بۆ ڕێزداران
- ڕێبەرانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان
- بنەماڵەی بەرێزی کارێزمای بەناوبانگ و ڕێبەری هەڵکەوتووی کورد
- کێوی بەسام و هەیبەت، جەنابی #مام جەلال# تاڵەبانی و هەموو هەواداران و پەیڕەوان و ڕێرەوانی.
وێرای ڕێزو حورمەتی شایستە لەو ڕۆژە تاڵەو لەو هەلوومەرجە ناسکەدا پێم خۆشە ئیجازەم بدەن بتاندوێنم وعەرزتان بکەم کە نە پێم ناخۆش دەبێ و نە پێشم سەیر دەبێ ئەگەر ئێوەی بەڕێز بە عەقلیەتم پێ بکەنن، کە ئەمنێکی بەو هەموو وردی و کەچ و کەوچی و نابووتی و لەعەینی حاڵ دا لە خوارترین پێگەی کۆمەڵەوە، ئەوەندە خۆم لەبەر چاوان گەورە بێت و ئەوەندە ڕوو هەڵماڵاویی لە خۆم نیشان بدەم کە بە بۆنەی لەدەستچوونی سیاسەتمەداری هەرە بەرزو دیاری کوردستانی و ئیقلیمی و جیهانی وەک ڕێزدار مام جەلال پەیامی سەرەخۆشی بنێرم. لە ڕاستی دا ئەگەر ناچاری نەبێ هەرگیز ئەو جورئەتەی ناکەم و ئەو ئیجازەیەش بە خۆم نادەم نێوی خۆم لە نێوانەی دا بێنمە نێو، نێوان. بەڵام ئەو حەقەی بە خۆم ڕەوا دەبینم کە وێڕای تازیەبارانی ماڵ ئاوایی یەکجاری ئەو کاریزما نەمرە کوردەی دڵ بەپەرۆشی وتازیەباری خۆم دەرببڕم. ڕەنگە کەم کەس باوەڕم پێ بکات، کە ئەمن لە سەرەتای نیوەی دووهەمی شێستەکانەوە، ئەو نەهەنگە تیشک ئاژۆیەی نێو دەریای سیاسەتم ناسیوەو نامەی کۆمیتەی ئینقلابی دێموکراتەکانم داوەتە خزمەتی و وەڵامیشم لە دەستی بەڕێزیان وەرگرتۆە. لەو کاتەوە هەتا کاتی لەکار کەوتنم، ناسیاوی و ئاشنایەتی و شانازی دیدارو زیارەتەکانیم پێ بڕاوەو نامەی زۆریشم بە دەست خەتی بەڕێزیان کەلە کاتی هاوسەنگەری ئێمەو هێزی پشتیوان وە لە دەورانی ڕۆژە ڕەشەکان دا خیتاب بە برای بچووکی خۆتان نووسراون وەک سەنەدی بایەخدار لە لای من ماون کە ئەمن بەش بەحاڵی خۆم بە میداڵی ئیفتخاریان دەزانم و شانازییان پێوە دەکەم. ئەمن بەش بە حاڵی خۆم تەنیا بۆڕێزدار مام جەلال بە پەرۆش نیم، بەڵکوو خەمی گەورە بۆ چیا گەردن بەرزەکانی کوردستان دەخۆم کە لە سەرتاسەری مێژوودا زیاتر لە 50ساڵ یارو یاوەری هەموو ڕێبەرانی لەدەست چووی دێموکرات و زۆربەی ڕیبەران و لە نێو ئەوان دا جەنابی مام جەلال و باقی ڕێبەرانی هێزە سیاسیەکان و هەموو تێکۆشەرانی کورد بوون. بە داخەوە ڕێبەرانمان وەک جەستە لە ئێمە وون دەبن بەلام بیرەوەری و یادگارییەکانیان و مێژووی هاوبەشیان لەگەڵ ئەشکەوتەکان و تەخت و تەلانەکان و کێوەکانی کوردستان وەک نەخش و نیگاری زێرین لە نێو حافیزەی مێژوودا دەمێننەوە.
