بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
راگەیانراوێک بۆ ڕای گشتی و هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان
بڕیاردان لە مافی چارەنوس و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان مافێکی سروشتی گەلی کوردستانە.
خەباتی ڕزگاریخوازانەی زیاتر لە سەد ساڵی ڕابردوی گەلەکەمان لە هەمو پارچەکانی کوردستان لە پێناوی سەربەخۆیی و مافی چارەنوس بوە.
#ڕیفراندۆم# یەکێکە لە ئامرازەکانی گەیشتن بەو ئامانجە نەتەوەییە، بەڵام ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەم بارودۆخە ئاڵۆزو پڕ لە قەیران و ئایندە نادیارەدا نەک تەنها خزمەتی ئەو ستراتیژە ناکات بەڵکو هەنگاوێکی مەترسیدارە لە سەر ئێستاو ئایندەی گەلەکەمان،
چونکە:
یەکەم/ ئەگەر ڕیفراندۆم، وەک ئەوەی بڕیاری لێدراوە، لە کەرکووک و ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکان ئەنجام بدرێ دەبێتە مایەی شەڕو پشێوی و لەدەستدانی ئەو ناوچانە، کە بە هەزاران قوربانیمان لەپێناویان داوە.
خۆ ئەگەر ڕیفراندۆم لەو ناوچانە ئەنجام نەدرێ ئەوا بەدەستی خۆمان دەسبەرداری نزیکەی نیوەی ڕوبەری کوردستانی باشور دەبین
دوەم/ شەڕو ڕوبەڕوبونەوەی نێوان هێزی پێشمەرگەو هێزەکانی عیراق و گروپە چەکدارەکان دەبێتە مایەی تێکچونی باری ئاسایش لەزۆربەی ناوچەکانی کوردستان.
ئەم هەنگاوە نەک نابێتە مایەی خۆشگوزەرانی خەڵک، بەڵکو ژیانیان سەختترو باری سەرشانیان قورستر دەکا.
سێیەم/ درزێکی گەورەی تر دەکەوێتە ناو ڕیزەکانی گەلەکەمان بەهۆی هەڵوێستی جیاوازی ئێستای خەڵک سەبارەت بە ڕیفراندۆم.
دواتر ساڕێژکردنی ئەو برینە کاتێکی زۆری دەوێت و دەرهاویشتەکانی ترسناکن، بەڵام لە ئێستادا ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو دەوڵەتە ئەوروپاییەکان و نەتەوە یەکگرتوەکان داوا لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەن ڕیفراندۆم ئەنجام نەدرێ.
ئەو دەوڵەتانە ئامادەییان دەربڕیوە نێوەندگیری لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدادا بکەن و هەوڵی چارەسەری کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراق بدەن.
لەم سۆنگەیەوەو بۆ دەربازبون لەم بارودۆخە ئاڵۆزو نادیارەی گەلەکەمان تێی کەوتوەو لە هەستکردن بە بەرپرسیاریێتی ئاینی و نیشتمانی و نەتەوەییەوە، داوا دەکەین پێشوازی لەو دەستپێشخەریەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکرێ.
هەروەها جارێکی تر بە پێویستی دەزانین دوپاتی بکەینەوەو پێشتریش لە دو ڕاگەیەندراوی هاوبەشدا داوامان کردوە کە ڕیفراندۆم دوابخرێت و زەمینەی لەباری بۆ بڕەخسێنرێت، بە گێڕانەوەی یەکڕیزی و تەبایی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکان و چاککردنی بژێوی و ژیانی خەڵک و گێڕانەوەی شکۆ بۆ دامەزراوە شەرعیەکانی کوردستان.
پاشان ڕەخساندنی زەمینەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە لەکات و هەلومەرجێکی گونجاودا کە سەربەخۆیی بە دوای خۆیدا بهێنێت و ئەگەری مەترسییەکان کەمتر بکاتەوە.
#کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان# - #بزوتنەوەی گۆڕان#
20-09-2017