جەماوەری بەڕێزی کوردستان
لایەنە سیاسییەکان
ئەندام و لایەنگرانی #کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان#
بەپێویستی دەزانین لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا بەکورتیی و ڕوونیی هەڵوێستی خۆمان لەمەڕ بابەتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بخەینەڕوو:
یەک
وەک چەندان جار و لەبۆنەی جۆراوجۆردا ڕامان گەیاندوە، جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە کە گەلی کوردستانیش وەک سەرجەم گەلانی دیکەی دنیا مافی ڕەوای خۆیەتی لە وڵاتی خۆیدا خاوەنی ئیراده و ئیدارەی خۆی بێ و ئازادو سەربەخۆبێ و لەژێر سایەی دەوڵەت و قەوارەی سیاسیی خۆیدا بژی.
دوو
ئێمە وەک زەمینە سازییەک بۆ ئه و مەبەستە لە (6/4/2014)دا لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا پڕۆژەی هەنگاونان بەره و دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆمان ڕاگەیاند، بەڵام بڕیار بەدەستان، وەڵام و بەدەنگەوە هاتنیان نەبوو!
سێ
سەبارەت به و گشتپرسییەی کە دەویسترێ سبەینێ (25/9/2017)ز بەڕێوەبچێ، ئێمە چەند جارێک لەکۆبوونەوە تایبەتییەکانداو لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندنیشەوە بەدەنگێکی زوڵاڵ و بەڕاشکاویی بیروڕاو هەڵوێستی خۆمانمان خستۆتە ڕوو: کە لەبەر ئەوەی هیچ زەمینەسازییەکی نێوخۆییو هەرێمییو نێودەوڵەتیی بۆ نەکراوەو، بڕیارێکی حیزبیی لەپشتەوەیە لەجیاتی یاسایەک، یان بڕیارێکی دامەزراوەیی هەمەلایەنە، بۆیە ئێمە مەترسیی جیددییمان هەیە کە سەروبەر نەگرێو، بگرە لەسەریشی قەرزدار ببینەوە، کەچی بەداخەوە سەرنج و ڕەخنەکانی ئێمه و غەیری ئێمەش لەسەر چۆنیەتیو هەل و مەرجی تێدا ئەنجامدرانی ئه و پڕۆسەیە کەلەئەسڵدا پرسێکی گشتییو نیشتیمانییە وەرنەگیران!
چوار
کەمتەرخەمیی بڕیار بەدەستانی هەرێمیش لە زەمینەسازیی کردنی نێوخۆییو هەرێمییو دەرەکییدا، بۆ هەنگاونان بەره و سەربەخۆیی، هەڵوێستی نەرێنیی زلهێزان و دەوڵەتانی دنیاو، زۆربەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی عێڕاق پاساو ناداتەوە، کە ئامادەنین دان به و مافە سروشتییو خواڕسکەی گەلی کوردستاندا بێنن.
وەدەبوو زەمینەسازیی تەواو بۆ گشتپرسیی لەناوچە کوردستانییە ناکۆکیی لەسەرەکان کرابایە، کە دیارە نەکراوەو، ترسی هەڵگیرسانی شەڕۆ ئاژاوە هەیە.
پێنج
هەرکات گشتپرسییش ئەنجامدرا، ئێمە دەنگمان (بەڵێ)یە، چونکە لەهەرکوردێکی دڵسۆز بپرسرێ: ئایا دەوڵەتی سەربەخۆت دەوێ؟ بێگومان دەڵێ: (بەڵێ)، بەڵام لێرەشەوە دەڵێین: بەرپرسیار لەبەرانبەر دەرهاویشته و ئەگەرە مەترسیی لێکراوەکاندا، تەنیا بڕیاردەرانی ئه و پڕۆسەیەن..
کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان
24-09-2017