رێژەی 97%ی ئەنجامی دەنگدان بۆ گشتپرسیی سەربەخۆیی یەکلابووەتەوە و، بڕیارە لەچەند کاژێری داهاتوودا کۆمیسیۆن ئەنجامی فەرمی و کۆتایی ڕابگەیێنێ. لە سنووری هەشت پاریزگاشدا زۆرینەی دەنگدەران بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەنگیان داوە.
دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕێگەی بریکارەکانیانەوە لە سەرتاسەری باشووری کوردستان دەرئەنجامی دەنگدانی گشتپرسی کۆدەکاتەوە و کارمەندەکانی دەنگەکان دەخەنە نێو سیستەمی تایبەت بە خۆیان.
#کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن#ەکان، ڕایگەیاند ڕێژەی بەشداریکردن 72% بووە، بەڵام بەپێی ئەو ئامارانەی دەست تۆڕی میدیایی ڕووداو کەوتوون، ڕێژەی بەشداریکردن 77% بووە، چونکە هێشتا دەنگی تایبەت و هەندەران هەژمار نەکراون. زانیارییەکانیش دەڵێن ڕێژەی بەڵێ لەسەرووی 85% بووە.
#خەسرەو گۆران#، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ڕوونیدەکاتەوە، چۆن شار بە شار ڕێژە و بەشداریی دەنگدەران جیاوازە و، بۆچیش لە سلێمانی و هەڵەبجە دەنگدان کەم بووە.
خەسرەو گۆران دەڵێ ڕێژەی دەنگدان لەنێوان 72% تاوەکو 78% بووە و، ئەوانەی دەنگیان داوە، 90%یان دەنگیان بەڵێ بووە، ئەوانەی بەشداریشیان نەکردووە دیارە بەهۆی هۆکاری سیاسییەوە بووە.
خەسرەو گۆران باسی ئەوە دەکات دەنگدان لە کەرکووک، دەشتی نەینەوا، سەلاحەدین و دیالە زۆر بووە و دەشڵێ حەماسەتی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕانەوە بۆ باوەشی کوردستانی دایک، زۆر زیاتر بووە لە خەڵکی دیکە.
وەکو باسیدەکرێ خەڵکی هەولێر و دهۆک گشتپرسییان بە جیدی وەرگرتبوو، بۆیە ڕێژەی بەڵێ لەو دوو پارێزگایەدا لە 90% بۆ 95% بووە، لە کەرکووک 95% و لە سلێمانی 70% بەڵێ بووە و، پارتی دەڵێت بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی وەکو پێویست دەنگیان نەداوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، کەسێکی سیاسیی دیاری نێو یەکێتییە و پێیوایە لە سلێمانی و هەڵەبجە وەکو پێویست کار بۆ گشتپرسی نەکراوە و، دەڵێ پێموانییە ئەو ژمارەیە کەم بێت بۆ ئەو بارودۆخەی ئەوانی تێدا بوون، دیارە لەو ناوچەیە زۆر بەخراپی کار کرا و، دەنگی نەخێر پارەیەکی بێ ئەندازەی ڕشت، پێشموایە بەشێک لە یەکێتیش تاوەکو ڕۆژانی دوایی بە جیددی کاریان نەکرد.
وەک ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، دوای گشتپرسی نۆرەی قسەکردنە لەگەڵ بەغدا، بەڵام بەغدا بریندارە و تاوەکو برینەکانی ساڕێژدەبن ڕەنگە کاتی پێویست بێت جەختیش دەکاتەوە لەوەی نێوانی گشتپرسی و سەربەخۆیی ماوەیەکی دوورودرێژە، بۆیە ئێستا قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە باشترە لەوەی دوایبخەین بۆ دوایی و پاشان نەتوانین بە تەواوەتی گفتوگۆ بکەین.
بەرپرسانی کوردستان گەلێک جار گوتوویانە چوونی ئێمە بۆ بەغدا، هەڵە بووە، ڕەنگە ئیدی ئەو هەڵەیە دووبارەنەکرێتەوە، چونکە پرۆسەی گشتپرسی لە باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی لە عێراق ئەنجامدرا و، دەنگی بەڵێ لەو پرۆسەیەدا لە هەموو شتێک بەرزتر بووە.[1]
26-09-2017