وەک چاوەڕوان دەکرا، پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە، بەپێی سیاسەتێکی پیلانگێڕانەی حکوومەتی عێراق بە پشتیوانی و هاوکاری هەردوو دەوڵەتی ئێران وتورکیا، بەرەبەیانی ڕۆژی 16/10/2017 میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزە چەکدارەکانی عێراق پەلاماری شاری کەرکووک و دەوروبەریان داو جارێکی دیکە شاری کەرکووکیان داگیرکردەوەو ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان لەئاسمانی شاری کەرکووک هێنایە خوارەوە.
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، وێڕای بەرزنرخاندنی مقاوەمەت و قوربانیدانی پێشمەرگەو خەڵکی خۆڕاگری شاری کەرکووک، داگیرکردنەوەی شاری کەرکووک و ناوچە کوردستانیەکان لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق لەلایەک و لەلایەکی تر پیلانی تەسلیمکردنی شاری کەرکووک بە توندی ڕیسواو شەرمەزار دەکات، هاوکات بێ لایەنی و بێ دەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەئاست گەلەکۆمەکی هەرسێ دەوڵەتی داگیرکەری عێراق و ئێران وتورکیا، بەچەک و تانکی ئەمریکی هێرش کردنە سەر خەڵکی کوردستان شەرمەزارییە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پێیوایە سەرەڕای گەورەیی پیلانەکە دژ بە ویست و خواستی گەلی کوردستان، بەڵام نەبوونی سیاسەتێکی هاوبەشی کوردستانی، ئەزموونی شکستخواردووی حوکمڕانی و یەکنەخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەگشتی هۆکاری سەرەکی ئەم شکستە سەربازی و سیاسییە پێک دەهێنن، کە لە جیاتی هەنگاونان بەرەو پێشەوە گەلەکەمانی لەگەڵ بێ ئومێدی ڕووبەرووکردۆتەوە. بۆیە دەربازکردنی ئەم قۆناغەو شاندانە بەر بەرپرسیاریەتی تێپەڕاندنی مەترسییەکان، پێویستی بەکێتی و یەکڕیزی گەلەکەمان هەیەو حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان نەفرەت لە لێکترازان و دوو ئیدارەیی و دابەشکردنی هەرێمی کوردستان دەکات.
مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
18-10-2017