نووسینی: #محەمەد هەریری#
پێشەکی: پەیڕەو ئەنوەر
دیزاینی بەرگ: ئەبوبەکر مەلا
چاپی ئەیلکترۆنی یەکەم: 2017
-مۆتەکە چییە، و مۆتەکەی تورکی بۆ کورد چییە!؟
مۆتەکەی تورکی بۆ کورد وەختە بڵێم هەر لە سەرەتای هاتنی بە لێشاوی ئەو هۆز و خێڵە دڕندانەی تورک بۆ ناوچەکە دەست پێدەکات. هەردەم لەو ناوچەیە سەر ئێشە بوون بۆ میللەتی کورد، لە پێش و لە پاشی ئیسلامبوونیشیان، کە دەکەوێتە پاش ئیسلامبوونی کورد، چونکە ئیسلام بوونی تورک شتێکی ئەوتۆی لە ڕوحی دڕندانەی خێڵە تورکیەکانی ناوەڕاستی ئاسیا و مەنگۆلیا کەم نەکردەوە!
مۆتەکە چییە؟ وبۆ ئەو پەیوەندییەی نێوان تورک و کورد بە مۆتەکە وەسف دەکەین؟!
مۆتەکەی کوردی و کەرابەسان karabasan ی تورکی، کابوسی عەرەبی و نایتمێری Nightmare ئینگلیزی، بە بێ چوونە ناو وردەکاری پێناسەی زانستی، بریتییە لە خەونی خراپ و ناخۆش، کە خەم و نا ئومێدی و دڵەراوکێ وفشار و دڵتەنگی و جاڕسبوون و ناڕەحەتی و ترس و تۆقانی دەروونی و جەستەییشی لێدەکەوێتەوە، دەنیشێتە سەر سینگی خەوتوو وەک بڵێی بیخنکێنێ و لە بزواتن و جوڵە وپەل و پۆی دەخات!
کورد هەموو ئەو نیشانە و ئەعرازانە لە دەست تورک چێشتووە! باسی جاش وخۆفرۆش ناکەم، هیچ کوردێکی دڵسۆز هەیە لە باکوور، ڕادەیەکی زۆریش لە تاکی هوشیاری پارچەکانیتر، کە خەونی خراپ و ناخۆشی تورکی نەدیبێت، و خەم و نا ئومێدی و دڵەڕاوکێ وفشار و دڵتەنگی و جاڕسبوون و ناڕەحەتی و ترس و تۆقانی دەروونی و جەستەییشی نەچێشتبێت لە دەستی تورک؟! بێگومان نییە!
تورک لەوەتی هەن کابوس و مۆتەکەی کوردن! لەوەتی وەک چەند هۆز و خێڵی دڕندەی بەربەری ڕوویان لەناوچەکە کردوە، بەبەردەوامی سەرچاوەیەکی سەرئێشە وپڕ ئازار و ستەم بوون بۆ کورد!
هیچ کوردێکی خەباتگێڕ و خەمخۆری نەتەوەکەی هەیە، هەستی بە مۆتەکەی تورکی نەکردبێت کە ڕۆژانە دەنیشێتە سەر سینگی، هەستی خنکاندنی پێ نە بەخشیبێت لەو مێژوو و جوگرافیا نەفرەتیەی کە کۆی دەکاتەوە لەگەڵ ئەو گەلەی کە نایەوێت واز لەو سیفاتە ناشارستانەی دێرینی جەنگیزخان و هۆلاکۆ بهێنێت؟!
ئەوە مۆتەکە نییە هێشتا گەلێک هەبێت لە جیهان، نەک هەر ڕقی لە ناوی کورد و کوردستان بێت، بەڵکو ناڕەزایی دەربڕێت لە دەربڕینی وشەی کوردستان و توڕە بێت، و لە خاڵی پشکنین و فڕۆکەخانە سزای هەڵگرانی ئەو ناوە بدات؟!
ئەوە مۆتەکە نییە هێشتا گەلیک مابێت لە جیهان، ڕێگا نەدات گەلێکی چل ملیۆنی بە زمانی خۆی بخوێنێت، بە قەد تورکمانی نیو ملیۆنی کوردستان میدیا و مافی فەرهەنگی نەبێت!؟ بۆیە کە سەرۆکی ژوری پارێزەرانی تورکیا لە دیاربەکر، تانەرک ئۆغلو لە ئەردۆگانی پرسی: ئێوە داوا لە وڵاتی گێرمەن (ئەڵمانیا) دەکەن مافی بە تورکی خوێندن بۆ تورکەکانی ئەوێ زامن بکرێت، لە دەزگا ڕەسمیەکانی خوێندن، ئەی بۆ ئەو هەقە بە کورد ڕەوا نابینیت؟...