لەبارەی نامەکەی تیلەرسن بۆ سەرۆک بارزانی
زیکری موسا
ڕێک دوو ڕۆژ بەر لە ڕیفراندۆم تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا نامە بۆ سەرۆک بارزانی دەنووسێت و داوا دەکات لەبەرانبەر ئه و بەدیلەی کە پێشکەشی کردووە ڕیفراندۆم ئەنجامنەدرێت.
نامەکەی تیلەرسن هەندێک ئیعترافی تێدایە لەسەر ئێش وئازارەکانی گەلی کوردستان و باس لە ڕۆڵی پێشمەرگەیش دەکات. لە ڕواڵەتدا پێدەچێت نامەکە نیازپاکانە نووسرابێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم نامەیە خەلەلی جەوهەریی گەورەی تێدایە.
کێشەی سەرەکیی ئەم نامەیە ئامانجەکەیەتی، کە بریتیە لە ڕێگریکردن لە ڕیفراندۆم. ئەمە خۆیلەخۆیدا جێگەی پرسیارە بۆچی دەبێ دەزگەی سیاسەتی دەرەکیی ئەمەریکا لەدژی کردەیەکی ئاشتیانە و ڕەوای میللەتێک بوەستێتەوە و نەیەوێت ڕووبدات. چەند ڕۆژ دوای ڕیفراندۆم تیلەرسن بە دەرکردنی ڕاگەیێندراوێک هەموو ئه و نیازپاکییەی بەرانبەر مافی گەلی کوردستان پووچەڵ کردەوە، کە لە نامەکەی بۆ سەرۆک بارزانی هەوڵی نیشاندانی دابوو، ئه و گوتی ڕیفراندۆمەکە شەرعی نییە و بەهاشی نییە. پرسیار ئەوەیە چۆن دەنگی ملیۆنەها مرۆڤ شەرعی نییە، بەڵام نامەیەکی ئینشایی بێ گەرەنتی شەرعییەتی هەیە و دەبێ ببێتە سەرچاوەی چارەنووسی گەلێک. باشە بۆ چەند مانگ بەر لە ڕیفراندۆم ئەمەریکا ئه و پڕۆژەیەی بە سەرۆک بارزانی نەدەدا؟ پرسیار ئەوەیە ئەگەر هیچ کات بڕیاری ڕیفراندۆم نەدرابا تیلەرسن کە ئاگاداری پێشێلکارییەکانی بەغدا و ئازارەکانی گەلی کوردستانە ئایا ئه و بەدیلەی پێشکەش دەکرد؟
میحوەری نامەکەی تیلەرسن دەستووری عێراقە ئه و دەستوورەی پێشێلکراوە و جێبەجێنەکراوە. ئەسڵەن لە بنەڕەتدا شتێک بە ناوی فیدڕاڵی بوونی نەبووە کە بۆی بگەڕێینەوە.
لە 2003 بەولاوە عێراق هەبووە لەگەڵ هەرێم و لە هیچ بەشێکی تری عێراق فیدرالی پیادە نەکراوە. قەوارە سیاسییەکەی کوردستانیش بەر لە 2003 هەبووە ئەگینا بەپێی دەستوورەکەی عێراق با هەرگیز بەرپا نەدەکرا. ئەمە گرفتێکی قووڵی سیاسەتی ئەمەریکایە لە عێراق. ئەمەریکییەکان لە 2005یەوە دەڵێن عێراقی دیموکراتی و فیدڕاڵی. بەڵام لە ئەرزی واقعدا نە دیموکراتە نە فیدڕاڵ و هەرگیزیش نابێت. بۆچی؟ چونکە نە پێکهاتەی سووننە و نە شیعەیش یەک ڕۆژ بڕوایان بەم دوو چەمکە نەبووە.
هەندێ سووننە ئێستایشی لەگەڵ بێت بڕوایان بە حوکمی سانتڕاڵ هەیە. عەرەبە شیعەکان کە بۆیان لوا ببنە زۆرینەی تاهەتایی، تمووحەکانیان لە هەڵکشان دایە و شمشێریان هەڵکێشاوە و کار بۆ فراوانخوازیی شیعەگەری هەتا دەریای ناوەڕاست دەکەن.
سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان زۆر چاک هەموو ئه و ڕاستیانە دەزانن و ئەزموونیان لەگەڵ هەموو تەرزە حوکمێکی عێراقدا هەیە، کە پڕیەتی لە هەڵپەرستی و پەیمانشکێنی و درۆودەلەسە. ئەزموونێکی خەراپیشیان لەگەڵ بەڵێنە ئینشایی و بێ گەرەنتییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەیە و سووریش دەزانن، کە ڕیفراندۆم هەبێ یان نەبێ ڕووی تفەنگەکانی بەغدا لەدوای شەڕی داعش کوردستانە.
خاڵێکی لاوازی نامەکەی تیلەرسن بەستنەوەی ڕیفراندۆمە بە شەڕەکەی حەوێجە. حەوێجە لە لایەن ئەمەریکا لە ڕادەبەدەر قەبە کرابوو و لە عەمەلیش بینیمان کە بە بێ شەڕ گیرا و ڕیفراندۆمەکەی کوردستان نەبووە هۆی بەهێزبوونی داعش یان ئازادنەبوونی حەوێجە.
نامەکەی تیلەرسن زۆر درەنگ وەخت بوو، هیچ کەسێک ئه و ماف و توانایەی نەبوو کە دوای بخات و هەست و ویستی گەل بخاتە نێو یارییەکی سیاسی.
نامەیەکی ئینشایی کە لە وەختی بەدل زایعدا هاتبێت و بێ گەرەنتی بێت و میکانیزم و کەرەستەکانیشی دەیانجار تاقی کرابن شاییستەی ئەوە نییە دەنگی ڕەوای گەلی بۆ بکەی بە قوربانی. نامەکەی تیلەرسن وەک ئەوە وابوو میللەتێک داوای خۆر بکات بەڵام مۆمێکی خامۆشی پێ بدرێت.
14-10-2017