دواڕۆژ، ڕێبین حەسەن
سەرەڕای بریاری قەدەغەکردنی هاوردەی #تەماتە# بۆ ماوەی مانگێک لە ئێرانەوە، بەڵام هێشتا جووتیارانی سنووری #پێنجوێن#، کێشەی ساغنەکردنەوەی تەماتەیان هەیە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئەمساڵ بەرهەمی تەماتەی سنوورەکە بە 500 هەزار تەن مەزەندە دەکرێت، قائیمقامی پێنجوێنیش، دەڵێت فشارەکانمان بۆ قەدەغەکردنی تەماتە و بەرهەم پێگەیشتووەکانی دیکە، لەمەرزەکانی دیکە چڕتردەکەینەوە.
$زەرەرمان کردووە$
یاسین ڕەحیم، جووتیارێکی ناوچەی چەمی شلێری پێنجوێن، بۆ دوارۆژی وتی بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنین، بەتایبەت لەوەرزی پێگەیشتنی تەماەدا بەرهەمەکانمان لە بازاڕدا پارە ناکات، هەندێک جار بەرهەمی جووتیاران نەک هەر پارەی نەدەکرد، بەڵکو پارەشمان دەدا، تا لەکۆڵمان دەبوەوە.
وتیشی ئەمساڵ ڕووبەری نزیکەی سێ دۆنم زەویم کردووە بە تەماتە و بڕی (1) ملیۆن و (500) هەزارم تێدا خەرجکردووە، لەئێستاشدا هەرچەندە بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی تەماتەی ئێرانی تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو لەباشماخەوە دراوە، بەڵام هێشتا تەماتەکەمان پارە ناکات، ئەوەش دیارە بەهۆی بەردەوامی تەماتەی قاچاخە لەخاڵە سنوورییە نافەرمییەکانی دیکەی ناوچەکەوەیە.
ئه و جووتیارە ئاشکرایکرد، پێش بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی تەماتەی ئێرانی لەباشماخەوە، یەک سندوق تەماتەی (13) کیلۆ داوەتە (3500) دینار، بەڵام لەئێستادا هەمان بڕ ئه و پارەیە ناکاتەوە، ئەوەش لەبەرئەوەی لەمەرزەکانی دیکەوە ڕۆژانە تەماتەیەکی زۆر هاوردە دەکرێت.
خاوەنی عەلوەیەک: داخستنی باشماخ تەنیا چارەسەر نییە
لایخۆشیەوە،سۆران محەمەد، خاوەنی عەلوە لەپێنجوێن، بۆ دواڕۆژ، وتی: لەئێستادا ڕۆژانە بەرهەمێکی زۆری جووتیارانی پێنجوێن دێتە لای ئێمە و لێیان دەکڕینەوە، بەڵام بەداخەوە کە جووتیاران دوای ماندووبوونێکی زۆری چەند مانگەیان، بەڵام بەنرخێکی زۆر کەم دەیفرۆشنەوە، کە تێچووەکەی نیە.
بەختیار قادر، نوێنەری جووتیارانی پێنجوێن، بۆ دواڕۆژ، ڕایگەیاند: ئەمساڵیش لەسنوورەکەماندا بەشێوەیەکی گشتی جووتیاران توانویانە بەرهەمێکی زۆری جۆراوجۆری کشتوکاڵی بەرهەمبهێنن، بەتایبەت تەماتە و دەتوانین دڵنیایی بدەینە لایەنە پەیوەندیدارەکان کە بەشی ناوخۆیی پارێزگاکانی هەرێم تەماتەمان بەرهەم هێناوە، هەرچەندە لەمەرزی باشماخ، تارادەیەک توانراوە بڕیارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بە دانانی باج لەسەر هاوردەکردنی بەروبومی دەرەکی وەک خۆیان جێبەجێکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: بەپێی بەدواداچوونەکانمان، کە بۆ مەرزەکانی تر کردومانە بڕیارەکان جێبەجێناکرێن، ئەوەش وادەکات کە بەرهەمی ناوخۆیی نەتوانێت ڕکابەری بەرهەمی دەرەکی بکات لە نرخدا و دواجار جووتیاران باجەکەی دەدەن.
$فشارەکانی چڕتردەکرێنەوە$
لایخۆشیەوە، زانا ڕەحمان، قائیمقامی قەزای پێنجوێن، بەدوارۆژی ڕاگەیاند: لەدوای فشاری زۆر جووتیاران و هەوڵەکانی ئێمە، بەهۆی ئەوەی کە لەئێستادا بڕێکی زۆر لەتەماتەی خۆماڵی پێگەیشتووە، لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو هاوردەکردنی تەماتەی ئێرانی بۆ هەرێم قەدەغەکراوە، ئەوەش لەپێناوی بەرژەوەندی گشتی جووتیارانە.
