ڕونکردنەوەیەک لەهەڤاڵ #هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد#ەوە
جەماوەری گەلی کوردستانی خۆراگر و قارەمان
لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕاپرسی لە 25ی 9 ئەنجامدراو دیارە مەبەست لەو ڕاپرسییە هەر ئەوە نەبوو کە بزانرێت گەلی کورد چی دەوێت، بەڵکو بەمەبەستی دیاریکردنی مافی چارەی خۆنوسین و هەنگاونان بوو بۆ سەربەخۆیی.
لەگەڵ ئەوەشدا کە هەموو دەوڵەتە زلهێزەکانی دونیا وەک ئەمریکاو بەریتانیاو فەرەنساو ڕوسیاو چین و یەکێتی ئەوروپاو کۆمەڵی نەتەوەیەکگرتووەکان و گشت وڵاتانی دراوسێ، داوایان لێکردین کە ئەو ڕاپرسییە لەم دۆخەدا ئەنجام نەدەین و کاتی نییەو چەندین پێشنیارو نەخشەڕێگایان خستەبەردەممان، ئەوەبوو کە سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان (بەخۆشمەوە) هیچ کام لەو پێشنیارو نەخشەڕێگایانەمان پەسەند نەکردو تەحەدای هەموو دونیامان کرد، دیارە ئێستاش گەلەکەمان باجی ئەو (عینادی)یە دەدات و ئێستاش لەجیاتی ئەوەی کە بەخۆماندا بچینەوەو هەڵسەنگاندنێکی وردو واقیعانە بۆ ئەم بارودۆخە تازەیە بکەین، دەبینین بڕیاری پێکهێنانی (مەجلیسی قیادەی سەورە – عیراق) واتە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان – عیراق.. دەدرێت، بەبێ ئەوەی کە ئەو مەسەلەیە بگەڕێنرێتەوە بۆ سەرکردایەتی پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ هەڵسەنگاندن و بڕیاردان لێی، کە ئەوەش هەروەک بڕیارەکەی 7 – 6 - 2017 وایە، کە ڕۆژی 25ی 9ی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەستنیشان کرد، بێ ئەوەی کە هیچ هەڵسەنگاندنێک بۆ پێشهات و ئەگەرەکان بکرێت و هەروەها بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرکردایەتی پارتە سیاسیییەکان.
بۆیە من وەک ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەم هەنگاوە بەهەڵەیەکی گەورە دەزانم و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو سەرکردایەتییەدا نابم و نییم.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد
02-10-2017