لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا هەندێک لە دەزگا میدیاییەکان بەمەبەست هەواڵێکیان بڵاوکردۆتەوە کە گوایە (38) سەرکردایەتی (ی.ن.ک) ڕەزامەند بوبێتن لەسەر ڕادەست کردنی شاری کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان لە هێزە عێراقییەکان.
بەم ڕونکردنەوەیە دەمانەوێت بۆ ڕای گشتی گەلەکەمان ئەم ڕاستەییەی خوارەوە بخەینە ڕوو:
لە دوای زیادبوونی هەڕەشەکانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر شاری کەرکووک و ڕاگرتنی هێرشە چاوەڕوان کراوەکە، لە هەوڵێکدا دووجار بۆ ماوەی 48 کاتژمێر و جارێکی تر 24 کاتژمێر و دواتر هاتنە ئارای هەوڵەکان بەمەبەستی بەرگرتن لە هێرش کردنە سەر کەرکووک و ناوچەکانی تر لە هەواڵێکی بەرپرسانە و خەمخۆرانەدا ئیرادەیەک و کۆدەنگییەک دروست بوو کە 38 هەڤاڵ هاوڕا بوون و لەماڵی جەنابی کاک کۆسرەت ئەم پرۆژەیە گەڵاڵە کرا و چاپ کرا. وە دوای خوێندنەوەو پێدانی ڕونکردنەوەی ناوەڕۆکی پرۆژەکە هەموان واژۆیان کرد و پەسەند کراو درایە دەستی هەڤاڵ (بافڵ تاڵەبانی) تاوەکو بیخاتە ئەجێندای کۆبوونەوەی هاوبەشی یەکێتی و پارتی لە دوکان کە ئەمە خاڵەکانی پرۆژەکەیە:
1-سەرکردایەتییەکی سەربازی هاوبەش لە سنوری کەرکووک پێک بهێندرێت نوێنەرایەتی هێزەکانی ئەمریکاو پێشمەرگە و سوپای عێراقی تێدابێت. ئەرکی سەرەکیان بریتی دەبێت لە دابین کردنی ئاشتی و ئارامی لەو ناوچانە و بارەگاکەشی لە سەربازگەی کەیوانی شاری کەرکووک بێت.
2-هیچ هێزێکی سەربازی نەهێندرێتە ناوشاری کەرکووک.
3-کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەرێگای دیالۆگ و دەستوورەوە چارەسەر بکرێت.
4-نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا هاوکار و پشتیوان بن بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی سەرەوە
.
ئەم پرۆژەیەی سەرەوە لە کۆبوونەوەی دوکان خرایە بەردەم ئامەدەبووانی کۆبوونەوەکە بەبەشداری جەنابی سەرۆک کۆمار و کاک مەسعود بارزانی، بەڵام بەداخەوە ئەم پرۆژەیەیان بەهەند وەرنەگرت لەکاتێکدا هەریەک لە سەرۆک وەزیرانی عێراق و هاوپەیمانان و ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێ پێیان باش بوو.
ئێمە پێمان وایە ئەگەر ئەم پرۆژەیە پبوڵ بکرایە ئەم هەموو کارەسات و نەهامەتی و خاک لەدەست دانەمان بەسەرنەدەهات.
22-10-2017