ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە #پەرلەمانی عێراق# دەڵێت، ئامادەبوونمان لە بەغدا تەنها شەرعیەتدانە بە حکومەتی عێراق و ناتوانین هیچ سوودێک بە خەڵکی خۆمان بگەیێنین، دەشڵێت وەکو سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان بڕیارماندا بەغدا بەجێبهێڵین و ناچینە دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق تاوەکو دوای ئەنجامدانی گشتپرسی.
#شاخەوان عەبدوڵڵا#، ئەندامی #فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان# لە پەرلەمانی عێراق، لەمیانی ئامادەبوونی لە کەرنەڤاڵی پشتیوانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆبوونی #باشووری کوردستان# لە #کەرکووک#، لە لێدوانێکدا بە ڕووداوی ڕاگەیاند ئەو کەرناڤەڵەی ئەمڕۆ بە تەواوی پێکهاتەکانی کەرکووک نامەیەکی کراوەبوو بۆ بەپرسانی عێراق کە ئیرادەی خەڵک بەهێزترە لە بڕیارە ناشەرعی و نادەستوورییەکانی ئێوە، هاوکات باشترین بەڵگە بوو بۆ ئەوەی خەڵکی کەرکووک ئیرادەی لە باقی پارێزگاکانی دیکەی هەرێم بەهێزترە بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆی یەکلایی بکاتەوە.
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو بەغدا دوو بڕیاری دژی خواستەکانی خەڵکی کوردستان دا، بڕیارێکیان بۆ دژایەتیکردنی گشتپرسی و ئەنجامنەدانی بوو، بڕیارێکی دیکەیان تایبەتبوو بە دوورخستنەوەی پارێزگاری کەرکووک، بە بڕوای شاخەوان عەبدوڵڵا هەردوو بڕیارەکە نایاسایی بوون، ئەوەش بووە هۆکارێک بۆئەوەی ئێمە بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمان بکەین.
سەبارەت بە دانیشتنەکانی پەرلەمان، شاخەوان عەبدوڵڵا، دەڵێت ڕاستە ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمان هەیە، بەڵام ئێمە سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە کۆبوونەوە داوامان لە دەستەی سەرۆکایەتی کرد ئەو دۆخەی هەیە تاوەکو دوای ڕیفراندۆم دوابخرێت و هیچ دانیشتنێک نەکرێت، چونکە کاریگەری بەسەر شەقامەوە دەبێت و تووندوتیژییەکان زیاتر دەکات، بەڵام بەبێ گوێدانە ئێمە ئەوان بڕیاری ئەوەیاندا کە بەردەوامبن، ئێمەش وەکو سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان دوێنێ بڕیارماندا بەغدا بەجێبهێڵین و ناچینە دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق تاوەکو دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی بەغدا بۆ ڕێگریکردن لە گشتپرسی و ئەنجامنەدانی، ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی بەحوکمی ئامادەبوونمان لە بەغدا، دوێنێ وەکو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی کۆبووینەوە، ئێمە گەیشتووینەتە ئەو باوەڕەی ئەوەی دەکرێت تەنها هەڕەشە و گوڕەشەیە بۆ ساردکردنەوەی خەڵکی کوردستان و ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم، زمانی دوێنێیان جیاوازی هەبوو، زانیان کە ئێمە سوورین لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، باسی ئەوەیانکرد کە ڕەنگە ئەنجامەکانی قبوڵ نەکەن، ئێمەش پێمانخۆشە ئەنجامەکەی قبوڵ بکەن، بەڵام ئەگەر قبووڵی نەکەن، ئەوا بەلای ئێمە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گرنگە کە دان بە مافەکانی ئێمەدا بنێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا، گوتیشی کۆمەڵێک پلانی دیکەیان هەیە دژی ئەو پەرلەمانتارە کورد و عەرەبانەی پاڵپشتی سەربەخۆیی دەکەن، بۆ ئەوەی متمانەیان لێ بسەننەوە، لەوانە میسال ئالوسی و پەرلەمانتارە کوردەکانیش، هاوکات پرۆژەیەکیان لە دژی سەرۆکایەتی کۆمار هەیە، بەڵام بەلای ئێمە پشتگیری لە پرسی خۆمان گرنگترە، بە نسبەت پەرلەمانتارە کوردەکان پێمانوایە ئامادەبوونمان لە بەغدا تەنها شەرعیەتدانە بە حکومەتی عێراق و ناتوانین هیچ سوودێک بە خەڵکی خۆمان بگەیێنین.[1]
19-09-2017