بەوپێیەی کە #ڕێفراندۆم#، ڕاپرسی خەڵکە سەبارەت بەوەی دەیانەوێت کوردستان جیابێتەوە، یان لەچوارچێوەی عێراقدا بمێنێتەوە، بەپێویست کۆمەڵگای کوردستانی خستۆتە بەردەم دوڕیانێکەوە. کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و خەڵکی ستەمدیدە بە دەست فیدراڵیزمی قەومی و تائیفی کۆنەپەرستانە و گێرەوکێشەی نێوان حکومەتی قەومی ئیسلامی بەغدا و دەسەڵاتی میلیشیایی ئەحزابی ناسیۆنالیستی کوردەوە گرفتارن، بەرژەوەندیان لەوەدایە کەرێگای جیابونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ هەڵبژێرن.
بەڵام ئەمە سەرەتای کار و لە ڕاستیدا ئاسانترین هەنگاوە لە پرۆسیسێکی گەورەتردا. هەنگاوی دواتر بریتیە لە پیادەکردنی بڕیاری خەڵک، واتە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی. بەڵام کارەکە بەمەش کۆتایی نایات. هەربۆیە پرسیارێکی گرنگ و چارەنوسساز ئەوەیە کە چ جۆرە دەوڵەتێک پێویستە لە کوردستان دامەزرێت بۆ ئەوەی ماف و ئازادیەکانی خەڵک و خۆشگوزەرانی مسۆگەر بکات؟
وەڵامی بورژوازی و حزبە ناسیۆنالیستەکانی کوردستان لەناوەڕۆکدا شتێکی جیا لەوە نییە کەلەماوەی 26ساڵی ڕابردوودا پەیڕەویان لێکردووە. بەم جۆرەش چینی سەرمایەداری کوردستان و حزبەکانی، ئیمتحانی خۆیان داوە، هەربۆیە پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا ئەم جۆرو شیوازە لەحوکمڕانی ئەحزابی میلیشیایی و چەکدار لەکوردستانی سەربەخۆشدا، شایستەی ژیانی هاوڵاتیانی کوردستانە و جێگای قبوڵ و ڕەزامەندیانە؟
بێگومان وەڵامی پەیگیرانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان نایەکی ڕاشکاوە بەم پرسیارە. کوردستانی سەربەخۆ پێویستی بە جۆرێکی تر لە حوکمرانی و بەڕیوەبردن و دەوڵەتداری هەیە. خەڵکی کوردستان نابێ هیچ بڕیار و ئیرادەیەک جگە لە ئیرادەی جەماوەری خۆیان بۆ دیاریکردنی چارەنوسی دەوڵەت و سیستەمی حوکمڕانی بە ڕەسمی بناسن. خەڵکی کوردستان شایستەی جۆرێک لە حوکمرانیین کە ئازادی و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان دابین بکات.
ئەلتەرناتیوی دەستبەجێ و ڕاستەوخۆی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری دەولەتی سۆسیالیستیە. بەلام حزبی ئێمە ئەو واقعیەتەی لەبەرچاوە کە ئەحزابی ناسیۆنالیست و ڕەوتە ئیسلامیەکان لە مێژووی چەند ساڵەدا لەسەر بناغەی قەومی و عەشیرەتی و دینی و..و..جەماوەری کوردستانیان دەستەبەندی کردوە و هەرکامیان بەشێک لەم خەڵکەیان لە دەوری خۆیان سازمانداوە و چەکداریان کردوون، لەم هەلومەرجەدا ناچارکردن و پابەندکردنی ئەم حزب و ڕەوتانە بە یاسا و پرەنسیپەکانی کۆمەڵگایەکی مودێڕن و ئازاد و مەدەنی و دامەزراندنی دەولەتیکی سکولاری غیرە قەومی و غەیرە دینی، پشتبەستوو بەمافی یەکسانی هاوڵاتی بوون، هەنگاوێکی گرنگە لە ڕێگای زەمینە خۆشکردن بۆ سۆسیالیزم و سەرکەوتن و بەسەر دۆخی کارەساتباری ئیستادا.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە پێناو مسۆگەرکردنی مافی خەڵک لە هەڵبژاردنی ئازاد و هوشیارانەی سیستەمی حوکمڕانی ئایندەی کوردستانی سەربەخۆدا، ئەم بنەمایانەی خوارەوە وەک پەیماننامەی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ بۆ کۆمەڵگا ڕادەگەیەنێ و کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان بانگەواز دەکات بۆ دابینکردن و مسۆگەرکردنی مافی خۆیان لە دیاریکردنی دەولەتی سەربەخۆ، لە دەوری ئەم پەیماننامەیە ڕیزببەستن.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان هاوشان و هاوکار لەگەڵ هەموو هەڵسوڕاوانی کرێکاری و پێشکەتنخوازان و ژنان و لاوان و یەکسانیخوازان، بە هەموو تواناوە هەوڵدەدات بە پشتبەستن بە هێزی جەماوەری خەڵک ئەم پەیماننامەیە بکاتە بنەمایەک بۆ دەولەتی سەربەخۆی کوردستان و ئه و پەڕی ئازادی و خۆشگوزەرانی وئاسایش لە کۆمەڵگادا مسۆگەر بکات. هەروەها باشترین هەلومەرج بڕەخسێنێ بۆ دەخاڵەتی چینی کرێکار و جەماوەری خەڵک لە دیاریکردنی سیستەمی حوکمڕانی داهاتودا.
