ڕۆژنیوز، هاوکار مستەفا
بەهۆی بڕینی داری دارستانەکانی #پێنجوێن#ەوە خەریکە ژینگەی ناوچەکە تێکدەچێت، هاوڵاتیانیش نیگەرانن و دەڵێن، کە بەهۆی بەرزی نرخی #نەوت#ەوە پەنا بۆ بڕینەوەی دار دەبەن، قائیمقامی شارۆچکەکەش دەڵێت: داوامان لە پارێزگاری #سلێمانی# کردووە، بۆ دابینکردنی نەوتی پێویست، بەڵام وەڵامیان نەداوینەتەوە.
لە شارۆچکەی پێنجوێنی سەر بە شاری سلێمانی، کە ناوچەیەکی شاخاوییە و زساتنێکی زۆر ساردی هەیە، هاوڵاتیان دەستیان بە بڕینەوەی داری دارستەنەکان کردووە، بۆ ئەوەی لە وەرزی زستان-دا خۆیانی پێ گەرم بکەنەوە.
هێمن محەمەد، هاوڵاتییەکی شارۆچکەی پێنجوێن بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:بەهۆی گرانی نرخی سوتەمەنی لە بازاڕەکاندا و هەروەها دابین نەکردنی بڕی پێویستی نەوت بۆ هاوڵاتیان، ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرمادا، بە ناچاریی ڕوو لە دارستانەکان دەکەین بۆ دابینکردنی دار و بەکارهێنانی سۆپای دار.
سەبارەت بەو زیانەی، کە بەهۆی بڕینەوەی دارەوە بە ژینگەی ناوچەکە دەگەیەندرێت، ناوبراو، وتی: ئەگەر حکومەت سوتەمەنی دابین بکردایە خەڵک ناچار نەدەبوو دەست بکات بە بڕینەوەی دار، لە ناوچەیەکی وەکو پێنجوێن بەرمیلێک نەوت بەشی 15 ڕۆژی ماڵێک ناکات، هاوڵاتی ناتوانێت 160 هەزار دینار بدات بە بەرمیلێک نەوت.
خەندە سەردار، هاوڵاتییەکی تری دانیشتووی شارۆچکەی پێنجوێن، نیگەرانی خۆی نیشاندا لە وێرانکردنی ژینگەی سنوورەکە و وتی: لە وەرزی هاویندا بەهۆی ئاگر کەوتنەوەوە، دارستانەکانی سنورەکە بەشێکی زۆریان لەناو دەچن، لەگەڵ هاتنی وەرزی زستانیشدا بەهۆی بڕینەوەی دارەکانەوە لە لایەن هاوڵاتیانەوە، جارێکی تر دارستانەکان دەکەونەوە ژێر هەڕەشەی لەناوچوون.
خەندە، وتیشی: لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ تایبەتمەندییەکیان بە ناوچەی پێنجوێن نەداوە، لە دابینکردنی سوتەمەنی بە بەراورد بەناوچەکانی تر، لە خوێندنگاکانیش هەمان کێشە هەیە و خوێندکار بە زەحمەت زستان بەڕێ دەکات.
لە بەرامبەردا، زانا ڕەحمان، قائیمقامی شارۆچکەی پێنجوێن بە ڕۆژنیوزی وت:بەهۆی جیاوازیی کەشوهەوای پێنجوێن و نزمبونەوەی زیاتری پلەکانی گەرماوە، ماوەی سێ مانگ لەمەوبەر بە نووسراوی فەرمی داوامان لە پارێزگاری سلێمانی کردووە، کە بڕی پێویست نەوت بۆ سنووری پێنجوێن دابین بکەن، بەڵام تا ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە، لە کاتێکدا ساڵانە بەلایەنی کەم هەر ماڵێک پێویستی بە سێ تا چوار بەرمیل نەوت دەبێت.
زانا، وتیشی: لە توانای هاوڵاتیاندا نییە کە بتوانن لەسەر ئەرکی خۆیان ئەو سوتەمەنییە دابین بکەن، بۆیە چارەسەرکردنی ئەو گرفتە تەنها بە دابینکردنی سوتەمەنی دەبێت لەلایەن حکومەتەوە بۆ هاوڵاتیان.
قائیمقامی شارۆچکەی پێنجوێن ئەوەشی خستەڕوو، کە لە سنووری شارۆچکەی پێنجوێن 11 هەزار ماڵ بوونیان هەیە و وتی: ئەگەر بۆ هەر ماڵێکیش بڕی یەک بەرمیل نەوت دابین بکرێت، ئەوا پێویستیمان بە بڕی سێ ملیۆن لیتر نەوت دەبێت، بەڵام تا ئێستا دیار نییە ئاخۆ هیچ بڕێک دابین دەکرێت یاخود نا.
جێگای ئاماژەیە، نرخی نەوتی سپی لە ناوەچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگۆڕێت و جیاوازیی هەیە، لەهەندێک ناوچە نرخی بەرمیلێک نەوت 160 هەزارە، لە هەندێن انوچەی دیکە 170 هەزار و 175 هەزار دینارە.[1]
11-10-2017