نەسلیهان #بابان# لە 5ب ئابی 1917دا لەدایک بووە. باوکی لە وڵاتی کۆنی #تورکیا# ناوی عەباس ڕەجای نوزهەت کوڕی یەحیا نوزهەت پاشا کوڕی عەلی بەگ کوڕی خالید پاشای بابانە. ئەوان تەنیا دوو خوشکن، تەنیا دەژین و لە خێزانەکەیان هیچ منداڵ و نەوەیەکیان لە دەور نەماوە.
نەسلیهان بابان لە لیسەی
(سانت بەنۆت) گەورە بووە
ئه و لە ساڵی 1941دا شووی بە شاعیری ناودار و مامۆستای دیندارانی تورکیا نەجیب فازڵ کساکورەک کردووە. حەوت منداڵیان بووە: محەمەد (1943)، عومەر (1944- 2005)، ئایشە (1948)، عوسمان (1950)، زەینەب (1953- 2002) کە دوو کوڕی هەبووە، هەردووکیانی ناو ناوە عەلی، بەڵام بە منداڵی مردوون.
حاکمانی میرنشینی بابان کە پایتەختەکەی شاری سلێمانی بووە، کاتێک لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا کۆتایی بە میرنشینەکەیان هات، ئەوان بۆ ئەستانبوڵ دوور خرانەوە و لەوێشدا نیشتەجێ بوون.
لە نووسینێکدا لەبارەی دیجلەهان بابانیش ڕوون کراوەتەوە، کە بابان لە ژیانی سیاسی، دیپلۆماسی، کولتووری، زانستی و ئابووریدا ڕۆڵی گرنگیان لە ئەستانبوڵ و تورکیادا گێڕاوە. هەندێکیان لەم دەڤەرە بەر لە سەردەمی کۆماری لە گەرمەی شەڕی جیهانیدا، جێی گرنگیان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا گرتووە.
لەبارەی ژیانی نەسلیهان کساکورەک زانیاریی کەم هەیە. لە کاتی ئامادەکردنی ئەم وتارەدا، من پەیوەندیم بە جێگری سەرۆکی وەقفی کولتوور و لێکۆڵینەوەی نەجیب فازڵ کساکورەکەوە کرد، من لە ڕێی (شەیما کساکورەک سوونمەزئۆجاک)ەوە بە دیداری بەڕێز سوعاد ئاک گەیشتم، ئەمیش نووسەری کتێبێکە بە ناوی (Necîp Fazil ve Büyük Doğu) کە لە ئایاری 2016دا چاپ کراوە، ئه و بەڕێزە زانیاریی پوختی پێم دا. هەندێ لە زانیارییەکانی ئەم وتارەش بە سایەی ئەوەوە دەستم کەوتوون.
ئه و وەک هاوژینێکی دروست، بەئەمەک و وەفاداری نەجیب فازڵ و دایکێکی فیداکار و پەروەردەکاری منداڵەکانی خۆی، لە میدیای دینداراندا ناسراوە. میدیای سکولار، هەردەم ویستوویەتی ژیانی مۆدێرنانەی ئه و بۆ بچووککردنەوەی نەجیب فازڵ کساکورەک بەکار بهێنێت. وەکی دی، حیسابی نەبووی بۆ ئەوان کردووە.
لەبارەی کەسایەتیی ئەوەوە بە فراوانی زانیاری بۆ جارێکی دی لە لایەن نەجیب فازڵ خۆیەوە بە دەستەوە دراوە. ئه و ڕوونی دەکاتەوە، کە لە ژیانی خۆیدا ئه و بەره و ڕووی چرکەساتێک هاتووەتەوە کە ژیانی ئەوی کردووەتە دوو بەشەوە: پێش و پاش ئه و چرکەساتە.. ئەویش کاتی ناسینی سەید عەبدولحەکیم کە بە شێخی نەقشبەندی ئارواسیی کوردی وان ناودارە. لەپاش ئەوە نەجیب فازڵ دەبێتە مریدی ئەو، گەلێک فەیز و دانایی له و وەرگرتووە، بە ناسینی ئه و زاتە، ژیانی ئه و بە تەواوی گۆڕاوە.
سەید عەبدولحەکیم ئارواسی هەردەم پێی دەگوت کە ژن بهێنێت. گەلێک جار نەجیب فازڵ ئەوی بۆ ماڵی خۆی داوەت دەکرد، بەڵام شێخی ئارواسی دەیگوت: هەتا ژن نەهێنی من نایەمە ماڵی تۆ.
ئه و یەکێکی بە گوێرەی خۆی پێ پەیدا نەدەکرا، بە شێخی گوت: ئێوە یەکێکم بۆ بدۆزنەوە، با تەنانەت کەنیزەی ئێوەش بێت، من پێی ڕازی دەبم. شێخ قبووڵی نەدەکرد و دەیگوت: پێویستە یەکێک بێت لە دەوروبەری خۆت، تۆ بۆ خۆت بیبینەوە.
نەجیب فازڵ ڕۆژێکیان فاتیمە نەسلیهانی ناسی، ئه و دەباتە ناوچەی ئەییوب و لە کافتریای (پیەر لۆت) دای دەنیشێنێ، پاشان دەردەچێ و دەچێتە حزووری شێخ، کە ماڵەکەی نزیکی کافتریاکە بوو:
ئەزبەنی، من کەسێکم ناسی، ناوی نەسلیهانە.. کچێکە له و مۆدێرنانەی کە تۆ دەناسێ، نەوەی بابان، بابان زادەیە.. من هەتا ئەم نزیکانە ئەوم هێناوە. ئێستا ئه و لە کافتریاکە دانیشتووە. ئێوەش تەقدیر دەکەن کە زەحمەتە باوەڕ بە کچانی مۆدێرنی ئەم زەمانە بکرێت. من گومانم هەیە، ئێوە چ دەفەرموون؟
بە جووڵەیەکی برووسکینەوە پرسیی: چیی لەبەردایە؟
مانتۆیەکی کەسک، ئەزبەنی.
