لە 16ی ئۆکتۆبەردا، جارێکی دیکە هێزەکانی کوردایەتی کارەساتێکی گەورە و مەترسیداریان ڕوبەروی خەڵکی کوردستان کردەوە. خەڵکیان بە دەستبەستراوی کردەوە بە نێچیری حکومەتی فاشیستی ئیسلامی عێراق و میراتگرانی شۆڤێنیزمی مەزنخوازی عەرەب! پارتی و یەکێتی وەکو دوو حزبی دەسەڵاتدار کەدەستیان بەسەر سامان و داهات و هەموو موقەدەراتی خەڵکی کوردستاندا گرتوە، لە ساتوسەودایەکی ئابڕوبەرانە، لەسەر دەستی گەورە تیرۆریستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قاسم سلێمانیدا، ئایندەو ئیرادەی خەڵکیان بە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی فرۆشت. لەم پێشبڕکێی ساتوسەودا ڕەزیلانەیەدا سیاسەتمەدارانی بنەماڵەی تاڵەبانی پشکی شێریان بەردەکەوێ. دەشیانەوێ ئەم مامەڵە پڕ لە ڕیسواییە بە نرخی گران بە خەڵک بفرۆشنەوە، گوایە بەو کارەیان پێشیان بە کارەسات و کوشتاری خەڵک و پێشمەرگە گرتوە.
مێژووی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و بزووتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانیان، بەردەوام خۆشخزمەتی و داردەستەیی بووە بۆ دەوڵەتان و بلۆکە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و دنیا. هەمیشە فاکتەری وردکردنی ئیرادەی خەلک و بەخشینەوەی خۆشخەیاڵی بوون لەناو خەڵکی کوردستاندا بەرامبەر هێزە کۆنەپەرست و ئیمپریالیستی و دەوڵەتە دژی بەشەریەکانی ناوچەکە. ئەم کردارەیان بە ڕێکەوتنی ژێربەژێر لەگەڵ حکومەتی عەبادی بۆ لەشکرکێشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق وەکو هەمیشە هەڵهاتنی هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی و یەکێتی لەلایەک و سەرمەستی خۆشحاڵی حزبە بورژوازیەکانی نەیاریان بەم تراژیدیایە بەسەر خەلکی کوردستاندا هاتووە بۆ ڕەواییدان بە دژایەتیان لەگەل ڕیفراندۆم و هاتنەمەیدانی خەلکی کوردستان بۆ بریاردان لەسەر چارەنوسی خۆیان، نمونەی ڕیسواترین کارنامەی سیاسی سەرجەم حزبەکانی کوردایەتیە و داعشی کوردیە و بواری هیچ لێبوردنیکی نەهێشتوتەوە. دەبێت کۆتایی بەدەسەڵات و دەوری کۆنەپەرستانەی ئەحزابی قەومی و ئیسلامی بهێنرێت و بەرپرسانی ئەم کارەساتە دادگایی بکرێن. ئەوان سەلماندیان خۆیان و ئەو دەوڵەت و لایەنانەی کە بە دۆستی کورد دەیان ناسێنن، نەک پارێزەی ژیان و ئاسایشی خەڵکی کوردستان نین، بەڵکو هەمیشە هۆکار و سەرچاوەی نەهامەتی و مایەی مەترسی و کارەسات و شکستن بۆ خەلکی کوردستان.
ناسیۆنالیزمی کورد هەمیشە ئاکامی شکستە سەربازی و سیاسی و قەیرانەکانی خۆی بەسەر جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستاندا دەشکێنێتەوە. ئەمجارەش خەریکن ژیان و ئایندەی خەڵک دەکەنە بابەتی مامەڵەی گەرانەوە بۆ بەغداو درێژەدان بە فیدراڵیزمە شکستخواردوەکەیان. خەریکی هەرزان فرۆشکردنی بڕیاری خەڵکی کوردستانن بۆسەربەخۆیی و بەم جۆرەش خۆیان لە قەیرانەکان ڕزگاربکەن و دەسەلاتی میلیشایی و سەرووخەڵکیان درێژەپێبدەن.