وتیشی ئێمە تەنها دەسەڵاتمان بەسەر ئیدارەی قەزای پێنجوێندا هەیە و بڕیارمان لەسەر قەدەغەکردنەکەی داوە، بەڵام لەگەڵ جووتیارەکان فشارەکان چڕدەکەینەوە و قسەش لەگەڵ سەرووی خۆماندا دەکەین، تا بتوانرێت هاوردەکردنی میوە و سەوزە و تەماتە، لەمەرزەکانی دیکەش قەدەغە بکرێت.
$بازاڕی کوردستان، بەرگەی زۆری بەرهەم ناگرێت!$
دکتۆر کامەران ئەحمەد حەمە، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بواری ئابووری، بەدوارۆژی ڕاگەیاند: ئه و نیگەرانییەی کە ساڵانە جووتیارانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش جووتیارانی سنووری قەزای پێنجوێن هەیانە، لەبارەی ئەوەی کە هەرچەندە هاوردەکردنی تەماتەی ئێرانی قەدەغەکراوە، بەڵام ئەوان تەماتەکەیان بەنرخێکی کەم دەفڕۆشنەوە لەبازاڕدا، ئەوە پەیوەندی بەخواست و خستنەڕوەوە هەیە.
وتیشی بازاڕی کوردستان، بازاڕێکی بچووکە، ئه و بڕە بەرهەمەی کە لە وەرزێکی دیاریکراودا، بەتایبەتی لەمانگەکانی (8 و 9) نەک بەدرێژایی ساڵ دەخرێتە ڕوو، کە ئەم وەرزەی ئێستا دەکات، بەرهەمێکی زۆری تەماتەی پێنجوێن بەرهەمهاتووە، بازاِرەکانی ناوخۆ بەرگەی ئه و بڕە زۆرەی تەماتە ناگرن.
ئه و پسپۆرەی ئابووری پێیوایە تا بەرهەم زیادبکات، نرخەکان بەشێوەیەکی گشتی دادەبەزێت و ناشتوانرێت ساڵانە ئەم نرخانە جێگیربکرێن، هەرچەندە تەماتەی ئێران، کە ئێستا نایەت بڕێک لەخستنەروو کەمدەکاتەوە، بەڵام هەر ناگاتە ئه و ئاستە بەرزەی کە بەرهەم خۆی لەهەرێمدا هەیە، واتە بەرهەمەکە زۆرە و هەرگیز شتێک نییە ناوی نرخ دیاریکردن بێت، نە حکومەت و نە جووتیار ناتوانن نرخەکان دیاری بکەن، بەڵکو تەنیا خواست و خستنەروو، نرخ دیاریدەکەن.
روونیشیکردەوە،بازاڕ بازاڕی کێبرکێیە و ڕیژەی تەماتە هێندە زۆرە، کە بازاڕ بەرگە ناگرێت، دواتریش لەمانگی داهاتوودا هێندە بەرهەم کەمدەکاتەوە، دەبێت یان لەئێران یان لەناوچەکانی ناوەڕاست و باشوورەوە، تەماتەی هاوردەی هەرێم بکرێت، ئەم کێشەیە لەماوەیەکی کەمدایە و دواتر ئاسایی دەبێتەوە، ئەوەش نەک لەپێنجوێن، بەڵکو لەهەموو ناوچە جیاوازەکانە.
سەبارەت بەوەی کە بۆی تائێستا حکومەتی هەرێم ناتوانێت بەرهەمی تەماتە و هەموو ئه و بەرهەمانەی دیکە کەلەئێستادا پێگەیشتوون و زۆرن ڕەوانەی ناوچەکانی دیکەی عێراق یان دەرەوە بکات، ئه و پسپۆڕەی ئابووری دەڵێت حکومەتی ئێمە کەی بازرگانی کردووە تا کارێکی له و شێوەیە بکات، تا تەماتە و بەرهەمەکانی دیکە لەجووتیاران بکڕێتەوە و ڕەوانەی دەرەوەی بکات، حکومەتی ئێمە حکومەتێکی بازرگان نییە و با خەڵک خۆیان بازاڕ بدزۆنەوە و ئه و کاتە دەتوانن خۆیان بەرهەمی خۆیان ساغ بکەنەوە تا زیانیان پێنەگات
$تەماتەی پێنجوێن زیادیکردووە$
بەپیێ ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی پێنجوێن، کە وێنەیەکی دەست دوارۆژ، کەوتووە، لەساڵی 2015 زیاتر لە(100) هەزار تەن تەماتە لەسنووری پێنجوێن و ناوچەکانی دەوروبەری بەرهەمهاتووە، ئه و ڕێژەیە لەساڵی 2016 گەیشتۆتە نزیکەی (300) هەزار تەن و لەمساڵیشدا ڕێژەکە بەرزبۆتەوە بۆ نزیکەی (500) هەزار تەن.[1]
22-09-2017