پەیامی سەرەخۆشی بۆ گەلی کوردستان و عێراق و بنەماڵەی #مام جەلال# و #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#:
ئەمڕۆ گەلی کوردستان و عێراق، ئازادیخواز و تێکۆشەرێکی گەورەی ئازادیی کوردستان و دیموکراسیی عێراقی لەدەست دا کە ئەویش جەنابی مام جەلالە. بەو بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆم و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو گەلی کوردستان، گەلی عێراق، هێرۆخان و کاک قوباد تاڵەبانی و کاک بافل تاڵەبانی و هەموو بنەماڵەی جەنابی مام جەلال تاڵەبانی و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕادەگەیهنم.
جەنابی مام جەلال ڕۆڵێکی گەورەی لە شۆڕشی کوردستاندا هەبوو، هەر لە تەمەنێکی زووی لاوییەوە تێکەڵاوی بزووتنەوەی ڕۆشنبیری و سیاسیی کوردستان بوو، وەک سەرکردەیەک ڕۆڵی لە خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەبووە و دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو کە هاوشان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا ڕۆڵێکی گرنگیان لە شۆڕش، دروستکردنی بەرەی کوردستانی، ڕاپەڕین و دامەزراندن و پاراستنی دەزگا دیموکراسی و شەرعییەکانی کوردستاندا گێڕا.
ڕۆڵی مام جەلال لە خەبات دژی دیکتاتۆری و هێنانەکایەی دیموکراسی لە عێراقدا، ڕۆڵێکی گرنگ و لەبیرنەکراوە. خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرکردە دیموکراسیخوازەکانی دیکەدا، ڕۆڵی هەرە بەرچاویان هەبوو لە کارکردن و پێداگیریکردن لەسەر دروستکردنەوەی عێراق لەسەر بناغەی سیستەمێکی دیموکراسی و مەدەنی لە عێراقدا و یەکسانیی نەتەوەی کورد و عەرەب و پارێزراوبوونی مافی تورکمان، کریستیان و هەموو نەتەوەکان و پەیڕەوانی تەواوی ئایین و مەزهەبەکان لە عێراقدا بە پەیڕەوکردنی بنەمای تەوافوق کە کرایە بناغەی بڕیاردان و بەڕێوەبردن بەپێی دەستووری عێراق.
مام جەلال وەک سەرکۆماری عێراق لە بەغدا، لە هەوڵ و ململانێیەکی سەختی بەردەوامدا بوو بۆ جێبەجێکردن و پاراستنی دەستوور. بەهۆی پێگە تایبەتییەکەیەوه لای هەموو هێزە عێراقییەکان و بەهۆی لێهاتوویی خۆییەوه تا ڕادەیەکی زۆر ڕێگری لە پێشێلکردنی بنەمای تەوافوق و پشتگوێخستنی دەستوور دەکرد، هەر لەبەرئەوەش دەبینین دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال و دوورکەوتنەوەی لە پۆستی سەرکۆماری لە بەغدا، پێشێلکردنی دەستوور و بنەمای تەوافوق لە عێراق زۆر زیاتر بوو، ئەنجامی ئەوەش پەککەوتنی پرۆسەی سیاسیی عێراق و کارەسات و ماڵوێرانییەکی زۆر بوو بۆ هەموو عێراق. مام جەلال بەو شێوە کارکردنەی خۆی لە سەرۆکایەتیی کۆماردا، ببووە خاوەن نێوبانگێکی جیهانی.
پەیوەندیی من و مام جەلال، پەیوەندییەکی زۆر باش و ڕێزگرتن و لێکتێگەیشتنی بەردەوام بوو، زۆربەی ئەو کێشانەی کە دەهاتنە پێشەوە و دەبوونە بەشێک لە گفتوگۆ و پەیوەندییە بەردەوامەکانی نێوانمان، ئەنجامەکەیان هەمیشە چارەسەرکردن بووە. لەگەڵ مندا هەمیشە خاوەن مێشکێکی کراوە بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
لەدەستدانی سەرکردە و سیاسییەکی وەک مام جەلال، زیانێکی گەورەیە بۆ کوردستان و عێراق و ناوچەکە. دووبارە پرسە و سەرەخۆشی لە هەموو ئەوانە دەکەم کە مام جەلالیان خۆشدەویست و هیوادارین هەموو لایەک بیر لە شێوەی کارکردنی مام جەلال بکەنەوە لە بەڕێوەبردنی کارەکاندا بە تەوافوق لە عێراق.
یادی هەمیشە بە خێر و جێگەی بەهەشت بێت.
#نێچیرڤان بارزانی#
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
03-10-2017