لەژیانی پێشمەرگایەتی چەندین پلەت جۆراوجۆری وەرگرتووە جارێکیش بە خەستی برینداربووە دوا پلەی ئامیر بەتالیۆنی (حاجی قەڵا) بووە. پێنج جار ماڵەکەی لەلایەن ڕژێمەکانی عێراق سوتێنراوە چەندین جار گوندەکەشیان کاول و وێران کراوە. دوو کوڕیشی بە ناوەکانی (فەتاح و کەمال) لە شەڕەکانی بەرگری لە کوردستان شەهید بوون. لە ژیانیدا لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکی ناوچەکە و دەزگا بەرپرسەکان گوێ لە داواکاریەکانی گیراوەو پرس و ڕای پێ کراوە دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی ناوچەکەی چارەسەرکردووە کەسایەتیەکی ناوداری ناوچەکە بووە. بەداخەوە ئەم کەڵە پیاوە ناودارە لە بەرواری 18-9-1998 کۆچی دوایی کردووە.