سەربەرزم کە کانییەکان ووشک نابن و گوێی ئەشکەوتەکان کەڕ نابێ، هیچ هێزێک نەیتوانیوەو ناتوانێ گابەردەکانی نێو کێوە سەربەرزەکانی کوردستان بلەقێنێ. لیرەدا تەکانێک لە خۆم دەدەم کە هاودەردی و هاوخەمی و هاوژانی خۆم بە ئێوەی یەک یەکی ڕێبەرایەتی یەکیەتیی نیشتمانی و خانەوادەی دڵ بەخەمی ڕێزدار مام جەلال و بە تایبەتی هێرۆخان و کۆرپە تێکۆشەرەکانی و هەموو وابەستەگان و ڕێڕەوان و ڕێبوارانی ڕادەگەیەنم. خۆشحاڵم کە ئەو ماڵە باوەش ئاوەڵەی جەنابی مام جەلال واتا ئەو گەورە ماڵەی کە ئەمن هەرگیز لەوێ دا خۆم بە بێگانە نەزانی، بێ خاوەن بێ میراتگر نەماوەتەوە. لەدەستچوونی کێوی بوێری و سەراحەت و نەترسی ومەکۆی ڕووخۆشی و قسە خۆشی وڕاست و ڕەوانی فەخامەتی ما جەلال ڕووداوێکی چاوەڕوان نەکراو نەبوو. دەمێک بوو ئێمە چاوەروانی خامۆش بوونی ئەستیرەی گەش و کێوی بەسام و هەیبەتی بازیگەری بە توانای تێکڕای کوردستان و هاوسەنگەران و دۆستان و ئاشنیایان و خەڵکی کوردستانی لە نیگەرانی و گەیشتنی ئەو چرکە ساتە تاڵەی دا ڕاگرتبوو. سەرەنجام ئەوەی کە هەرگیز خۆش نەبوو ڕوو بدا ڕووی دا. لە ڕاستی دا نەدەکرا لە سروشت و ڕۆژگار چاوەروانی ئەوەی بین کە بە پێچەوانەی ڕەوت و گەڕانی ئاسایی خۆیان لە مەداری خۆیان بترازێن و بە پاراستن و هێشتنەوەی ئەو بازیگەرە سیاسیە بە توانایەی ڕووداوێکی بێ وێنەی محاڵ و چاوەروان نەکراو لە مێژووی بەشەریەت دا تۆمار بکرێ. سەرەنجام بە داخی گرانەوە یاسای سروشت وەک خۆی ڕۆیشت و ئەوەی کە جەبری مێژوویەو دەبوو حەتمەن ڕووبدا بە ئاسایی ڕوویدا. دە ڕوو زەرد بی زەمانە بۆ هەژانت نەهەنگ خنکا لەنێو شەقڵی شەپۆلت دزێو بوو لارو لەنجەو وەرخولاندت وەها ڕۆچووی لە خەڵتەی مێشکی حۆلت ئەرێ هۆی کوردی شەیدای کێوەکانت لەبەرچی ڕەش دەپۆشن کۆرو پۆلت بەچی چۆما وەها پشتی کەوانت بەچی شڵقا دڵی ڕووبار و گۆلت خوێن دەگرین بە کوڵ گابەردەکانت گوڵی حاجی لەکان و دەشتی چۆلت ئەرێ ئەی شەمعی نێو شەوگاری تاریک لەبەرچی بۆتە سۆما خۆری سۆرت ڕووحی بەرزی کاریزمای گەورە هەر لەفڕین دابێ و هاوسەنگەران خانەوادەو ڕێبوارانی لەسەر بڕینی ڕێگاکەی بەردەوام بن.
کەم ئەندامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
05-10-2017