بنەماکانی پەیماننامە (میثاق)ی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ!
1- زامنکردنی دەخەڵەت و بەشداری ڕاستەوخۆی خەڵک لەکاروباری وڵات و بەڕیوەبردنی کۆمەلگادا.
2-دەوڵەت و سیستەمی بەڕێوەبردن پێویستە بە تەواوی غەیرە دینی و غەیرە قەومی بێت. هەرجۆرە کۆمەکێکی دەوڵەت بە هەر دین و مەزهەبێک یان دانی هەرجۆرە مۆرێکی دینی و مەزهەبی و قەومی و ئیتنیکی بە یاساکان قەدەغەیە. هەرجۆرە ئاماژەیەک بە دین و مەزهەب و نەتەوە و نەژادی هاوڵاتیان لە یاسا و بەڵگەنامە ڕەسمیەکاندا قەدەغەیە.
3- هەڵوەشانەوەی هەموو میلیشیا حزبیەکان و دەستبەسەراگرتنی ئیمکاناتی چەکداری و لۆجستی و مالی کە تاکو ئێستا حزبە دەسەڵاتدارەکان دەستیان بەسەردا گرتووە، چەکدارکردنی گشتی جەماوەری ڕیکخراو بۆ بەگری لە ئازادی و یەکسانی و وەستانەوە بەرامبەر هەر هیزێک کە بیەوێ پەلاماری ئازادی و مافەکانی خەڵک بدات.
4-هەڵوەشانەوەی سەرجەم دامودەزگا جاسوسی و ئەمنیەکانی ئێستای سەربە حزبەکان.
5-راگەیاندنی جیایی هەمەلایەنەی دین لە دەوڵەت و پەروەردە و فێرکردن. ئازادی دینداری و بیدینی.
6-هەڵوەشانەوەی هەموو ئەو بریار و یاسایانەی کە سەرچاوەیەکی دینیان هەیە.
7-راگەیاندنی ئازادی بێ قەید و بەندی بیروباوەڕ، بەیان، چاپەمەنی، کۆبونەوە و متینگ و مانگرتن و خۆپیشاندان، ئازادی ڕیکخراوبوون و پیکهینانی ئەحزاب.
8-راگەیاندنی یەکسانی هەمەلایەنە و بێ قەید و بەندی ژن و پیاو لە مافە فەردی و مەدەنیەکان. هەڵوەشانەوەی هەموو بریار و یاسایەک کە لەگەڵ ئەم بنەمایەدا ناکۆکی هەبێت.
9-راگەیاندنی یەکسانی هەمەلایەنەی مافی هەموو هاوڵاتیان بەبێ لەبەرچاگرتنی ڕەگەز و دین و مەزهەب و نەتەوە و ئەتنیک.
10-قەدەغە کردنی گرتن وزیندانیکردنی هاوڵاتیان لەسەر چالاکی و بیروڕای جیاوازی سیاسی
11-هەلوەشانەوەی سزای لە سێدارەدان.
12-دەستڕاگەیشتنی هەموان بە تایبەت ڕیکخراوە جەماوەریەکان و ئەحزابی سیاسی بە هۆیەکانی ڕاگەیاندنی گشتی و دەوڵەتی.
