بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
جەماوەری خۆشەویستی کوردستان
ڕای گشتیی کوردستان و عێراق و جیهان
بە درێژایی مێژوو گەلی کوردستان لەژێر هەڕەشە و زوڵمدا بووە و مافەکانی پێشێل کراوە. لەو مێژووەدا گەلی کوردستان بەرگریی لە ناسنامەی خۆی کردووە و تووشی جینۆساید و کۆمەڵکوژی هاتووە کە دوایینیان پەلاماری دڕندانەی تیرۆریستانی داعش بووە بۆ سەر کوردستان و جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی. لەگەڵ ئەوەیشدا گەلی کوردستان هەمیشە لە ڕوانگەی چارەسەری ئاشتیانەدا هەنگاوی ناوە و هیچ کاتێک شەڕمان نەویستووە، بەڵکو شەڕمان بەسەردا سەپێندراوە و هەموو هەوڵێکمان بۆ چارەسەری ئاشتیانە داوە بۆ مانەوەمان و گەییشتنمان بە ئامانجەکانمان. ئامانجی سەرەکیشمان هەمیشە ئاساییش و مافەکانی گەلی کوردستان بووە.
هاووڵاتیانی خۆشەویست
ئەوەی لە شاری #کەرکووک# ڕووی داوە، دەرئەنجامی بڕیاری تاکلایەنەی چەند کەسێک لەنێو لایەنێکی سیاسیی ناوخۆی کوردستان بوو، کە دواجار بووە هۆی ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەو شێوەیەی کە دیترا پاشەکشە بکەن و لە دەرئەنجامی ئەم پاشەکشەیە، هێڵی تەماسی پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ لە 17ی 10ی 2016 لەنێوان بەغدا و هەولێر بووە بە بنەمای لەیەکگەییشتن لە چۆنییەتیی بڵاوەپێکردنی هێزەکانی عێراقی و هەرێمی کوردستان.
جەماوەری کوردستان دڵنیا دەکەینەوە ئەوەی پێویستە و دەکرێ، لەپێناو پاراستنی دەستکەوتنەکانمان و ئارامی و ئاساییشی خەڵکدا ئەنجامی دەدەین.
ئێستایش داکۆکی لەسەر پاراستنی یەکڕیزی و خۆڕاگریی گەلی کوردستان و هێزە سیاسییەکان دەکەینەوە و، داوایش لە دەزگەکانی ڕاگەیاندن دەکەم بە گشتی لە ڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانی مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی هەستیاری کوردستان و عێراقدا بکەن.
گەلی خۆڕاگری کوردستان، جەماوەری دڵسۆز و خۆبەخشەکان، پێشمەرگە قارەمانەکان، کەسوکاری شەهیدە سەربەرزەکانمان، ئەو خوێنەی ڕۆڵەکانتان لەڕێگەی ئازادیی کوردستان بەخشیویانە و ئیمڕۆش هەر دەبەخشرێ، ئەو دەنگە زوڵاڵە بەرزەی کە بۆ سەربەخۆیی کوردستان خستانەڕوو و گەیاندتانە گشت گەلان و وڵاتانی جیهان، ڕۆژێک لە ڕۆژان بە فیڕۆ ناچێت و بەفیڕۆیش نایدەین.
گەلی کوردستان بە هیمەتی هێز و ڕۆڵە قارەمانەکانی زوو یان درەنگ هەر دەگاتە ئامانجە ڕەوا و پیرۆزەکانی. ئیمڕۆ ڕۆژی باوەڕبوونە بە هێز و یەکڕیزیی گەلەکەمان.
#مەسعود بارزانی#
17-10-2017