حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 6 ملیار دۆلاری پارەی پاشەکەوتی فەرمانبەران قەرزارە، پەرلەمانی کوردستانیش کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستمی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران دەکات.
#ئەبوبەکر هەڵەدنی#، سەرۆکی فراکسیۆنی #یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان# دوای کۆبونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان کە دوێنێ 18ی ئەیلولی 2017 ئەنجامدرا ڕایگەیاند بڕیاردراوە ڕۆژی چوارشەممە 20ی ئەیلول لەگەڵ سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم و سێ لیژنەی پەیوەندیداری حکومەت کۆببینەوە لەسەر لابردنی سیستمی پاشەکەوتی موچە.
راشیگەیاند ئێستا ڕۆژانە حکومەت 700 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و بڕی داهاتیش بایی ئەوەندەیە کە موچەی فەرمانبەران لەکاتی خۆی بەبێ پاشەکەوت دابەشبکرێت.
هاوکات عەزیز عەلی، شارەزا لە بواری ژمێریاری بەدواڕۆژی ڕاگەیاند لە ئێستادا حکومەتی هەرێم زیاتر لە 6 ملیار دۆلار پارەی پاشەکەوتی فەرمانبەران قەرزارە، بە پارەی کاش توانای گێڕانەوەی ئه و پارەیەی نییە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 2016 دا بە بڕیاری ژمارە (64) سیستمی پاشەکەوتی موچەی پەیڕەوکرد و موچەی فەرمانبەرانی بەڕێژەی 15% بۆ 75% کەمکردەوە، جگە لە پێشمەرگە و ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان.
لەدوای پەیرەوکردنی ئه و سیستمەش ڕێژەی هەژاری لە (3،8%) لەساڵی 2012 بۆ (13،5%) لەساڵی 2016 بەرزبۆتەوە، هەروەها ڕێژەی بێکارییش لە (7،9%) لە ساڵی 2012 بۆ (14%) ساڵی 2016 بەرزبۆتەوە و گەشەی ئابووری هەرێمیش (5%) کەمیکردووە.[1]
20-09-2017