بەناوی پەروەردگاری بەخشندە و میهرەبانەوە
ئەی گەلی عێراقی نەبەز ئەی جەماوەری کوردستانیی بەڕێز،
سڵاوی خواتان لێ بێت
لە چەند سەعاتی ڕابردودا پارێزگای کەرکووک و ناوچە جێ ناکۆکەکان ڕوداوی سەربازیی و سیاسییان بەخۆوە بینی، ئەوەش لە دوای جموجۆڵە کتوپڕو نائاساییەکەی هێزە ئەمنییەکانی فیدراڵیی بۆ دوبارە کۆنترۆڵکردنەوەی پێگە ستراتیژییە سەربازیی و پەترۆڵە جاڕەکان و دامەزراوە سەرەکییەکانی پارێزگاکە.. کە پێشتر زۆربەیان بە درێژایی ئەم ساڵانەی دوایی دوای بەرپەرچدانەوە بەرچاوەکەی حوزەیرانی ساڵی 2014 بەروی چەتە تاوانبارەکانی #داعش# لە ژێر چاودێریی هێزەکانی پێشمەرگەدا بون.
ئەو بەرپەرچدانەوە دلێرانەیە ڕێگری کرد لەوەی تێرۆریستان کەرکووک داگیربکەن سەرباری ئەوەی چەند پارێزگایەکی وەک نەینەواو سەلاحەددین و ئەنبار و شاری گرنگ بەتایبەتیی موسڵیشیان داگیرکردبو کە زیاتر لە سێ ساڵ لە ژێر چنگی داگیرکارییاندا بو، تا بەم دواییە بە جوامێریی و قوربانیدانی هێزە چەکدارەکانمان بە هەمو ڕیزەکانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵیی و هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبیی و خۆبەخشە مەدەنییەکان ڕزگارکرا و هەمو هێزەکان بە یەکڕیزیی لە پێناوی ئازادیی و سەربەرزیی بەرەو ڕویان بونەوە و خوێنیان تێکەڵ بە یەک بو لە مەیدانی ڕوبەڕوبونەوەدا لە پێناوی بەرگریکردن لە نیشتمان و هاوڵاتیاندا.
بەردەوام بونی ئەو چاودێرییە ئەمنییەی هێزەکانی پێشمەرگە لە کەرکووک لەگەڵ دەستوردا ناکۆک نەبو بەو پێیەی ئەو هێزانە بەشێکی سەرەکیین لە سیستمی بەرگریی نیشتمانیی عێراق، بۆ داکۆکیکردن لە لە سەروەریی و ئاسایشی وڵات.. لە پاڵ ئەرکە سەرەکییەکانی بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان.
بەڵام #ڕیفراندۆم# بۆ سەربەخۆبونی هەرێمی کوردستان لە عێراق.. ناکۆکیی ترسناکی لێکەوتەوە لە نێوان حکومەتی فیدراڵیی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە نێوان خودی هێزە سیاسییەکانی کوردستانیشدا، ئەمەش وای کرد کە هێزە ئەمنییەکانی فیدراڵیی ڕاستەوخۆ بگەڕێنەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرکووک. ئەوەش بەو مانایە نیە کە گۆڕانکارییەک لە سروشتی دەستوریی ئەرکەکانی هێزی پێشمەرگە ڕوبدات بەو پێیەی بەشێکن لە سیستمی بەرگریی سەربازیی نیشتمانیی عێراق.
بۆیە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە کەرکووک ئاگادار دەکەین ڕێزی دەسەڵاتی قانون و دەوڵەت بگرن.. داوایان لێ دەکەین بگەڕێنەوە سەر کاروبار و ژیانی ئاسایی خۆیان.. لەم بارودۆخەدا دان بەخۆدا بگرن، تەواوی هێزە ئەمنییەکانیشمان ڕادەسپێرین بەهیچ جۆرێک خۆ لەقەرەی ماف و شکۆیی و ڕێزی هیچ کام لە هێزەکانی پێشمەرگەو کارمەندان و دانیشتوانی کورد و هەر هاوڵاتیەکی تر نەدەن لە کەرکووک و کار بکەن بۆ ڕێگرتن لە هەر زیادڕەوییەک و گرتن و ڕەوەدونانی بەرپرسیارانی ئەو ڕەفتارانە هەر کەسێک بێت، پەلەش بکەن لە دابینکردنی سەلامەتیی گەڕانەوەی هەرچی زوتری هاوڵاتییە کەرکووکییەکان بە سەربەرزیی و ئارامیی کە ناچار بون ماڵەکانیان جێ بهێڵن بەهۆی هەڵمەتە سەربازییەکان و ئاسەوارەکانی بارودۆخەکە.
هاوکات پێویستیی زیاترکردنی هەوڵەکان دوپاتدەکەینەوە بۆ ئەوەی لایەنە ناکۆکەکان بگەڕێنەوە بۆ دیالۆگی بەپەلەو دڵسۆزانە لە پێناوی چارەسەرکردنی کێشە سیاسیی و ئیدارییەکانی دوای ئەو ڕوداوانە لەسەر بنەمای پابەند بون بە دستور و قانون کە مافەکانی هەموان بپارێزرێت، وشیارییش نوێ دەکەینەوە لە مەترسییەکانی فەرامۆشکردنی جیاوازییەکان و کەڵەکە بونیان بۆ ناکۆکیی توند و قوڵتر.. ئەوەش بێ جیاوازیی زیان لە هەموان دەدات سەرباری ئاسەوارە وێرانکەرەکانی بۆ ئایندەی هەمو عێراقییەکان.