لەماوەی 26ساڵ دەسەڵاتی میلیشیایی و بنەماڵەیی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی هەمیشە بەریان بەدەورو دەخالەتی خەڵک گرتووەو فاکتەرێکی کاریگەری سەرکوتی ئیرادەی خەڵک بون. لە دوای کارەسات و هەرەسی 16ی ئۆکتۆبەرو ملکەچکردنیان بۆ بڕیارو سیاسەتەکانی عەبادی و ئێران، خەڵکی کوردستانیان ڕوبەروی دۆخێکی سیاسی تەواو جیاواز و کارەساتبار کردۆتەوە. هاوسەنگی نێوان خەلک و دەسەلاتی حزبە بۆرژوازیە کوردیەکان پێی ناوەتە ناو دۆخێکی تازەو ئاڵۆزەوە. ئەگەر بەرەی سۆسیالیزم و ئازادیخوازی و جەماوەری ناڕازی بە ئامادەییەوە ڕووبەرووی ئەم دۆخە تازەیە نەبنەوە و هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی خەبات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی و خۆشگوزەرانی نەگۆردرێت، ئەوا ناسیۆنالیزم و بۆرژوازی کورد بە گەرانەوە بۆ بەغدا و سەرباری ئەوەی درێژە بە دەسەڵاتی میلیشیایی خۆیان دەدەن، هاوکات چارەنوسی سیاسی خەڵکی کوردستان بە ئایندەیەکی نادیارو پڕ لە کێشەو ململانێ دەسپێرن!
کارەساتی16ی ئۆکتۆبەر بە تەنها شکستێکی تراژیدی نەبوو، بەڵکو حوکمی کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی داسەپاوی بزوتنەوەی کوردایەتی و دامودەزگا کارتۆنیەکانی لە حکومەت و پەرلەمانیش دەرکردوە. گەڕانەوە و پەنا بردن بۆ زیندوکردنەوەی ئەو دەزگا شکستخواردوانەی کە کارنامەیان جگە لە نوقمکردنی خەلکی کوردستان لە نەهامەتی هیچیتر نیە، مانای بودەڵەیی و نا بەرپرسیارێتی ئەو هێزو لایەنانە دەردەخات بەرامبەر ژیان و چارەنوسی خەڵک کە دەیانەوێ بەناوی حکومەتی ڕزگاری نیشتمانی و پەرلەمان و هەڵبژاردن ئەو سیناریۆ تۆز لەسەرنیشتوە بەسەر خەڵکدا بسەپێننەوە. ناکرێ کۆمەڵگەی کوردستان جارێکی دیکە گیرۆدەی دەسەڵاتی میلیشیایی بنەماڵەیی بۆرژوا ناسیۆنالستی کورد بکرێتەوە.ئیتر کاتی هاتنەمەیدانی خەڵکە بۆ بەرێوەبردنی کاروباری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردستان. ئەمەش بەوجۆرە دەکرێ کە جەماوەر خۆی ئامادەبکات بۆدەرپەڕاندنی ئەم حزبانە و لەکارخستنی دەسەڵاتی مشەخۆر و ستەمکار و شەرمهێنەریان. دەبێ ئەوانەی کە ساڵانێکی زۆرە قوتی خەڵک تاڵان دەکەن و دەیکەن بە قوڕگی میلیشیاکان و بەرپرسە چاوچنۆکەکانیاندا و لەکاتی ڕوبەرووبونەوەشدا خەڵکی کوردستان دەخەنە بەر کەڵبەی دوژمنانی ئازادی و شۆڤێنسیتەکانی ئیسلام لە بەغدا، نەک لەسەر کورسی دەسەڵات دانیشن بەڵکو دەبێ لەبەردەم دادگای خەڵکدا بوەستن بۆ لێپێچینەوە. هاوکات خەڵکی کوردستان دەبێ هێزی چەکداری جەماوەری خۆی سازبکات بۆ بەرگری لە شکۆو لە ئازادی خۆی دژی هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی عێراق و میلیشیا دڕندەو خوێنخۆرەکانی لە حەشدی شەعبی و جڕوجانەوەرەکانی دیکە! دەبێ بەجۆرێک ئەو هێزانە هەراسان بکرێن کە ناچار بن ئەو شارانەی بە زەبری چەک و تانک و هەڕەشە و خۆشخزمەتی بەرپرسانی کوردایەتی خستیانەوە ژێر دەسەڵاتی نەگریسیان، بۆ خەڵکەکەی جێبهێڵن و بەرێوەبردنی بکەوێتە دەست ئەنجومەن و شوراکانی کرێکاران و خەڵک کەدەبێ هەر لەئێستاوە هەوڵی پێکهاتنیان بدەین لەسەراسەری کوردستاندا.
