ئەمڕۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە عێراق و، بەناوی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیشەوە، دوو بەیاننامەی ڕێگریکردن لە کاری ڕۆژنامەڤانی #تۆڕی میدیایی ڕووداو# و، هەڕەشەکردن لە ڕووداو بڵاوکرانەوە، کە هەردووکیان پێچەوانەی دەستووری عێراق و ئازادی کاری ڕۆژنامەڤانین. هەرچییەک لەو دوو بەیاننامەیەدا هاتووە لەسەر بڵاوکردنەوەی ترس و هاندانی خەڵک بۆ ڕاکردن لە کەرکووک و ناوچەکە، تەواو پێچەوانەکەی ڕاستە. تۆڕی میدیایی ڕووداو کاری خۆی کردووە لە ڕووماڵکردن و گواستنەوەی ئەوەی ڕوودەدات بەشێوەیەکی پیشەییانە. هەروەها هەرچییەک کە لە ڕووداو بڵاوکراوەتەوە بەڤیدیۆ و بەڵگە و زانیاری وردبووە.
بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی گرتنی خەڵک بەبێ فەرمانی دادگا، دەرهێنانی بریندارەکان لە نەخۆشخانەکان و کوشتنیان، ئاگرتێبەردانی ماڵی هاونیشتمانیان، کۆڕەوی هەزاران خەڵک بەهۆی ئەو بارودۆخە و، سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی کورد لەشاری کەرکووک و خورماتوو، بێگومان بەدڵی ئەو دەسەڵاتە نابێت کە ئەو کارانە دەکات، بەڵام ئەوە کاری میدیای پرۆفیشناڵ و ئازادە و یاساکانیش ئەو مافە بە میدیا دەدەن و لەڕووی پیشەییشەوە ئەرکی میدیایە ئەوە بکات.
ئەوەی زیاتریش جێگەی سەرسووڕمانە، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە خۆی لەهەموو ئەو پێشێلکارییانە و دەیان پێشێلکاری دەستووری و یاسایی دیکە بێدەنگکردووە لە ڕۆژی 16/10/2017ەوە، لەسەر بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە ڕووداودا هاتووەتە دەنگ کە دەڵێ وێنەی ئایەتووڵڵا خومەینی ڕێبەری کۆچکردووی شۆڕشی ئیسلامی و وێنەی ئایەتووڵڵا خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە بینایەی پارێزگادا دانەنراوە.
ئێمە بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕادەگەیێنین، ئەگەر ئێوە بەکردەوە ئازادی و ئەمنییەتی خەڵک دەپارێزن و ئەوەندەش بە وردی چاودێری کاری تۆڕی میدیایی ڕووداو دەکەن، بۆچی خۆتان لە هەڕەشەکانی تیرۆرکردنی پەیامنێرانی ڕووداو لە کەرکووک بێدەنگکردووە و، بە ئەرکی یاسایی و ئەمنی خۆتان هەڵناستن.
ئێمە لە دوای ئەو بەیاننامەیەوە پاراستنی گیانی هەموو کارمەندانی تۆڕی میدیایی ڕووداو دەخەینە ئەستۆی ئێوە و، بەپێی دەستوور و بنەماکانی ئازادی و دیموکراسیش پاراستنی گیان و ئازادی کارکردنیان لە ئەستۆی ئێوەدایە، نەک ڕێگریکردن لە کارکردنیان. لەبەرامبەر هەر جۆرە هەوڵدانێکیش بۆ ناوزڕاندنی تۆڕی میدیایی ڕووداویش مافی یاسایی سکاڵا تۆمارکردنی خۆمان لەکاتی پێویستدا دەپارێزین.
هەر لێرەدا داوا لە نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەعێراق UNDP، ڕێکخراوی بەرگریکردن لە ڕۆژنامەڤانان SPJ، فیدراسیۆنی ڕۆژنامەڤانانی جیهان IFJ، ڕۆژنامەڤانانی بێسنوور و هەموو ئەو ڕێکخراوانەی بەرگری لە کاری ڕۆژنامەڤانی دەکەن، هەموو تەلەڤزیۆنە هاوەڵەکانمان دەکەین لە کۆمەڵەی ئەوروپی ئاڵۆگۆڕی هەواڵ ENEX و هەموو دەزگا میدیاییەکانی جیهان، کە لەبەرامبەر ئەو هەڕەشە و ڕێگریانەی لە کاری میدیایی تۆڕی میدیایی ڕووداو و ڕۆژنامەڤانان دەکرێت لە کەرکووک و دەوروبەری، بێنە دەنگ و گوشاربخەنە سەر حکومەتی عێراق بۆ پاراستنی ئازادی کاری ڕۆژنامەڤانی.
تۆڕی میدیایی ڕووداو
18-10-2017