ئەی گەلی مەزنمان..
لەم بارودۆخەدا کە ڕوانین و بانگەشە و لێکدانەوەکان جیاواز دەبن لە پێگە و لێپرسراوێتیی دەستورییمانەوە زۆر شێلگیرانە گرنگیی پابەند بون بە دەستور دوپات دەکەینەوە وەک بنەمایەک بۆ هەر هەنگاو یان ڕێوشوێنێک کە هەمیشە بە پەرۆشین بۆ زامنکردنی.
ئێمە لە ساتە ناسک و گرنگەکاندا لە ڕابردودا هەوڵی زۆر و بەرچاومان دا لە پێناوی ڕێگە چارەیەک لانی کەم بۆ سوککردن و ڕەواندنەوەی ئەو قەیرانە ترسناکەی کە لە نێوان حکومەتی فیدراڵیی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دروست بو بەهۆی سوربونی دوەمیان و یەک لایەنە ڕیفراندۆمی کرد.. بەوپەڕی هێزەوە ڕوبەڕوی هەمو هەڕەشە و پەلامارێک بوینەوە و پابەند بونی بەهێز و نەگۆڕمان دوپات دەکەینەوە بە خستنە پێشەوەی دەستور و یەکێتیی و سەروەریی عێراق، بانگهێشتی بەپەرۆشمان نوێ دەکینەوە بۆ پێویستیی قوڵکردنەوەی پەیوەندیی برایانەی مێژویی نێوان پێکهاتەکانی گەلەکەمان و کاراکردنی پەیوەندیی خەباتی هاوبەشی نێوان هێزە نیشتمانییەکانی دژی دیکتاتۆریی و تێرۆر.
لە هەرکات زیاتر شێلگیرانەتر بەردەوام دەبین لە پابەند بون بەو پرەنسیب و پێودانگانە و پێویستیی خستنە گەڕی هەوڵ و قوربانیدانی زیاتر لە پێناوی لابردنی مەترسیی و دڕدۆنگیی و گومانەکان.. تا ئەو کاتەی ڕێککەوتن دەکرێت بۆ زامنکردنی ماف و ئازادییە دەستورییەکان لەرێی دیالۆگی ڕاشکاو و بنیاتنەر کە ئەزمونی دیموکراسیی وڵات بپاریزێت و دەستکەوتەکانی کوردو عەرەب و تورکمان و تەواوی عێراقییەکان بێ جیاوازیی پەرەیان پێ بدرێت. لە ڕوانگەی قورسایی ئەرک و لێپرسراێتییە دەستورییەکانمانەوە پێویستیی دەرکردنی قانونی پێویست دوپات دەکەینەوە بۆ بەهێزکردنی سیستمی دیموکراسیی فیدراڵیی و زامنکردنی پیشەیی و ڕونیی ڕۆشنیی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی داهاتو بە پابەند بون بە دەستور و بەو وادانەی کە دیاری دەکرێن. سەرباری پێویستیی پابەند بون بە پرەنسیبەکانی دیالۆگی دیموکراسیی، پاراستنی ژیانی دەستوریی، تێکشکاندنی تێرۆر و خستنە هەورازی بەرژەوەندیی عێراقییەکان لە هەر بەرژەوەندییەکی تر.
لە کاتێکدا بە پێزانینی زۆرەوە بانگەوازەکەی سەماحەتی ئایەتوڵا عوزما سەید عەلی سیستانیی بەرز دەنرخێنین بۆ پابەند بون بە دەستور وەک خۆی و پەنای بۆ ببرێت لە چارەسەرکردنی تەواوی کێشە ناوخۆییەکاندا. هیواداری و دڵنیاشین هەموان ڕەچاوی هەمو ئەوانە دەکەن و پێکەوە هەوڵ بدەن بۆ کاری جدیی و بەردەوام بە ئامانجی دان بەخۆدا گرتن تا کەش و هەوای لەباری دیالۆگ ئاشتی و دیموکراسیی و دەستوریی بڕەخسێت، هەنگاو بۆ پێشەوە بنرێت بەرەو گەشەپێدانی دەستکەوتەکانی سیستمی دیموکراسیی کە یەکێتیی عێراق و سەروەرییەکەی بپارێزێت.
سڵاو بۆ تەواوی شەهیدانی گەلە دلێرەکەمان..
سەرکەوتوبێت ئیرادەی عێراقییەکان لە دەوڵەتێکی دیموکراسیی فیدراڵیی پێشکەوتوی ئارام و ئۆقرەدا.
پەروەردگار عێراق و گەلەکەمان بە هەمو ڕۆڵە و پێکهاتەکانییەوە بپارێزێت..
بە خواتان ئەسپێرم
17-10-2017