گەلی کوردستان، کە بە بەردەوام و بە دڵگەرمییەوە پشتیوانی ئەمەریکایان کردووە، بەتایبەتی لە جەنگی دژ بە #داعش# و ڕژێمی #سەددام حوسێن#، زۆر نیگەرانن لە بەیاننامەی ڕۆژی هەینیی بەڕێزرێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. دەبوایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەر لە هەموو وڵاتان تەقدیر و ڕێزی لە بڕیاری کوردستان بۆ سەربەخۆیی بگرتایە هەروەکو زیاتر لە 92٪ی گەلی کوردستان لە ڕیفراندۆمێکی ئازاد و شەفاف و ئاشتیخوازانە لە 25ی ئەیلوول داوایان کرد.
ریفراندۆمەکە بە گوێرەی یاساکانی کوردستان لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە بانگەوازی بۆ کرا و پەرلەمانی کوردستانیش پەسەندی کرد. ئەم پرۆسەیە بە گوێرەی چەندین بڕگەی دەستووری عێڕاق ڕێپێدراوە. ڕیفراندۆمەکە دەرفەتی بۆ گەلی کوردستان ڕەخساند تاوەکو مافی چارەی خۆنووسین پیادە بکەن هەروەکو لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و دوو ڕێکەوتننامەی نێودەوڵەتی پەیوەندیداری دواتردا هاتووە.
سەرەڕای پێزانینی ئێمە بۆ بانگهێشتی ویلایەتە ئەکگرتووەکان بۆ وەڵامدانەوەی ناتوندوتیژیانەی ڕیفراندۆمەکە، بەڵام نە ئەمەریکا و نە هیچ وڵاتێکی دیکە ڕێگەیان لە مامەڵەی نادەستووری و نایاسایی بەغدا لەگەڵ کوردستان نەگرت، کە لەوەتای پەسەندکردنی دەستوور لە 2005ەوە بەردەوامە.
هیودارین لە ڕۆژانی داهاتوودا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆی بکات و بە گەرمی پشتیوانی داخوازییە شەرعییەکانی گەلی هەرێمی کوردستان بکات و لە دانووستاندنی ئاشتیانەی نێوان هەولێر و بەغدا بەشداربێت.
د. ئومێد سەباح
وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
01-10-2017