سڵاوی ڕۆژنامەنووسیتان لێ بێت
میدیاکارانی کوردستانی گەورە.. ماندوو نەبن و شەونخوونیتان وەفادار بوو
بەناوی لقی سلێمانی #سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان#ەوە، ئەو لقەی شەرەفی ئەوەمان پێبەخشرا کە #مام جەلال#ی هەمیشە زیندوو ئەندامی کاراو فەخری مان بێت، لە قووڵایی دڵمانەوە ماندوو بوونو شەونخوونی و ئازایەتی و نیشتمانیتان لەگلێنەی چاوماندا هەڵدەگرین و پێزانینمان هەیە بۆ ئەو ڕووماڵە یەکگیرو نیشتمانییەی کە ئەنجامتان دا لە ڕوماڵکردنی گەڕاندنەوەو مەراسیمی پاسەوانی شەرەف و بەخاک سپاردن و پرسەی سەرۆک مام جەلال نواندتان..
بەراستی کارێکتان ئەنجامدا کە میدیای کوردیتان بە نیشتمانی نواندو دیاردەیەکتان خوڵقاند کە بەیەک دەنگ و یەک ڕەنگ بۆ یەکەم جار لە باشوورو پارچەکانی تری کوردستاندا هەموو کوردو میدیای بینراو بیستراو خوێنراو ئەلەکترۆنی و پەیج و ئەکاونتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان بە حوزن و ماتەمێکی لەدڵەوە هەڵقوڵاوەوە مەرگی گەورەیی سەرۆکێکی کاریزماتان بە گوێی جیهاندا گەیاند..
هاوکارانمان.. هاوپیشە دڵسۆزەکانمان
مام جەلال مامی ڕۆژنامەنووسان بوو.. بەرگریکاری سەرسەخت و پارێزەری مافەکانی ئێمەی ڕۆژنامەنووسان بوو، خاوەنی تیۆری (وشە بە وشە وەڵام بدەنەوە) بوو، مامی ڕۆژنامەنووسمان قەڵای ئازادیی و پارێزەرو مافپەروەرو دیپلۆمات و سەرۆک و نووسەرو ڕۆژنامەنووسێکی گەورەمان بوو کە مەرگ لێی شاردینەوە.. مام جەلال خزمەتێکی گەورەی ئێمەی کوردو سەرجەم مرۆڤایەتی کرد، لەسەر دەستی مامی ڕۆژنامەنووسمان سیاسەتی ئاشتی و برایەتی و ئازادی وتن و ئازادی ڕەخنە گرتن بوون بە نەریت، بیرۆکەی نان و ئازادی بۆ نووسەرو ڕۆژنامەنووسانی کردە مانیفێستی کاری داهاتوومان، مامی هەموو ڕۆژنامەنووسان بوو بە بێ جیاوازی، چادرو پارێزەری مافەکانی قەڵەم بەدەستەکان بوو.. بەم سەفەرە یەکجارییەی میدیای کوردی و ڕۆژنامەنووسانی کوردستان کۆڵەکەیەکی گەورەو پشت و پەنایەکی لەبن نەهاتوومان لەدەست دا..
بەڵام بەو ڕووماڵەی کە ئێوە بە ویقارو ئیحترامو گەورەییەوە نواندتان توانیمان کەمێک پاداشتی چاکەی تیۆرەکانی بواری ڕۆژنامەنووسی بدەینەوە، بەو ماندووبوونەتان وەک پەیامنێرو کامێرامان و بەشی هەواڵ و سکرێپت و تەکنیک و SNJ و مۆنتێرەکان وئیداریەکان و بێژەرە هەست ناسکەکان کە بەچاوی پڕفرمێسکەوە بە ئەدەبەوە لەحزوری مامی خۆتاندا هەواڵی مەرگی ئەو کەڵە پیاوەتان ڕاگەیاند، ئەوەتان سەلماند کە کورد میللەتێکی زیندوە، بەم نزیکانە مافی چارەی خۆی دەنووسێت، چونکە ڕێز لە سەرکردەو کەڵە پیاوو ڕۆژنامەنووسەکانی خۆی دەگرێت..
مەرگی شێری قەڵەم و بەوری ئازادیی، سیاسەتمەدارانی کۆکردەوەو هەندێکیانی ئاشت کردەوە، میدیای کوردیشمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان یەکیگرتەوە، فرمێسکی ڕشت، ویقارو ڕێزی نواند، گەورەی کردین، ئەمڕۆش میدیا گەورەتربوو..
بریا ئەو یەک وتارییە ببوایە بە نەریتی لەمەودوامان.. چونکە مەرگی بەکەسەری مامی گەورەمان ئێمەو وەرگرەکانمانی ئاشت کردەوە..
جارێکی تر سوپاس بۆ ئەو وەفاو ئەمەکداریەی بۆ مامی خۆتان نواندتان..
انا لله وانا الیه ڕاجعون
#کاروان ئەنوەر#
سکرتێری لقی سلێمانی
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان
08-10-2017