ئێستا کاتی ئەوەیە بزووتنەوەیەکی جەماوەری بۆ دەرهینانی دەسەلات و بەریوەبردنی کۆمەلگا لە دەستی ئەم حزبە میلیشیا گەندەل و تاڵانچی و دۆڕاوانە بەرپابکەین. دەستبردنی هەڵسوڕاوانی گەرەک و ناوەندەکان بۆ پێکهینانی کۆمیتەکان و بنکەی ناوندە و گەرەک و سازدانی جەماوەر لە دەوریان، هەنگاوی یەکەمە بۆ ئەوەی لە ئاستی شار و شارۆچکەکاندا بزووتنەوەیەکی جەماوەری سەراسەری یەکانگیر بکەین. هاوکات پێویستە لە دەوری ئەم کۆمیتە و بنکانە دەستە چەکدارەکانی گاردێکی بەهێزی بەرگری لە کوردستان ڕێکبخەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەرەشەکانی حکومەتی شۆفێنست و ئیسلامی بەغدا و هەر هێزێک کە بیەوێ لولەی چەک ئاراستەی خەلکی کوردستان بکات. لە ئێستادا ئەرکی کۆمیتەکانە بۆ سازدانی جەماوەر و بەڕێخستنی ناڕەزایەتی بە شێوەی مانگرتنی گشتی و خۆپیشاندانی جەماوەری بۆ ناچارکردنی حکومەتی شکستخواردوی ئێستا و پەرلەمان و دامودەزگا گەندەل و سەرووخەڵکیەکان بە دەست لەکارکێشانەوە و ڕێگاچۆڵکردن بۆ ئیرادەی جەماوەری ڕێکخراو. کۆمیتەی گەڕەک و ناوەندەکان پێویستە ببن بە ناوکۆکەی بەرپاکردنی کۆبونەوەی گشتی و جەماوەریەکان و بەم جۆرەش بەرپاکردنی شورا و ئەنجومەن و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکان وەکو بەرجەستە بوونی ئیرادەی جەماوەر بۆ بەدەستەوە گرتنی ئیدارە و کاروبار و خزمەتگوزاری لە گەرەک و کارگە و فەرمانگە و شار و شارۆچکەکان...و...ئەرکی هەلسوراوانی کرێکاری و سۆسیالیستی و ئازادیخواز و هەموو ڕێکخراوە و لایەنە سیاسیە ئازادیخواز و بەرگریکارەکان لە ئازادی و ماف و بڕیاری خەڵکە لەم پێناوەدا ڕۆلی خۆیان بگێڕن.
کۆتایی هێنان بەم واقعتە کارەساتبارەی ئێستای کوردستان، ڕزگار بون لەدەسەڵاتی قەوم پەرستی عروبە و ئیسلامی و تائفی و گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆی و خۆشگوزەرانی لە کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەت لە گرەوی هاتنەمەیدانی هێزی ڕێکخراو یەکگرتوی کریکاران و زەحمەتکێشانە بۆ ڕاماڵین وکۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی و دامەزراندنی دەسەڵاتی نوێنەرانی خەڵکە لە شوراکاندا. حزبی کۆمۆنستی کرێکاری کوردستان لە پێناو دەرکێشانی خەڵکی کوردستان لەم گێژاو و سەرگەردانی و کارەساتە بەردەوامانە و لە پێناو کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی میلیشیایی و کۆنەپەرستانە و پیادەکردنی بریاری ڕیفراندۆمی خەلکی کوردستان بۆ جیابونەوە و دامەزراندی دەولەتی سەربەخۆ، لەریزی پێشەوەی خەبات و نارەزایەتیەکانی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشنادا ڕادەوەستێت و تێدەکۆشێت بۆ ڕابەری و ڕێکخستن و بەسەرکەوتن گەیاندنی.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
22-10-2017