تۆ له و نا، لە خۆت گومان بکە! بەم جۆرە نەجیب فازڵ، نەسلیهان تەنیا بە سەید عەبدولحەکیم دەناسێنێ. شێخ لە ژوورەوە نا، لە دەرەوە پێشوازی لە هەردووکیان دەکات و دەڵێت: خوا زامن و کەفیلە، لەبیر مەکە! ئەوان دەستی شێخ ماچ دەکەن، ڕێک دەکەون و ژیانی هاوسەری پێک دەهێنن. پاشان شێخ هەموو کات بە نەسلیهان دەڵێ: بووکی من، بە نەجیب فازڵیش دەڵێ: زاواکەی من.
هاوسەرییەکەیان هەتا مردن بەردەوام بوو، نەسلیهان هەر پشتگیریی مێردەکەی دەکرد، لە ڕۆژانی تەنگ و تاریکدا پشتگیری، تین و تاقەت و هیوای پێ بەخشیوە. کاتێک ئه و بە خاڵی پەستبوون و خەمباری دەگەیشت، ئەم بە جۆشی دەهێنایەوە و دەیخستەوە سەر پێ. لە دادگاکاندا لە پشتی بوو، لە کاتی زیندانیدا سەردانی دەکرد، هیوای پێ دەدا.
هەڵبەت نەسلیهان کساکورەک بۆ خۆشی لە دنیای کولتووردا جێ و پێگەی خۆی هەبوو. ماوەیەک خاوەنی گۆڤاری (رۆژهەڵاتی مەزن: Büyük Doğu Dergisi) بوو. لە ساڵی 1947دا بە بەهانەی کە (سووکایەتیی بە تورکیا کردووە)، لەگەڵ هاوژینی زیندانیکراوی خۆی چوونە بەردەم دادگا، لە 6ی ئابی 1947دا بێ تاوان دەرچوون، بەڵام دادگای باڵا بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە و ئەوی بە دووگیانییەوە ڕەوانەی زیندان کرد.
ئه و لە دوایین لاپەڕەی گۆڤاری (Büyük Doğu)دا لە ساڵی 1945دا بە ناونیشانی (ئەدەبی موعاشەرەت: Muaşerat Edebi وتارێکی نووسیوە. لە ساڵی 1952دا لە (Büyük Doğu)ی ڕۆژانەدا، (پۆل و ڤرژین)ی نووسەری فەرەنسی (سانت پییر)ی کردە تورکی و بە زنجیرە بڵاوی دەکردەوە. لە (بوویووک دۆغو: Büyük Doğu)ی ڕۆژانەدا لە ساڵی 1956دا کتێبی (ئەلکساندرە دۆماس)ی (گۆستاف بالسامۆ)ی وەرگێڕا و بڵاوی کردەوە.
ئه و لە دادگای (یاسی ئادیا) سەبارەت بە دۆزی (کۆنتۆی شاراوە) بەره و ڕووی دادگا وەستاوەیەوە. دادوەر لەوی پرسی کە لەبارەی کۆنتۆی شاراوە چی دەزانێت. ئه و بەرسڤی سەرۆکی دادگاکەی دایەوە، پێی گوت کە بۆ جاری یەکەم بوو کاتێک کە (رەجەب پەکەر) 100 هەزاری لە مێردەکەی (نەجیب فازڵ) خواست، ئه و قسەیەی بیستووە، پاش ئەوە بە هیچ شێوەیەک ئه و قسەیە بەکار نەهاتووە.
نەسلیهان ڕۆڵەی ماڵباتێکی ئەرستۆکراتی مۆدێرن بوو. ئه و بە سەری کۆت و بە شێوەی مۆدێرنی ڕۆژاوایی بوو، ماڵەکەی بە شێوەیەکی مۆدێرن ڕازا بووەوە. خواردنی، هەستان و دانیشتن و ڕەفتاری هەموو بە مۆرکی مۆدێرن بوون. ڕووناکبیری تورک (تەها ئاکیۆل) پاش ئەوەی لەگەڵ (ئەلپەرسلان تورکیش) چووە میواندریی نەجیب فازڵ کساکورەک، لەبارەی ئه و مۆدێرنایەتییەی نێو ماڵی نەسلیهان خانم گەلێک بە پەسن نووسیویەتی.
لەبەر مۆدێرنی و سەر کۆتییەکەی، گەلێک ڕەخنە لە نەجیب فازڵ کساکورەکی دیندار و شەریعەتخواز گیراوە. کەچی ئه و هەرگیز گومانی نەخستووەتە سەر هاوژینەکەی، لەبەرئەوە دڵتەنگ نەبووە و هەردەم پێی سەربڵند بووە. بە گوێرەی محەمەدی کوڕیان، لە مێرخاسی، سەربڵندی و قووڵبوونەوەی کولتووری و بەرخوردی باوکی، بەشی دایکی زۆر دیار بووە. ئەگەر ئه و نەبوایە، نەجیب فازڵ نەدەبووە ئه و نەجیب فازڵ کساکورەکەی ئێستا.
فاتیمە نەسلیهان کساکورەک لە 22ی گوڵانی 1995دا کۆچی دوایی کردووە، بە وەسیەتی خۆی لە گۆڕستانی ئەیووب سوڵتان لە تەنیشت گۆڕی هاوسەرەکەی نەجیب فازڵ کساکورەک نێژرا. [1]