13-دابینکردنی بیمەی بێکاری تەسەل بۆ هەموو ئامادەبەکارێکی سەر و 16 ساڵ. دانی بیمەی بێکاری تەسەل و بیمە کۆمەڵایەتیە پێویستەکان بە هەموو کەسانێک کە بە هۆی نەخۆشی و توانای بەدەنی و بەساڵاچوندا توانای کاریان لەدەستداوە.
14-سەلامەتی بەدەنی مافی هەر کەسێکە، هەرکەس مافی ئەوەی هەیە لە هەموو ئیمکانیاتی کۆمەلگای هاوچەرخ بەهرەمەندبێت بۆ پاریزراوبوونی لە ئاکامی ڕوودا و نەخۆشی و لە هەموو ئیمکانیاتی تەندروستی و دەرمانی کۆمەڵگا کەڵک وەرگرێت.
15-پەیوەندی جنسی نێوان ژن و پیاو پەیوەندیەکی ئازادانە و حاشاهەڵنەگرە بۆ هەموو کەسانیک کە دەگەن بە تەمەنی یاسایی بالغبوون، ئەم پەیوەندیە پیویستە وەکو کاری تایبەتی هەموو گەورەساڵان چاوی لیبکریت و هیچ دەسەڵاتێک مافی دەستێوەردان و پشکنینی نیە. هەرجۆرە پەیوەندیەکی جنسی گەورەساڵان لەگەل کەسانی ژێر تەمەنی بالغبونی یاسایی قەدەغەیە تەنانەت ئەگەر بە ڕەزامەندییش بێت.
16- دادوەری و دادگاکان و سیستەمی دادوەری لە ڕوی یاساییەوە سەربەخۆن. هەلبژاردنی دادوەرو هەموو پۆستێکی دادوەری مافی خەڵکە.
17-سازدانی دادگای تایبەت قەدەغەیە و پێویستە هەموو دادگاییەکان بە ئاشکرا بەڕێوەبچن.
18-هەموو هاوڵاتیان لەبەرامبەر یاسادا یەکسانن، هیچ پۆست و هیچ کەسێک پارێزبەندی یاسایی نیە. هەرکەس بێ قەید و بەند مافی ئەوەی هەیە لە دژی هەر پۆستێکی دەوڵەتی لە دادگاکان شکات تۆماربکات.
19-لە هەموو دادگاییەکدا ئەسڵ بریتیە لە بێتاوانی تۆمەتبار. بەهرەمەندبوون لە ئیمکانیەتی دەسڕاگەیشتن بە دادگایەکی عادلانە مافی هەموو کەسێکە. هەرجۆرە شکەنجە و تۆقاندن و سوکایەتی و زەخت و زۆری فکری و دەرونی دژی کەسانی دەستگیرکراو و تۆمەتباران و حوکمدراوان بە هەموو جۆرێک قەدەغەیە و هەر هەنگاوێکی لەو بابەتانە تاوانێکی جینائیە. دانپێدانان لە ڕیگەی هەڕەشە و دانی تەماح و هەموو جۆرە هەڕەشە و شکەنجەیەکەوە قەدەغەیە.
20-دانانی یاسای کارێکی کرێکاری پێشڕەو کە پێوانە و ستاندارە جیهانیەکان ڕەچاوبکات...
21- دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دۆستایەتی و هاوپشتی خۆی لەگەڵ خەڵکی عێراق و هەموو ناوچەکە و جیهان ڕادەگەیەنێت.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان هەموو کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخواز، هەروەها ئەحزابی سیاسی و ڕێکخراوە جەماوەریەکان و هەڵسوڕاوانی سیاسی بانگەواز دەکات بۆ بەرگری لە کۆمەڵگای کوردستانی سەربەخۆ بەرامبەر هەرجۆرە ساتوسەودا و سازشێک لەگەڵ دەولەتی قەومی و دینی عێراق، هەروەها هەرجۆرە دەخاڵەتێکی دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان، هەروەها لە پێناو پاراستنی کۆمەڵگا لە بەرامبەر دەسەڵات پەیداکردنی هەر دارودەستەیەکی کۆنەپەرستی قەومی و ئیسلامی و عەشیرەتی و گانگەستەری سیاسیدا، لە پشتی ئەم پەیماننامەیەوە پەیگیرانە ڕاوەستن.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
24-09-2017