سەرەڕای هەڕەشەکان بۆ بڕینی #نەوت#ی کوردستان، لە مانگی 9 دا هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتری هەناردەکردووە.
دوایین ئامارەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئەندامانی ئۆپێک بڵاوبووەتەوە، تیایدا دەرکەوتووە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق و لیبیا، ئاستی پابەند بوونی ڕێکخراوەکە بە ڕێککەوتنەکەی لە مانگی 9 دا دابەزیوە بۆ 86%، ئەوە ل کاتێکدایە، ئاستی پابەندبوون لە مانگی 8 دا89% بوو.
ئەوە بەو مانایە دێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق، بە کوردستانیشەوە لە مانگی 9 دا زیادیکردووە و ئەو گرژییانەی لەبەر گشتپرسی باشووری کوردستان درووستبووە، نەبووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی ئاستی هەناردەکاری هەرێمی کوردستان و عێراق لە مانگی 9 دا.
لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی نیگەرانی لە پچڕانی نەوتی کوردستان - جەیهان، نرخی نەوت نزیکبووەتەوە لە60 دۆلار.
شارەزایەکی کۆمێرزبانک لەو بارەیەوە دەڵێت، هیچ چارەسەرێکی کورتخایەن بۆ ئاڵۆزییەکانی دوای گشتپرسی باشووری کوردستان ئێستا بەدی ناکرێت، لەبەر ئەوەش هەڕەشەی بڕینی نەوتی کوردستان باڵی کێشاوە بەسەر بازاڕی نەوتدا و بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکان.
بەپێی سەرچاوەکانی گواستنەوەی دەریایی زیادبوونی نەوتی عێراق بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هەناردەکاری نەوتی کوردستان ڕوویداوە کە ڕۆژانە 40 هەزار بەرمیل زیادیکردووە، لەکاتێکدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی باشووری عێراق وەک خۆی بە جێگری ماوەتەوە.[1]
01-10-2017