بەشێکی کارگەکانی ناوخۆ داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە هاوردەکردنی #ئاسن#ی پیشەسازیی بیانی ڕابگرێت، هەرچەندە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا باج زیادی کردووە، بەڵام لەچەند ڕۆژی داهاتوودا بڕی 85 دۆلار باجی زیاتری دەخرێتەسەر.
نایف عەلی، بەڕێوەبەری کارگەیەکی ئاسنی پیشەسازی دەڵێ لێرە خەرجی زیاترە، ئەمەش وادەکات نرخی ئاسنەکەمان گرانتر بێت و ناتوانین کێبرکێ لەگەڵ بەرهەمی بیانی بکەین. ئەو بڕیارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەریکردووە کە باج لەسەر ئاسنی هاوردەکراو زیاد دەکات، خزمەت بە بەرهەمەکانمان دەکات.
ئێستا بۆ هەر تۆنێک ئاسنی پیشەسازیی هاوردەکراو، بڕی 13 دۆلار باج وەردەگیرێت، بەڵام لە 16ی ئەم مانگەوە بڕی ئەو باجە بۆ هەر تۆنێک ئاسنی هاوردەکراو، بۆ 98 دۆلار زیاد دەکرێت.
زیادکردنی باج لەسەر ئەو بەرهەمە بەو ڕێژە زۆرە، لەکاتێکدایە بەشێکی خاوەنی کۆمپانیاکانی ئاسن، لەوباوەڕەدا نین، بەرهەمی ئاسنی ناوخۆ، بتوانێت پێداویستیی ناوخۆ پڕبکاتەوە.
ئەنەس محەممەد، بازرگانی هاوردەکرنی ئاسن دەڵێ ئەم بڕیارە یەکەمجار کاریگەری لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە ئەو بارە لە ئەسکەندەرۆنە لە تورکیا باردەکرێت و دەبرێتە مینای بەسرە، هەروەهه کاریگەری لەسەر بازرگانانیش دەبێت و کارگەکانی ناوخۆیش ناتوانن 10%ی بەرهەمی ناوخۆیی کوردستان و عێراق پڕبکەنەوە.
پشکی شێری ئاسنی هاوردەکراو لە بازاڕەکانی باشووری کوردستان و عێراق لە تورکیاوە هاوردە دەکرێن، جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەش، ڕەنگە گورزێکی قورس لە بازاڕی پیشەسازی ئەو وڵاتە بدات.[1]
11-10-2017