هەفتەیەکە فەرمانگەی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی #هەرێمی کوردستان# لە سنووری پارێزگای #نەینەوا# کراوەتەوە و ئۆفیسەکەشی لە سەنتەری قەزای #شێخان#ە. بەرپرسی فەرمانگەکەش دەڵێت زیاتر لە 300 هەزار کەس لەو ناوچانە مافی دەنگدانیان لە گشتپرسییەکەی 25ی ئەیلوولدا هەیە. 1400 کارمەندیش ئامادەکراون بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە.
سەعید جردۆ، بەرپرسی فەرمانگای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە پارێزگای نەینەوا بە (رووداو)ی ڕاگەیاند پاش ئەوەی سەرجەم ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا ئەوانەی لە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدان، بەفەرمی داوای ئەنجامدانی گشتپرسیان کردووە داواکارییەکەیان گەیاندە کۆمیسۆن، ئەوانیش هەفتەی ڕابردوو فەرمانگەی کۆمیسۆنیان لە سنووری پارێزگای نەینەوا کردەوە، ئێستا ئۆفیسەکەمان لە سەنتەری قەزای شێخانە، زۆربەی ئامادەکارییەکانمان بۆ گشتپرسی لەو سنوورە تەواو کردووە.
سەعید جردۆ ئاماژەی بەوەدا 140 بنکەی دەنگدان لە سنووری پارێزگای نەینەوا دەکەنەوە. هەر هاووڵاتییەک کە دانیشتووی ئەو سنوورە بێ، لە ڕۆژی دەنگدان بە ناسنامەی باری شارستانی، یان فۆرمی خۆراک دەتوانێ دەنگ بدات. بەڵام ڕەتیکردەوە عەرەبی تەعریبی ئەو ناوچانە دەنگ بدەن هیچ عەرەبێکی تەعریب کە کاتی خۆی بەعس هێناویەتی بۆ ئەو ناوچەیە مافی دەنگدانی نییە.
بە گوتەی سەعید زۆربەی ئامادەکارییەکانی کۆمیسۆن لەو ناوچەیە بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی تەواو بوون و دەڵێت ناوی 1400 کەسمان بۆ کۆمیسۆن ناردووە بۆ ئەوەی لە ڕۆژی دەنگداندا سەرپەرشتی پرۆسەکە بکەن و بڕیارە سبەی سێشەممە کۆمیسیۆن وەڵاممان بداتەوە.
لەساڵی 2014 داعش هێرشی کردە سەر زۆربەی سنووری پارێزگای نەینەوا، ڕووبەرێکی زۆری پارێزگاکای بە سەنتەری پارێزگاوە داگیرکرد، بەڵام پێشمەرگە توانی زۆربەی ئەو شوێنانە ڕزگار بکات کە بە ناوچەی ناکۆکی لەسەر دادەنرێت و دەکەونە سنووری پارێزگای نەینەوا، هەر یەک لە ناحیەکانی باشیک، زیلکان، ئەلقوش، وانە، زوممار، عیازیە، ڕەبیعە و سنووری دەشتی دەینەوا و شنگال لەلایەن پێشمەرگە ئازادکراون و بڕیارە گشتپرسیان تێدا بکرێ.
سەبارەت بە ئاوارەکان سەعید جردۆ گوتی ئەوانەی ئاوارەن ئەوە ئۆفیسی دهۆک سەرپەرشتیان دەکات، بەڵام 300 هەزار ئاوارە کە گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان ئەوە ئێمە سەرپەرشتیان دەکەین.
8 بنکەی دەنگدان لە شنگال دەکرێنەوە
لە قەزای شنگال و ناوچەکانی ڕۆژئاوای دیجلە ئامادەکارییەکان بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی.
مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شنگال بە (رووداو)ی گوت چەند ڕۆژێک ئێمە کار لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسی لە ناوچەکانی شنگال دەکەین، کۆمسیونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی لە هەرێمی کوردستان، بڕیاری کردنەوەی هەشت بنگەی دەنگدان لە سنووری قەزای شنگال دایە، حەوت لەوان لە سنووری سنونێ دەبێ، یەکێکیشیان لە سەنتەری قەزای شنگال دەبێ.
کۆمەڵگەی خانەسۆر و بەشێک لە ناوچەکانی شنگال کە دەکاتە نزیکەی 16% خاکی شنگال، لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سەر بە پەکەکە دان، سەبارەت بە دەنگدانی خەڵکی ئەو ناوچانە قایمقامی قەزای شنگال دەلێت بنکەی دەنگدان لە شوێنانە ناکەینەوە کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سەر بە پەکەکەدان، بەڵام پلانمان دانایە بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە، ئەوان دەتوانن لە سنونێ و سەردەشتی چیای شنگال دەنگ بدەن.
عەرەبەکان ئامادەن بۆ گشتپرسی
ئێستا ژمارەیەکی زۆر عەرەب لە ناوچەکانی زوممار، ڕەبیعە، عیازیە و شنگال لە سنووری ڕۆژئاوای دیجلە نیشتەجێن و دەڵێن بەشداری لە گشتپرسییەکەی 25ی ئەیلوولی باشووری کوردستان دەکەین.
شێخ مزاحیم ئەلحوتی، گوتەبێژی هۆزەکانی عەرەب لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای دیجلە بە (رووداو)ی گوت نزیکەی 400 گوند و کۆمەڵگای ڕۆژئاوای دیجلە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتیی هێزی پێشمەرگەدان، کە ژمارەی دانیشتووانی عەرەب لەو ناوچانە نزیکەی 25 هەزار کەس دەبن، لەو ناوچانەش چەند ئاهەنگێک بۆ گشتپرس بەڕێوەچوون، جگە لەوە نوێنەری سەرجەم ناوچەکان، ڕەبیعە، زوممار و عیازیە بە فەرمی داوایان کردووە کە گشتپرسی لە ناوچەکانیان بکرێ.
عەرەبەکانی ئەو ناوچانە زۆربەیان عەرەبی شەمەرن، بەشی زۆریان لەکاتی هێرشی داعش دا، ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانیان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە، گەڕانەوە ناوچەکانیان.
شێخ مزاحم پێشبینی ڕێژەی بەشداری عەرەبی ناوچەکە لە گشتپرسیدا دەکات و دەڵێت بەپێی پێشبینیەکانی ئێمە، 90%ی عەرەبەکانی ئەو ناوچانە بەشداری گشپرسی دەکەن، زۆربەشیان بە بەڵێ دەنگ دەدەن، چونکە هەموویان باش دەزانن چارەنوسی ئێمە لەگەڵ کوردستان ڕوونترە، ئەگەر ئێمە نەکەوینە سەر هەرێمی کوردستان، ئەوا چارەنووسی ئێمە لە دەستی عێراق و شیعەکان بەرەو نادیاری دەچێ. [1]
22-09-2017